کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرکی پارلمانتاری لە لەیلا زانا دەستێندرێتەوە

15:49 - 1 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: بڕیاری ئەستاندنەوەی ئەرکی پارلمانتاری لە لەیلا زانا سەر پارتی دێموکراتی گەلان (HDP) لە پارلمانی تورکیە دەخرێتە بەر باس.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ئاژانسی ئاندۆڵ بڵاوی کردووەتەوە، ئەندامانی تێکەڵاوی لێژنەکانی دەستوور و داد لە پارلمانی تورکیە بڕیاریان دا ئەرکی پارلمانتاری لە نوێنەری ھەدەپە، لەیلا زانا بە ھۆی دەوامنەکردنی وەک پێویست بستێننەوە و ئەو بڕیارەش لە پارلمانی تورکیە دەخرێتە بەر دەنگدان.

ئەو لێژنەیە بە سەرۆکایەتی پارلمانتاری بازنەی ئاک پارتی لە ئیستانبوڵ، مستەفا شەنتۆپ کۆبووەوە و تیایدا تاوتوێی دۆسیەی دەوامنەکردنی لەیلا زانایان کرد کە بەشداری ٢١٢ دانیشتنی پارلمانی نەکردووە.

هەروەها سەرۆکی لێژنەی ئامادەکاریی و پارلمانتاری بازنەی ئاک پارتی له ئانکارا ، موراد ئاڵپارسڵان لەبارەی ئەو ڕاپۆرتەی کە لەسەر لەیلا زانا ئامادە کردووە، زانیاری پێشکەش بە ئەندامانی لێژنەکان کرد.

مستەفا شەنتۆپ رایگەیاند دۆسیەی لەیلا زانا بەھۆی دەوامنەکردنی کراوەتەوە، نەوەک بەھۆی پرسی سوێندخواردنی یاسایی.

لە دوای پێشکەشکردنی گوتەکان لە لایەن پارلمانتاران لە کۆبوونەوەکە، ئەو پارلمانتارانەی لە کۆمسیۆنەکان نین لەگەڵ ڕۆژنامەوانان داوایان لێکرا ھۆڵەکە جێ بهێڵن و دواتر دەنگدان لەسەر ئەو پرسە کرا.

لە دەنگدانەکەدا بە کۆی دەنگ بڕیار درا بە ئەرکی پارلمانتاری لە نوێنەری بازنەی ئاگری ھەدەپە لە لەیلا بستێننەوە.

پێشتریش پارلمانتاری بازنەی وانی ھەدەپە، توبا ھەزەر ئۆزتورک و پارلمانتاری بازنەی شرنەخی ھەدەپە، فەیسەل ساریڵدز بەھۆی دەوامنەکردنیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە پارلمان، دۆسیەکانیان ھاتبووە ڕۆژەڤەوە و پاشان ئەرکی پارلمانتاری ھەردووکیان ھەڵوەشابووەوە.