کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی کوردستان بەردەوامن لە بەجێگەیاندنی ئەرکە نیشتمانییەکانیان

14:56 - 2 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: خەڵکی کوردستان بەردەوام یارمەتی بۆ بوومەلەرزەلێدراونی کرماشان کۆ دەکەنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کوردستانی ڕۆژهەڵات بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە و بە شێوەکەی چڕوپڕتڕ یارمەتی بۆ خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان کۆ دەکەنەوە و بە هانای هاونیشتمانیانی خۆیانەوە دەچن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە خەڵک لە شارەکانی شنۆ، سەقز، سنه، مەهاباد و چەند شاری دیکەی کوردستان و ئێران کانێکس بۆ خەڵکی لێقەوماوی کرماشان ساز دەکەن و بۆیان دەبەن تا لەژێر سەرمای وەرزی سەرمادا سەرپەنایان هەبێت.

بە هۆی هاتنی باران و هەستانی لافاو لە کرماشان دۆخی ژیانی خەڵک زۆر دژوار بووە و ڕێژیمیش هیچ یارمەتییەکی خەڵک نادات.

ڕێژیمی ئێران بە جێگای ئەوەیکە یارمەتی خەڵکی لێقەوماو بدات دەس بەسەر یارمەتییە خەڵکییەکاندا دەگرێت بۆ خۆی دەبات تاکوو دەست‌وپێوەندییەکانی خۆی پێ تەیار بکات.

ئەم هەوڵە نوێ و جێگەی ستایشەی خەڵکی کوردستان لەمەڕ سازکردن و ناردنی کانێکس و سەرپەنا بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان لەکاتێکدایە کە لەڕاستیدا ئەوە ئەرکی حکومەتە کە لەمبارەوە کارئاسانی تەواو بکات بەڵام ڕێژیم بەهۆی کوردبوونی قوربانیانی کارەساتەکەی کرماشان ئامادە نییە تەنانەت بە دانی خێوەتیش سەرپەنایان بۆ دابین بکات.

دۆخی ژیانی لێقەوماوانی کرماشان بەتایبەت لەم وەرزەدا کە وەرزی سەرما و باران و زریانە گەلێک ئەستەمە بەڵام وەک دەبینین ڕێژیم چاوی خۆی لە ئاست ئەم تراژێدیا نووقاندووە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپیی دوایین راپۆرتە فەرمییەکان تەنیا دامەزراوەی بەناو موستەزعەفینی ڕێژیم لە ساڵی ڕابردوودا ٢٨ هەزار میلیارد تمەن داهاتی هەبووە!