کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستیی پێكهێنانی بەرەی كوردستانی لە ئێران

14:03 - 18 رەزبەر 2712

حوسێن نازدار


بەرە پەیمانێكە كە لەودا هێز ‌و لایەنە سیاسییەكان بە شێوەی ئازادانە ‌و دڵخوازانە لە سەر بناغەی بەرژەوەندی هاوبەش بۆ گەیشتن بە یەك یان چەند ئامانجێكی دیاریكراو رێككەوتنێكی هاوبەش لە نێوان خۆیاندا دەبەستن ‌و سەرەڕای پاراستنی شوناسی پێشووی خۆیان شوناسێكی گشتگیری نوێ‌ بە نێوی بەرە پێك دێنن.
لە بارودۆخی ئەمڕۆدا كۆڕ و كۆمەڵ ‌و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پتر لە رابردوو باس لە پێكهێنانی بەرەی كوردستانی ئێران وەك پێویستییەكی سیاسی‌و هەنگاوێكی گرینگ لە رەوتی بزووتنەوەی نەتەوەیی ـ دێموكراتیكی كوردستان دەكەن ‌و لەو باوەڕەدان كە پێكهێنانی بەرە ئەوەندە گرینگ ‌و پڕبایەخە كە ناكرێ‌ ‌و نابێ‌ گیر و گرفت ‌و كۆسپەكان رێگای لێ بگرن.
لەم پێوەندییەدا پێویستە هێز ‌و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران پێداچوونەوە بەو بۆچوون ‌و هەڵوێستانەیاندا بكەنەوە كە لە رابردوودا بوونەتە كۆسپی سەر رێگای پێكهێنانی بەرە و ئازایانە ‌و راشكاوانە ‌و بە نیازپاكی ‌و بە گیانی هەست كردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی ‌و بە پلاتفۆڕم ‌و رێكاری گونجاو و روون ‌و شەفاف ‌و بە وتووێژی بنیاتنەر كاری جیددی بكەن بۆ لێك نزیك كردنەوەی روانگە ‌و بۆچوونە جیاوازەكانیان لە پێناو پێكهێنانی بەرەیەكی فرەچەشن ‌و یەكگرتوو و دێموكراتیك دا.

مەبەست لە پێكهێنانی بەرەی كوردستانی ئێران ئەوەیە كە بۆ گەیشتن بە مافە رەواكانی گەلەكەمان هەموو هێز‌و توانای حیزب ‌و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بخرێتە سەریەك بۆ رووخاندنی كۆماری ئیسلامی ئێران ‌و بەدیهێنانی ئەو بەرنامە‌و ئامانجانەی كە هێز‌و لایەنەكان پێكەوە گەڵاڵەی دەكەن، خەباتێكی هاوبەش ‌و یەكگرتوو و شێلگیرانە بكرێ‌.
ئەوە راستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە بۆ گەیشتن بە بەشێك لە ئامانجەكانی نەتەوەكەمان دەبێ‌ وشیاری ‌و ئیرادە‌و بیر‌و بڕیار و زمان ‌و گوتاری یەكگرتووی سیاسی هەبێ‌ كە پێكهێنان ‌و وەكاركەوتنی بەرەی كوردستانی لەم پێناوەدا كاریگەری گرینگی هەیە، بەرەی كوردستانی دەبێتە دینامیزمی خەباتی یەكگرتووی هێز و لایەنە سیاسییەكان ‌و لەگەڵا پێشوازی خەڵكی كوردستان بەرەوڕوو دەبێ‌، وشیاری نەتەوایەتی ‌و هەستی نیشتمانپەروەری بەهێز دەكات، هیوا و هێز و ورەی خەڵك بەرز دەكاتەوە، بەدبینی سیاسی لە نێو لایەنە سیاسییەكاندا كەمڕەنگ ‌و لاواز دەكات ‌و باوەڕ بەیەكتر كردن ‌و یەكڕیزی لە نێو خەڵك‌و خەباتگێڕاندا پتەوتر دەكات ‌و گەش‏بینی ‌و وتووێژی سەردەمیانە‌و بنیاتنەر دەبێت بە شێوازێكی باش بۆ پێكەوە ژیانی ئاشتیخوازانەی لایەنە سیاسییەكان ‌و خەڵكی كوردستان، لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە یەكڕیزی ‌و یەك هەڵوێستی ‌و ئیرادەی یەكگرتووی سیاسی ‌و بەهێز ‌و سەنگی زیاتر لەگەڵا لایەنە بیانی ‌و ئێرانییەكان وتووێژ و هەڵسوكەوت دەكەن ‌و لە ئاستی نێونەتەوەیشدا قورسایی ‌و ئیعتباری كوردستان ‌و خەباتە رەواكەی بەرچاوتر دەبێ‌ ‌و پێشوازی زیاتری لێدەكرێ‌.
بۆ مان ‌و بەردەوام بوونی كار و تێكۆشانی بەرە پێویستە؛ فرەچەشنی‌و یەكگرتوویی لە ناو بەرەدا پارێزراو بێ‌، سنووری ماف ‌و ئەرك ‌و دەسەڵاتی ئەندامانی بەرە روون ‌و دیاریكراو بێ‌، سەربەخۆیی سیاسی ‌و تەشكیلاتی لایەنە پێكهێنەرەكانی بەرە پارێزراو بێ‌، رێگە لە پاوانخوازی ‌و سەرەڕۆیی هەر ئەندامێكی بەرە بگیرێ‌، هەموو ئەندامانی بەرە تێگەیشتنێكی هاوبەشیان بۆ پیرە و پرۆگرامی بەرە هەبێ‌ ‌و بە كردەوە پێبەندی رێوشوێن ‌و بڕیارەكانی بەرە بن.
بەرەی كوردستانی پێویستە لە سەر بناغەی پڕەنسیپ ‌و بنەما سەرەكییەكانی ئازادی، دێموكراسی، مافی مرۆڤ، مافی نەتەوەكان، دادپەروەری كۆمەڵایەتی ‌و سێكۆلاریزم پێك بێت ‌و لایەنە پێكهێنەرەكانی دەبێ‌ باوەڕی قووڵیان بە پلۆرالیزمی سیاسی ‌و جۆراوجۆری ‌و فرەلایەنی ‌و هەمەڕەنگی ‌و ئازادی رادەربڕین ‌و پێكەوە ژیانی ئاشتیخوازانە ‌و چارەسەركردنی كێشە ‌و گرفتەكان لە رێگای وتووێژی هێمنانە ‌و بنیاتنەر هەبێ‌ ‌و بۆ پراكتیزەكردنی، خەباتی جیددی بكەن.
بەرەی كوردستانی ئێران پێویستە بۆ بارودۆخی دیاریكراو لێكدانەوەی دیاریكراوی هەبێ‌ ‌و خوێندنەوەی دروست ‌و واقعبینانەی بۆ كیشە ‌و پرسە سیاسییەكان ‌و رووداو دیاردە ‌و پێكهاتە جۆراوجۆرەكان هەبێ‌ ‌و لە پێناو دابینكردنی مافە نەتەوایەتییەكانی گەلی كورد لە چوارچێوەی ئێرانێكی دێموكراتیكی فێدراڵدا لە هەموو شێوە رەواكانی خەبات كەڵكی پێویست وەرگرێ.