کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە کرماشان شانۆ بەڕێوە دەبات

16:12 - 2 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کرماشانی بوومەلەرزەلێدراو بە جێگای خزمەت شانۆ بەڕێوە دەبەن و فەخر بە خەڵک‌ دەفرۆشن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە دوای بوومەلەرزەی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی و وێرانبوونی چەندین شار و گوندی پارێزگای کرماشان و گیان لەدەستدانی دەیان هاووڵاتیی کورد بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ئەوەیکە کەمترین خزمەتگوزاری ناکەن، بچووکترین خزمەتگوزارییەکانیان بە دەیان دەزگای میدیایی ڕووماڵ دەکەن و گەورەی پیشان دەدەن.

لەو پێوەندییەدا دوای ئەو بوومەلەرزەیە و وێرانییەکانی و هاتنی شەپۆلێکی باران و لافاو، دۆخی ژیانی هاووڵاتییان دژوارتر بووە و ڕێژیمی ئێران بۆ شاردنەوەی کەم‌کارییەکانی خۆی بە بردنی چەند بەرمیل نەوت بۆ خەڵک و کۆکردنەوەی دەیان میدیا و ڕاگەیاندن هەوڵ دەدات بیروڕای گشتی چەواشە بکات.

ئەوەش لە کاتێک دایە کە بە شایەتی خەڵک و سەرچاوەکانی هەواڵ و تەنانەت نوێنەرانی دەست نیشانکراوی ئەو شارە لە مەجلیس، ڕێژیم خزمەتگوزاری ناکات و هاوکارییەکانی خەڵکیش بۆ خۆی دەبات.

هەروەها هەندێک لە ڕۆژنامەکانی ڕێژیم یەک لەوانە ڕۆژنامەی ابتکار به هۆی ئەوەیکە بەرپرسانی ڕێژیم خزمەتگوزاری لە کرماشان ناکەن و تەنیا سەردانی ئەو شوێنە دەکەن و وێنە دەگرن تیترێکی لەژێر ناوی تور زلزلەگردی لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکانیان بڵاو کردبووە.