کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم دیسان درۆی کرد

15:21 - 4 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران کە دەیهەوێ بارودۆخی ئێران لەوپەڕی باشیدا نیشان بدات لە ڕاپۆرتێكدا رایگەیاندووە ڕێژەی بێکاران کەم بۆتەوە!

مار کە ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران لە سەر بێکاری بۆ ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی بڵاوی کردۆتەوە، لە کۆی حەشیمەتی چالاکی ئابووری لە ئێران، ٣ میلیۆن و ١٥٦ هەزار و ٨٢ کەس بێکارن و ٢٣ میلیۆن و ٨٢٧ هەزار کەس کاریان هەیە؛ واتە ١٨١ هەزار و ٣٣٣ کەس لە رادەی بێکاران کەم بۆتەوە؛ هەر لەو ڕاپۆرتەدا باس لە رێژەی بێکاری لاوانی ١٥ تا ٢٩ ساڵ کراوە کە ٢.٣% کەم بۆتەوە.

بەپێی ئامارێکی دیکە کە ناوەندی ئاماری ڕێژیم لەسەر نرخی هەڵاوسان بڵاوی کردۆتەوە تێیدا هاتووە: نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە تەواوی ئێران، ١٠ % بووە کە بەبەراورد لەگەڵ مانگی پێشوو ٠/٩% زیادی کردووە.
نرخی هەڵاوسانی گشتی(بنەما ساڵی ١٣٩٠) بۆ مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٦ بۆ تەواوی ئێران، ٩.٢٦٨% بووە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو ١.١% زیادی کردووە.

ئەم ئامارانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە کارناسە سەربەخۆ و ناحکومەتییەکان دەڵێن نرخی هەڵاوسان لە ئێران ٥٣%ە نە ١٠%..
ئەو ئامارانەی ڕێژیمی ئێران لەسەر باش نیشاندانی بێکاری و نرخی هەڵاوسان لە حاڵێکدایە کە کەمی بوودجە بەرۆکی ڕێژیمی گرتۆتەوە و چەند ڕۆژ لەمەوپێش دەوڵەتی ڕوحانی ١٦ هەزار و ٧٠٠ میلیارد تمەنی کەمی بوودجەی هێناوە کە لە خەزێنەی وڵاتی هەڵگرتۆتەوە و لە مانگەکانی خاکەلێوە و بانەمەڕدا ١٠ هەزار میلیارد و ١٥ هەزار میلیارد کەمی بوودجەی هەبووە.

خاڵی جێگای سرنج ئەوەیە کە کەمی پەیتاپەیتای بوودجە دەرخەری هەڵکشان و داکشانی پێوەرە ئابوورییەکانە؛ لەوانەش: چوونەسەری نرخی هەڵاوسان، کەم‌بوونەوەی ئاستی سەرمایەدانان، هاتنەخواری نرخی بەرهەم‌هێنان، کەم‌بوونەوەی گەشەی ئابووری، زیادبوونی رانتی ئیتلاعاتی و سیاسی(ئەو کەسانەی سەر بە ڕێژیمن کە دەبێتە هۆی زیادبوونی رادەی ئابووری ژێرزەوینی)، زیادبوونی ڕادە و ڕێژەی بێکاری، زیادبوونی تەمەنی بەرنامە ئاوەدانییەکان کە ئەمانە بارودۆخی ڕاستەقینەی ڕێژیم لە بیاڤی ئابووریدا نیشان دەدەن و دەری‌دەخەن کە ئامارەکانی ڕێژیم سەبارەت بە بارودۆخی ئابووری تەنیا درۆ و دەلەسەن.