کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژەی کوژراوانی شەڕی سووریە بڵاو کرایەوە

16:34 - 4 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: دەفتەری چاوەدێری مافی مرۆفی سووریە لە لەندەن، رایگەیاندووە کە بەپێی دوایین ئامارەکان لە سەرەتای مانگی مارسی ٢٠١١ تا ئێستا ٣٤٣ هەزار و ٥١١ کەس لە سووریە کوژراون کە ١٠٢ هەزار کەسیان خەڵکی سڤیل بوون.


ئەو ناوەندە، ئاماری منداڵە کوژراوەکانی بە ١٩ هەزار کەس و ژنانیش ١٢ هەزار کەس مەزندە کردووە.

رامی عبدالرحمن، بەرپرسی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە وتوویەتی، ئەگەرچی ناوچەی سەوز لە سووریە ببووە هۆکارێک تا رێژەی کوژرانی خەڵکی سفیل کەمتر ببێتەوە بەڵام هێرشی داعش و شەڕ دژی ئەو رێکخراوە بووەتە هۆی بەرز بوونەوەی رێژەی کوژراوان لە سەرتاسەری خاکی سووریەدا.

ئەگەرچی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە هیچ راپۆرتێکی لەسەر کوژراوانی هێزەکانی ئێرانی کە بۆ بەرگری لە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە لایەن سپای پاسدارانەوە بۆ ئەو ولاتە بەرێ کراون، بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام ساڵی پیشوو هەر بە وتەی خودی بەرپرسی بونیاد شەهیدی ئێران هەزاران کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران لە سووریەدا کوژراون.