کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بازاڕەکانی عێراق و سووریەی لە دەست دا

15:28 - 5 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: عێراق و سووریە تەعرەفەیان لەسەر کاڵا ئێرانییەکان زیاد کرد.

بەپێی هەواڵێک کە لە هەواڵدرییەکانی ڕێژیم لە ڕۆژی شەممە ٤ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، بڵاو بووەتەوە مووسا شەمس مەولەوی، سەرۆکی هەیئەتی بەڕێوەبەری پیشەیی کۆنسانترە و ئاومیوەی ئێران، ڕایگەیاندووە: وڵاتی عێراق تەعرەفەی لەسەر کاڵا ئێرانییەکان لە بواری کۆنسانترە و ئاومیوە لە ٣٠% بۆ ١٣٠% زیاد کردووە و پێشبینی کرد کە تا کۆتایی ساڵی ١٣٩٦ ئاستی هەناردەکان بۆ وڵاتی عێراق لەو بارەوە ٣٠% تا ٤٠% کەم دەبێتەوە و هۆکاری کەم بوونەوەی هەناردەشی بۆ زیاد کردنی ئاستی تەعرەفەکان گەڕاندەوە.

هەر لەو بارەوە ڕۆژێک پێش لێدوانی مەولەوی، حوسێن سەلاحوەرزی، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ڕێژیم وتبووی: لە حەوتووی ڕابردوودا وڵاتی عێراق تەعرەفەی شیرەمەنی لە ٥% بۆ ٢٥% زیاد کردووە؛ شیرەمەنی ٧٥%ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە خۆ دەگرێت.

ئەوە لە حاڵێک دایە کە ڕێژیمی ئێران سەرەڕای دەستێوەردانە نیزامی و سیاسییەکانی و پشتیوانیی ماڵی و دارایی لە وڵاتانی سووریە و عێراق بازاڕی هەناردەی لەو وڵاتانە لە دەست داوە؛ وڵاتی سووریەش لە ماوەی پێشوو ئاستی هاوردەی لە تورکیەوە چەند قات زیاد کردووە؛ وڵاتی سووریە و عێراق پێگەی هەناردەیان لە ئێرانەوە بۆ تورکیە گۆڕیوە.

هێندێک لە کارناسانی ئابووریی لەو بڕوایە دان کە سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیم لە ئاستی سیاسی و نیزامی و دیپلۆماسیی، جێگایان بۆ تورکیە کردووەتەوە.