کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆف و سەرما تەنگی بە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو هەڵچنیوە

15:30 - 5 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە بەفر و بۆران لە ١٠ پارێزگای ئێراندا، ژیانی ئاسایی خەڵکی تووشی کێشە کردووە، بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان دەبێ لەگەڵ سەرمای ژێر ١٠ دەرەجە بەبێ ئامێری گەرمکەرەوە و سەرپەنا لە دەستەویەخەدا بن.

دۆخی نالەباری ژیانی لێقەوماوانی کورد لە پارێزگای کرماشان بە هاتنی وەرزی سەرما و بارینی باران و بەفر و دەسپیکی زریان و ڕەشەبا هێندەی دیکە سەخت و دژوار بووە بەچەشنێک کە بەشێک لەو خەڵکە لێقەوماوە ئێستا ئاوات بۆ مەرگ دەخوازن.

هەواڵدەریی حکومەتی مێهر لە ڕاپۆرتێکدا لەمبارەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی ئەم شەپۆلی سەرما و نەبوونی سەرپەنا، چەند ڕۆژ پێش ئێستا ژنێکی بەتەمەن گورچیلەکانی لەدەستداوە و لە سەرمادا ڕەق هەڵات و گیانی لەدەستدا.

بەپێی دوایین ڕاپۆرت و هەواڵە پێوەندیدارەکانیش منداڵانی ئەو ناوچانە زۆرترین خەساریان وەبەر کەوتووە؛ یەکێک لە تەوەرەکانی تراژێدیای کرماشان بریتییە لە بەتەنیا مانەوەی زیاتر لە ٢٠ منداڵی خوار ١٠ ساڵ کە ڕوون نییە چارەنووسیان بەو ناسیاوییەی کە لە دەوڵەت و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەیە چی لێ دێت.

هەواڵدەریی مێهر لە زاری منداڵێکی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان بەناوی ئەهوراوە بڵاوی کردۆتەوە کە لە ئێستادا گەورەترین ئاواتی هەبوونی ٣ پەتووە تاکوو بتوانێ بەخۆیدا بدات و لەشی کەنفتی گەرم ببێتەوە!
خەڵکی ئەو ناوچانەی کە تووشی کارەساتەکەی ٢١ی خەزەڵوەر هاتن لەوپەڕی بێدەرەتانیدا هانا بۆ هاونیشتمانییانیان لە شارەکانی دیکەی کوردستان دەبەن و ڕادەگەیەنن کە ڕێژیم ئامادە نییە هیچ چەشنە هاوکارییەکی ئەم گەلە بکات ئەمەش تەنیا بەتاوانی کوردبوونیانەوە.

ئەم دۆخە تراژیکە لە کاتێکدا دیتە ئاراوە کە تەنیا ٢٤ کاتژمێر پاش ئازادکردنی شاری بووکەماڵی سوریە، کۆماری ئیسلامی یەکەمین فڕۆکەی هاوکارییەکانی خۆی ڕەوانی ئەم شارەی سوریە کرد؛ ئەمەش لە حاڵێکدایە کە پاش تێپەڕینی نیزیک بە دو حەوتوو بە سەر کارەساتەکەی کرماشان هێشتا بەشێکی بەرچاو لە لێقەوماوانی کرماشان خزمەتگوزارییان بۆ رەوانە نەکراوە.

کیهان لندن لەمبارەوە ئاشکرای کردووە ڕێژیم لە هەوڵێکی گاڵتەئامێز لەباتی دانی کانێکس وەک سەرپەنا لە وەرزی سەرما، هەندێک خێوەتی پلاستیکی لەژێر ناوی ئامێری گەرمکەرەوە داوەتە لێقەوماوان.

ناردنی ئەم بەناو ئامێرانە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، هوشەنگ بازوەند پارێزگاری کرماشان گووتبووی: ١٤ هەزار کانێکس بۆ لێقەوماوان دەنێردرێ بەڵام پاش تێپەڕینی ٥ ڕۆژ هێشتا ئەو کانێکسانە نەگەیشتووەتە دەس خەڵک؛ هەلبەت ڕەنگە مەبەستی ئەم بەرپرسە حکومەتییە ناردنی بۆ لێقەوماوانی بووکەماڵ بووبێت و خەڵک لەخۆڕا دلیان پێی خۆش کردبێت!

هەنووکە ئەو کەسانەی کە لەنێو خێوەتە تەفریحی و پلاستیکییەکاندا دەژین ناچارن بۆ گەرم‌کردنەوەی نێو خێوەتەکانیان و ڕێگری کردن لە زیاتر نەخۆش کەوتنی منداڵەکانیان پیک‌نیک دابگیرسێن کە بەم هۆیەوە تا ئێستا چەند خێوەتیش سووتاون و لەنێوچون.