کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕیادێک بۆ قوربانییانی کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان

15:53 - 5 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: کۆڕیادێک بۆ قوربانییانی کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کانا‌دا بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی بەرامبەر لەگەڵ ١٩ی نوامبری ۲۰۱۷ له‌ شاری سانت کاترین به‌ به‌شداری سەدان کەس لە دانیشتوانی ئەم دەڤەرە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران و نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و بنەماڵەی قوربانییانی ئەم کارەساتە سروشتییە کۆڕیادێک بەڕێوەچوو.

ئەو کۆڕە سەرەتا بە ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ یادی گیانبەخت کردووان و قوربانیانی کارەساتی بوومەلەرزەکەی ٢١ی خەزەڵوەری٩٦ی هەتاویی کرماشان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامێک لە لایەن کەماڵ پاڵانی بە نوێنەرایەتی لە بنەماڵەی کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان پێشکەش کرا؛ ناوبراو سپاسی هاوخەمی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و بەشداربووانی کۆریادەکە بە تایبەتی کرد و داوای یارمەتی بۆ لێقەوماوان کرد.

پاشان په‌یامیک به‌ نۆێنه‌رایه‌تی حدکا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کانادا له‌ لایه‌ن دکتۆر ڕۆژان ئاشتاب، بەرپرسی تەشکیلاتی ئەم کۆمیتەیە، پێشکه‌ش کرا؛ دوکتور ئاشتاب وێڕای ناردنی په‌یامی سه‌رەخۆشی بۆ خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، سەلاسی باوەجانی، قەسری شیرین و هەموو بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان هیوای گەڕانەوەی تەندروستی خێرای بۆ بریندارانی ئەم کارەساتەی کرد.

ناوبراو لە درێژەدا وتی تا ئێستا زیاتر لە سەدان کەس گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە هەزاران کەس بریندار بوون و کۆماری ئیسلامی لەمبارەوە ئاماری درووستی نەداوەتە دەر و ڕێگری لە چوونی ڕێکخراوە جیهانییە خێرخوازیەکان و هەواڵنێران بۆ پارێزگای کرماشان دەکات، ته‌نیا هاووڵاتیانی کوردستان به‌ پا‌نتایی پارێزگاکانی ورمێ، سنه‌، ئیلام ، کرماشان و لۆڕستان خۆبه‌‌خشانه‌ یارمه‌تی خه‌ڵکی لێقه‌وماوی داوه‌ و زۆرسۆپاسی هه‌ستی مرۆڤ دوستی و نیشتمانیپه‌روه‌ری خەڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی کرد. هه‌رواها سوپاسی کۆمیته‌ی حیزبی دێموکراتی لە سانت کاترینی کرد بو ماندوو بوون وئاماده‌کاری ئه‌م کۆریاده‌.

لە درێژه‌ی ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا په‌یامی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ئامریکای باکوور لە لایه‌ن دلشاد خزرییەوە پێشکه‌ش کرا.

جێگای ئاماژەیە کە هەر لەو شوێنە و کاتە پڕسە و سەرەخۆشی کاک نوزاد مورادی بوو کە لە ڕۆژی چوارشەممە ۱٥ی نوامبڕ کۆچی دوایی کرد. کاک نەوزاد لە بنەمالەیەکی حیزبی دا پەروەردە بوو و حەزی زۆری لە کوردستان و حیزبی دێموکرات دەکرد. کاک یاوەر مورادی باوکی بەرێزیان ئەندامی بە ئەمەگی حدکا لە ڕۆژهەڵاتی کانەدایە. بەم بۆنەیەوە بەشداربووان هاوخەمی خۆیان لە گەڵ بنەماڵەی مورادی دەربڕی و شاندێکی حیزبی پێش لە کۆریادەکەدا تاجەگوڵی ڕێزڵێنیانیان لە سەر گڵکۆی کاک نەوزاد دانا.