کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی سپای پاسدارانی ڕێژیم، هەڕەشەی لە ئورووپا کرد

16:08 - 5 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: جێگری فەرماندەی سپای پاسداران، هەڕەشەی لە ئورووپا کرد و وتی: کە ئەگەر دەستێوەردان لە کاروباری مووشەکی ئێران بکەن، مەودای هاویشتنی مووشەکەکان زیاد دەکەین.

حوسێن سەلامی جێگری فەرماندەی سپای پاسداران، لە بەرنامەیەکی تەلفزیوونی ڕایگەیاندووە: هەتا ئێستە ئورووپامان بە هەڕەشە نەزانیوە، بۆیەش مەودای هاویشتنی مووشەکەکانمان زیاد نەکردووە، بەڵام ئەگەر ئورووپایش ببێتە هەڕەشە لە سەرمان، مەودای هاویشتنی مووشەکەکان هەتا ئورووپا زیاد دەکەین.

پاسدار حوسێن سەلامی، هەروەها هوشداری بە ئورووپا داوە، کە لە کاروباری مووشەکی ئێران دەستێوەردان نەکەن و پێیان ڕادەگەیەنین کە هەتا ئەمڕۆش مەودای هاویشتنی مووشەکەکانمان ٢هەزار کیلومێترە و ئەمەش لە ناتوانی فەنی سپای پاسداران نییە، بەڵکوو هەتا ئەو شوێنەی که هەڕەشەمان لەسەر بێت مووشەکەکانمان دەڕۆن.

هەروەها پاسدار سەلامی ئاماژەی بەوە کردووە، که مەودای هاویشتنی مووشەکەکانمان، کە هەمووی بە دەستی خۆمان ساز کراون، بەپێی سیاسەتەکانی ڕێبەری ئێران دیاری کراوە.

ئامریکا زۆر جار سەبارەت به بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕەخنەی گرتووه و هوشداری داوە کە تاقیکاری مووشەکیی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمنییەتی جیهان و وڵاتە ئورووپاییەکانیش لەگەڵ ئامریکا هاوڕا بوون.

وڵاتە ئورووپاییەکانیش بەتایبەت فەڕانسە بە بەردەوامی نیگەرانیی خۆیان لە هەمبەر بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێرانی ڕاگەیاندووە.

بە تەرخان کردنی بوودجەی تایبەت بە سپای پاسداران و گەندەڵییەکانی ئەم ڕێکخراوە و بە دەستەوە گرتنی سیستمی ئابووریی ئێران، پەرە بە بەرنامه مووشەکییەکان و کڕینی چەکی قورس دەدات و به تاقی کردنیان هەڕەشە لە ئەمنییەتی جیهان دەکەن.

هەروەها ڕێژیمی ئێران، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش به پاڵپشتی کردن له گرووپە تێرۆریستییەکان و پڕچەک کردنیان، هەوڵ دەدات هێژمۆنی و دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکە پەرە پێ بدات.

لە ئەمساڵدا سپای پاسداران لە ناوچەکە دوو جار مووشەکی بالستیکی بە کار هێناوە، یەکەم جار چەند مووشەکی بالستیکی لە ئێرانەوە بەرەو سووریە و لە مانگی ڕابردوویشدا لە لایەن حووسییەکانی یەمەن مووشەکی بالستیکیان بەرەو عەرەبستان هاویشتووە.