کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیران‌سازی کۆمەڵگا کێشەکانی کۆمەڵگا چارەسەر دەکات

20:31 - 5 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسدرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە که ئەو ڕێکخراوە وێڕای بەسیجی ڕێژیم، ئامادەیە کێشەکانی کۆمەڵگا چارەسەر بکات.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردووەتەوە کە پاسدار محەممەد عەلی جەعفەری فەرماندەی ڕێکخراوی سپای ڕێژیم لە کۆبوونەوەی بەسیجییەکان باسی لەوە کردووە سپا و بەسیج ئامادەن تا کێشەکانی کۆمەڵگا چارەسەر بکەن.

ئەو بەرپرسە نیزامییەی ڕێژیمی ئێران هەروەها گوتوویەتی ئێمە لە هەموو بوارەکاندا ئامادەین تا کێشە و گرفتی کۆمەڵگا چارەسەر بکەین و ئەوەش نێعمەتی خودایە کە دەبێ بەرپرسان قەدری بزانن.

ناوبراو هەروەها باسی لەوەش کرد کە ئیستا حەشدی شەعبی و حیزبوڵڵای لوبنان دژی نظامی سلطه شەڕ دەکەن و دەبێ ئەوەش بزانین کە شەڕی ئێمە شەڕی عقیدەـیە.

ئەو پاسدارەی ڕێژیم هەروەها گوتویەتی، بەسیج هەمیشە بە شێوەیەکی سازماندراو و بەرنامەداڕێژراو بۆ چارەسەری کێشەکان کار دەکات کە نموونەی ڕوونی کاری بەسیج لە بوومەلەرزەی کرماشان‌دا خۆی دەرخست کە ئەگەر سپا و بەسیج نەبان دیار نەبوو لە کرماشان چ ڕووی دەدا.

قسەکانی ئەو فەرماندەیەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە کاتێک دایە سپای پاسداران خۆی کێشە و گرفتی سەرەکی کۆمەڵگا و قەیرانی ناوچەکەیە. هەروەها ڕێکخراوی سپا خۆی کێشە و گرفتی قووڵی نێوخۆیی هەیە و ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیه سەرقاڵی ئاژاوەنانەوە و شەڕ و کوشتار لە ناوچەکەدان.

هەروەها لەبارەی یارمەتی ڕێکخراوی سپا و بەسیج بە خەڵک بە تایبەت لە کاتی قەیرانەکان و لە کوردستان‌دا هیچ بنەمایەکی نیە و لە بووومەلەرزەی کرماشان دەرکەوت کە ئەو ڕێژیمە و ڕێکخراوی سپا نە تەنیا هیچ یارمەتییەک بە خەڵک نادەن بەڵکوو یارمەتییەکانیش بۆ خۆیان دەبەن.