کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پارە لە بوومەلەرزەلێدراوان وەر دەگرێت

14:40 - 6 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: ژیان و گوزەرانی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان لەژێر دەسەڵاتی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێراندا قەیرانیتر دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دۆخی ژیانی بوومەلەرزەلێدراونی کرماشان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دژوارتر دەبێت و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمەش هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی کێشەکان هەڵناگرن، بەڵکوو زیاتر پەرە بە کێشە و گرفتی خەڵکی کرماشان دەدەن.

لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییانی کرماشان باسیان لەوە کردووە، کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ دانەوەی تەرمی قوربانیانی بوومەلەرزەکە بە بنەماڵەکانیان بڕی ٣٥٠ هەزار تمەن، بۆ شوشتن ٢٥٠ هەزار تمەن و هەروەها بۆ کفن کردن ١٠٠ هەزار تمەن وەر دەگرن، کە سەرجەم ٦٠٠هەزار تمەن دەکات.

دابین‌ نەکردنی ئیمکانات، نەبوونی خزمەتگوزاری، دزینی یارمەتییەکانی خەڵک لە لایەن ڕێکخراوی سپاوە، بەشێکە له قەیرانەکانی خەڵکی کرماشان و ئەوەش لە کاتێک دایە کە ڕێژیم لێدوانی چەواشەکارانە دەدات.

ڕۆژی ڕابردووش پاسدار جەعفەری فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەسیجییەکانی ڕێژیم باسی لەوە کردبوو، کە ئەگەر سپا و بەسیج نەبان، چارەنووسی خەڵکی کرماشان زۆر خراپتر دەبوو.

خەڵکی لێقەوماوی کرماشان بەردەوام داوای هاوکاری دەکەن، کە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە بایەخی پێ نادرێت و تەنات پێش لە یارمەتییەکان خەڵک دەگرن کە بە دەستیان بگات.

یارمەتی کردنی ڕێکخراوی سپا و بەسیج بە خەڵک بەتایبەت لە کاتی قەیرانییەکاندا لە کوردستان هیچ بنەمایەکی نییە و تەنیا بۆ ڕاو و ڕووت کردنی خەڵک ڕوو لە شوێنە قەیرانییەکان دەکەن.