کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٠ وڵاتی موسوڵمان؛ لەدژی تێرۆریزم دەوەستێنەوە

14:42 - 6 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: بە دروشمی بەرەیەک دژ بە تێرۆریزم، ٤٠ وڵاتی موسوڵمان ڕێککەوتن تاکوو پێکەوە لەدژی تێرۆریزم ڕابوەستن.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی نۆوامبر شاری ڕیازی عەرەبستان میوانداری نوێنەرانی ٤٠ وڵاتی جیهانی ئیسلام بوو تاکوو پێکەوە لەسەر شێوازێکی تۆکمە لەمەڕ وەستاندنەوە بەرامبەر بە تێرۆریزم ڕێک‌بکەون.

لەم دانیشتنەدا نوێنەرانی ئەمنیەتی و سەربازی کە کۆی وڵاتانی موسوڵمان جگە لە ئێران و سوریە و عێراق بەشدار بوون، باس لە ستراتێژی گشتی ئەم بەرە، ڕێکارە گونجاوەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپڕاسیۆنەکان، چالاکی و گەڵاڵەکانی دواتر سەبارەت بە خەبات لەدژی تێرۆریزم و هەولدان بۆ ناساندن و وشک‌کردنی سەرچاوە ماڵییەکانی تێرۆریزم هاتنە ئاراوە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان لەم دانیشتنەدا وڵاتانی بەشدار لەسەر دوو خاڵی سەرەکی پێداگر بوون: یەکەم هەوڵدان بۆ دەرخستنی رواڵەتی ڕاستەقینەی ئیسلام و ئیزن نەدان بۆ خەوشدارکردنی لە ڕێگەی تێرۆریزمەوە، دووهەم هەوڵدان بۆ وەڕێخستنی ئاشتی و ئاسایش لە ئاستی جیهانی.

هەنووکە کۆماری ئیسلامی کە بە سەرەکیترین پاڵپشتی تێرۆریزم لە ئاستی ناوچە و جیهان دەناسرێ بووەتە چەقی بابەت و باسەکان لەم چەشنە کۆڕە نێونەتەوەییانە.

سەرکردایەتی ئەم بەرە سەربازییە لە ئەستۆی راحیل شەریف ژنڕاڵی خانەنشین‌کراوی پاکستانییە کە لە ساڵی ٢٠١٥ بەشێوەی فەرمی بەسەرۆکایەتی محەممەد بێن سەلمان، کە ئەو کاتە وەزیری بەرگری عەرەبستان بوو، دامەزرا.

محەممەد بێن سەلمان چەند ڕۆژ پێش ئێستا لە وتووێژێکدا لەگەڵ نیۆیۆرک‌تایمز عەلی خامنەیی وەک هیتلێری نوێی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ناوزەد کردبوو.