کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆڕانی زۆرەملێی زۆرانبازی ئێرانی لە لایەن بەڕێوبەرانی تیمەکە

14:57 - 6 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: بەڕێوەبەرانی تیمی زۆرانبازی ئومیدی ئێران، یەکێک لە زۆرانبازەکانیان ناچار کرد، بدۆڕێنێ.

لە کێبڕکێی ئومیدەکانی جیهان، کە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٥ی سەرماوەز، لە وڵاتی لەهستان بەڕێوە چوو، بەڕێوەبەرانی تیمی زۆرانی ئێران، لەبەر ئەوەی عەلیڕەزا کەریمی لەگەڵ زۆرانبازی ئیسرائیلی زۆران نەگرێت، ناچاریان کرد به زۆرانبازی ڕووسیەیی بدۆڕێنێت.

بەڕێوەبەرانی تیمی ئێران به هەڵه حیسابیان کردبوو، که عەلیڕەزا کەریمی پاش سەرکەوتن بەسەر زۆرانبازی ڕووسیەیی لەگەڵ ئیسرائیل دەکەوێت، لە حاڵێکدا که زۆرانبازی ڕووسیەیی لە بەرانبەر ڕکابەرە ئیسرائیلیەکەی پیرۆز دەبێت و دەڕواتە بەشی کۆتایی و فیناڵی ئەو کێبڕکێیە.

لە لایەکی دیکەشەوە که عەلیڕەزا کەریمی به زۆری بەڕێوەبەران دۆڕاندی، بۆ بەدەست هێنانی میداڵی بۆرۆنز دەبوو لەگەڵ ڕکابەرە ئیسرائیلیەکەی زۆرانی گرتبا، بۆیە عەلیڕەزا کەریمی له کێبڕکێیەکە بەشداری نەکرد و هیچ پلەیەکی به دەست نەهێنا.

عەلیڕەزا کەریمی به هۆی هەڵەی بەڕێوەبەرانی تیمەکەی و گوشارهێنان بۆ ئەوەیکە بە زۆرانبازی ڕووسیەیی بدۆڕێت و زۆران نەگرتن لەگەڵ زۆرانبازی ئیسرائیلی، دەرفەتی گەیشتن بە پلەی قارەمانییەتی لە دەست دا.

جێگەی ئاماژەیە کە لە کاتی زۆران گرتنی عەلیڕەزا کەریمی، بەڕێوەبەرانی تیمەکە بە سەر ئەم وەرزشوانە هاوار دەکەن که بیدۆڕێنه، فیلمی ئەم هات و هاوارە لە دنیای مەجازی بڵاو بووەتەوە و خەڵکیش لە هەمبەر بەڕێوەبەرانی تیمی زۆرانی ئێران دژکردەوەیان دەربڕیوە.

هەروەها عەلیڕەزا کەریمی، لە ئینستاگرامی خۆی، چەند کاتژمێرێک دوای ئەو ڕووداوە پۆستێکی داناوە و باسی لەوە کردووه: که بێدەنگ بی باشترە، چونکە کەس مافمان نادات.