کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکارییە خەڵکییەکان بۆ لێقەوماوانی کرماشان بەردەوامە

15:03 - 6 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: لە ڕاستای یارمەتی‌گەیاندنی زیاتر بە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی پارێزگای کرماشان، چەند چالاکییەکی جێگەی سەرنجی دیکەش هاتنە ئاراوە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ سۆهەیلا مەنسوریان قارەمانی ووشۆی ئێران بەمەبەستی یارمەتی گەیاندن بە خەلکی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان، سەردانی ئەو ناوچانەی کردووە و لەوێدا گەرمکۆنی کێبڕکێ جیهانییەکانی ووشۆی پێشکەش کردووە بە منداڵانی ئەم ناوچانە.

چەند ڕۆژ پێش ئێستاش شەهلا بێهرووزی‌ڕاد وەرزشوانی کرماشانی کە توانیبووی لە کێبڕکێکانی تایلەنددا میداڵی زێوی ئاسیا وەدەست بێنێت، میداڵەکەی خۆی پیشکەش بە لێقەوماوانی کرماشان کردبوو.

هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەکی هەژێنەر بلاو کراوەتەوە کە تێیدا منداڵێکی کەم تەمەن پیشان دراوە کە بەشێک لە یارییە منداڵانەکانی خۆی بۆ فرۆشتن داناوە و لە پارچە کاغەزێکدا نووسیویەتی: من یارییەکانم دەفرۆشم تاکوو بە پارەکەی یارمەتی منداڵانی بوومەلەرزەلێدراو بدەم.

ئەم چالاکییە ئینسانییانە لە کاتێکدا دێنە ئاراوە کە بەپیی دوایین ڕاپۆرتەکان سەرانی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا ئامادە نین یارمەتی بە لێقەوماوان بدەن بەڵکوو دەست بەسەر یارمەتییە خەڵکییەکاندا دەگرن و ڕەوانەی شوێنی دیکەی وەک بووکەماڵی سوریەی دەکەن.

نەبوونی خزمەتگوزاری و جێبەجێ نەکردنی ئەرکی پیوەندیدار بە لێقەوماوان لەلایەن کاربەدەستانەوە وای کردووە کە خەڵکی بەڵالێدراو و وەزاڵەهاتووی کرماشان بێ هیچ ترسێک باس لە چییەتی ڕێژیم و دەست‌وپێوەندییەکانیان بکەن.