کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قسە نەستەقەکانی خامنەیی!

15:25 - 6 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە جیاتی پێڕاگەیشتن بە کاروبارە سەرەکی و گرینگەکانی کۆمەڵگا، خۆی بە هێندێ کاری لاوەکی سەرقاڵ کردووە و خەڵکی ئێران بەرەو کۆنەپەرەستی هان دەدات.

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بۆچوونی خۆی بە ناوی دینەوە سەبارەت بە پەسەند کردنی پۆست لە لایەن ڕەگەزی بەرانبەر دەربڕی و ڕایگەیاندووە، بۆ حەڵاڵ بوونی ئەم کارە دەبێت بە شێوەی مەجازی ئەو دوو کەسە ڕێوڕەسمی مارەبڕین بەڕێوە ببەن.

خامنەیی لەم بارەوە وتوویەتی: مارەبڕینەکە دەبێت بخوێنرێتەوە، تەنیا بە نووسین جێبەجێ نابێت، بۆ ئەوەی پەسەند کردنی پۆستەکانی دوو ڕەگەزی جیاواز حەڵاڵ بێت و بۆ ئەم کارە دەبێت مارەبڕینەکە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە و بە ڕەچاو کردنی مەرجەکانی ئەنجام بدرێت.

هەروەها ناوبراو باسی لەوە کردووە، کە بۆ ئەم کارە پێویست ناکات لایەنی بەرانبەرت بناسیت، بەڵکوو تەنیا بەردەنگەکەتان دیار بێت، کارەکەی جێبەجێ دەکرێت.

لە درێژەدا خامنەیی سەرلەنوێ پەرژایە سەر بابەتی دووچەرخەسواری ژنان و نووسیویە: دووچەرخە سواری ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا لە بەرچاو نامەحرەمەوە قەدەغەیە.

بابەتی دووچەرخەسواریی ژنان پێشتر لە ٢ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە لایەن خامنەییەوە بە لە بەرچاوگرتنی هێندێ شت ڕێگا پێدراوە بوو و لە وڵامی ئەم وتانەی خامنەیی کۆمەڵێک ژن و پیاو بە هەڵگرتنی دروشمی دووچەرخە سواریی ژنان هەم شەرعییە و هەم یاسایی بە سواریی دووچەرخە شەقامەکانی تارانیان تێپەڕاند.

ئەم فتوایەی خامنەیی هەم لە لایەن مولاوەردی جێگری ئەو کاتی سەرکۆماریی ڕێژیم بۆ کاروباری ژنان لە تویتێرەکەی و هەم لە ڕۆژنامەی وەقایع ئێتفاقییە بڵاو کرایەوە، بەڵام لە کۆتایی مانگی گەلاوێژی هەمان ساڵدا ڕەت کرایەوە و لە لایەن خامنەیی دووچەرخەسواریی ژنان لە شوێنە گشتییەکان حەرام کرا.