کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزشوانه کوردەکان بە بەردەوامی لە کێبڕکێیە جیهانییەکان شانازی بە دەست دێنن

15:28 - 6 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: کاراتەکارێکی بۆکانی لە کێبڕکێ قارەمانیی جیهان لە وڵاتی ژاپۆن پلەی دووهەمی بە دەست هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە کێبڕکێیەکانی شێوازی کیووکوشینی کاراتە کە لە وڵاتی ژاپۆن لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ هەتاوی، به ماوەی یەک هەفتە بەڕێوە چوو، ئێحسانی پیربابی، وەرزشوانی خەڵکی بۆکان توانی پلەی دووهەم بە دەست بهێنیت.

ئەم وەرزشوانە بۆکانییە لە کێشی ٧٠ کیلۆگرەم و لە بەشی لاوان بەشداری کردووە و توانیویەتی ڕکابەرەکانی خۆی لە وڵاتانی بولغارستان، ژاپۆن و ڕووسیە ببەزێنێت و بڕواتە بەشی کۆتایی و میداڵی زیو بە دەست بهێنێت.

وەرزشوانە کوردەکان لە زۆربەی بەشە وەرزشییەکاندا بە توانان و پلەی جیهانی زۆریان بە دەست هێناوە، بەڵام به هۆی سیاسەتی زاڵ بەسەر فەزای وەرزشیی ئێران، گرنگی به وەرزشوانه کوردەکان نادرێت.

جێگەی ئاماژەیە کە وەرزشوانانی کورد هەمیشە لەگەڵ خەڵکی کوردستان بوونه و لە خۆشی و ناخۆشییەکانی خەڵک بەشدار بوونه، لە مانگی ڕابردوودا کە کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان ڕووی دا، زۆربەی وەرزشوانه کوردەکان به پێشکەش کردنی میداڵەکانیان و کۆ کردنی یارمەتی بۆ لێقەوماوان بە هانای هاونیشتمانییەکانیانەوە ڕۆیشتوون.