کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ لە قوتابیان بەردەوامه

15:34 - 6 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: لە درێژەی هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ لە قوتابیان ئەمجارە بەرپرسی قوتابخانەکان بە بیانووی پەرەپێدانی بە بەرنامەکان و بردنە سەرەوەی ئاستی خوێندن، داوای پارە لە قوتابیان دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە یەكێک لە قوتابخانەکانی شاری پیرانشار بەرپرسانی ئەو قوتابخانەیە ڕایانگەیاندووە، بۆ بیانووی جێبەجێ کردنی گەڵاڵەکان و بەهرەمەند بوونی زیاتری قوتابیان لەو گەڵاڵانە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە چۆنیەتی چالاکییەکانی نێوان قوتابخانە و بنەماڵەکانەوە هەیە، داوای ٣٠٠ هەزار تمەنیان لێ کردوون.

وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ لە قوتابیان لە حاڵێک دایە کە بەپێی ئەسڵی ٣٠ لە یاسای بنەڕەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دەوڵەت ئەرکدارە کە هەموو پێداویستییەکانی خوێندن بۆ هەموو خەڵکی ئێران بەبێ جیاوازی دابین بکات و پرۆسەی خوێندن دەبێ بێ بەرانبەر و بەبێ وەرگرتنی پارە بێت.

جێگای ئاماژەیە کە بەرپرسانی قوتابخانەکان زۆر جار بۆ وەرگرتنی پارەی نەختی لە قوتابیان، هەڕەشەیان لێ کردوون و وتوویانە، لە کاتی ئەزموونی کۆتاییدا لە دەرەجەکانیان کەم دەکەنەوە و تەنانەت لە قوتابخانەیش دەریان دەکەن.

لە ساڵانی ڕابردوو هەتا ئێستە لە زۆربەی قوتابخانە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەرپرسانی قوتابخانە بە زەبری هەڕەشە کردن و بێبەری کردن لە خوێندن، پارەیان لە قوتابیان وەرگرتووە و لە چەندین شوێنی وەک: گوندی داشبەندی بۆکان و قوتابخانەی فاتمە زەهرا لە شاری کامیاران چەندین قوتابی لە خوێندن بێبەری کراون.