کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندام پارلەمانی کانادا داوای پشتیوانی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە کرماشان دەکات

16:29 - 6 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: ئەندام پارلەمانی کانادا، تام کمیەچ (Tom Kmiec) لە دانیشتنێکی پارلەمانیدا، ڕەخنەی توندی لە ڕێژیمی ئێران گرت و وتی: حکوومەتی ئێران یارمەتی نێودەوڵەتییەکان بۆ لێقەوماوان لە کرماشان ڕەت کردووەتەوە و هەروها سیاسەتی هەڵاواردنی لە هەمبەر لێقەوماوانی گرتووەتە بەر.

تام کمیەچ لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە قەیرانی مرۆیی لە کوردستان لە ئارا دایە، قەیرانێک کە پاش بوومەلەرزەکە خراپتر بووە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دیمەنی ئەو کارەساتە و ناڕەزایەتییە لە کوردستان دژ بە ڕێژیمی ئێران لە سەر ئینتێرنێت سەرنجی دنیای بۆ ئەو کارەساتە ڕاکیشاوە.

ئەو ئەندام پارلەمانەی کانادا، وێڕای دەربڕێنی هاوخەمی لە گەڵ لێقەوماوانی کرماشان، داوای لە حکوومەتی کانادا کرد، گوشار بخاتە سەر ئێران کە کۆتایی بە سیاسەتی هەڵاواردن دژ بە کورد بێنێت و یارمەتی لێقەوماوان بدات. داواشی کرد کانادا دەستی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی کرماشان درێژ بکاتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە ناوبراو لە وتەکانیدا لە جیاتی پارێزگای کرماشان، دەستەواژی ڕۆژهەڵاتی بەکار هێناوە.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتیش لە وڵاتی کانادا، کەژاڵ محەممەدی، لەگەڵ ئەندام پارلەمان تام کمیەچ و کۆمەڵێک ئەندام پارلەمانی دیکەی کانادا، بۆ ئاگادارکردنیان لە ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پشتیوانیی لە گەلی کورد لە پەیوەندی بەردەوامدا بووە.