کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەڕانسە و ئامریکا دژ بە ڕێژیمی ئێران ڕێک کەوتن

14:10 - 7 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: دوو سەرکۆماری فەڕانسه و ئامریکا لەسەر بەرەنگاربوونەوە بە دژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا ڕێک کەوتن.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا دوو سەرکۆماری ئامریکا و فەڕانسە، لە سەر بەرەنگاربوونەوە بە دژی چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریه کە بووەتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا ڕێک کەوتوون.

لە ماوەی ڕابردوودا، ئیمانوئێل ماکرۆن، باسی لە ئەگەری سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا کرد و وتی: سەبارەت بە بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران زۆر نیگەرانە.

ناوبراو داوای لە ڕێژیمی ئیرانیش کردبوو، کە پەرە بە بەرنامەی مووشەکیی خۆی نەدات، هەتا سەقامگیری لە ناوچەکە بێتە دی.

بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بەردەوام ڕەخنە و نیگەرانیی بەرپرسانی ئامریکا و وڵاتانی ناوچەکەی لێ کەوتووەتەوە.

وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا تا ئێستا بۆ بەرەنگاربوونە بە دژی بەرنامەی مووشەکی بالستیکیی ئێران و چالاکییە تێکدەرانەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکەدا گەمارۆی ئابووری بە دژی ئەو ڕێژیمەی پەسند کردووە.

مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵیش ٤٣ ئەندامی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا له نامەیەکدا داوایان لە ڕێکس تێلرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئامریکا کردبوو، کە لە هەمبەر مانەوەی هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریه ڕێگاچارەیەک بدۆزێتەوە، لەو نامەیەدا نیگەرانی خۆیان لە دەستێوەردان و مانەوەی ئێران لە خاکی سووریە دەربڕیبوو.

ڕێژیمی ئێران جگە لە حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپە میلیشیا شیعە غەیرە سووریەییەکانی دیکەش ڕێبەری دەکات.