کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسخۆشی له پاشای ئوردۆن بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی لەگەڵ ئێران

14:12 - 7 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: جێگری سەرۆکی ئامریکا، لە چاوپێکەوتنێک له‌گەڵ پاشای ئوردۆن، دەسخۆشی لەو وڵاتە کرد بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران.

مایک پنس جێگری سەرۆکی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٦ی سەرماوەز ١٣٩٦ هەتاوی، له کۆشکی سپی لەگەڵ مەلک عەبدوڵڵای دووهەم دانیشتنیان هەبووە و لەسەر پرسی ئەمنییەت له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتووێژیان کردووە.

کۆشکی سپی دوای دانیشتنەکە به بڵاوکردنی ڕاگەیەندراوێک، دەسخۆشیان له کاریگەرییەکانی مەلک عەبدوڵڵای دووهەم، له شکستی داعش و بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران کرد.

هەروەها لەم ڕاگەیەندراوەدا له چڕبوونی پەیوەندییەکان لە نێوان ئامریکا و ئوردۆن بۆ سەقامگیریی ئەمنییەت له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران باس کراوە.

جیا له گوشارە جیهانییەکان لە سەر ڕێژیمی ئێران، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت وڵاتە عەرەبییەکان گوشاریان خستووەتە سەر ئێران که کۆتایی به دەستێوەردانەکانی له ناوچەکه بهێنێت.

هەر لەم پێوەندییەدا وڵاتانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، له ناوچەکە پەیوەندیان لەگەڵ وڵاتە ڕۆژئاواییەکان و ئامریکا زۆرتر کردووە.