کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئاسمانی و زەوینی کرایە سەر حووسییەکانی یەمەن

14:30 - 7 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانەتی عەرەبی و سپای نەتەوەیی یەمەن، لە ئاسمان و زەوییەوە هێرشیان کردە سەر حووسیەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.

فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانەتی عەرەبی بۆ هاوکاریی و پشتگیری لە دەوڵەتی فەرمی یەمەن، بنکە نهێنییەکانی حووسییەکانیان لە چەندین هێڵەوە بۆمباران کرد و هاوکات سپای نەتەوەیی یەمەن توانی بە هێرشێکی کتوپڕ ناوچەی ئەلبەقع لە ڕۆژهەڵاتی سەعدە، کە دەکەوێتە نزیک سنووری عەرەبستان کۆنتڕۆڵ بکاتەوە.

دوو هێزی چەکداریی یەمەن بۆ پشتگیریی و یارمەتی سپای نەتەوەیی یەمەن هاتووەنەتە پارێزگای سەعدە، بە هاتنی ئەو دوو هێزە، سپای نەتەوەیی یەمەن توانیویەتی لە شەڕەکانی ئەم دوایانەی نێوان دوو پارێزگای سەعدە و ئەلجەوف، ناوچەیەکی ستراتیژیک کۆنتڕۆڵ بکاتەوە.

هێزەکانی هاوپەیمانەتی عەرەبی هەروەها هەندێ چەکی قورس وەک مووشەک و تۆپی دوورهاوێژیان بۆ هێڵی نۆهەم بەڕێ کردووە، ئەم چەکانە دەتوانن دوورترین بنکەی ملیشیاکانی حووسی بکەنە ئامانج.

حووسیەکانی یەمەن، کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن لە چەند مانگی ڕابردوودا، چەندین هێرشی مووشەکیان کردووەتە سەر عەرەبستان.

ڕێژیمی ئێران لە لایەن هاوپەیمانەتی عەرەبی و ئامریکا و فەڕانسەوە بەوە تۆمەتبار کراوە کە مووشەکە بالستیکیەکانی بە حووسییەکان دەدات، هەتا بنکە و بەرژەوەندییەکانی عەرەبستان بکەنە ئامانج.