کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانگێڕی نوێی ڕێژیم لە زانکۆکانی کوردستان

14:47 - 7 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیران، لە زانکۆکانی کوردستان لە ڕێگای بەسیجی خوێندکارییەوە کۆسپ لە سەر ڕێگای چالاکانی خوێندکاریی نیشتمانپەروەر دروست دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێژیمی ئێران لە زانکۆکان و ئەو شوێنانەی کە لە بواری پەروەردە و فێرکاریدا چالاکییان هەیە ترساوە و بەردەوام بە دژی خوێندکاران پیلان دادەڕێژێت.

توێژی خوێندکاریی کوردستان، چ لە زانکۆکان و چ لە ئەنجومەنە خەڵکییەکان، بە بۆنەی ئەوەی ڕۆڵی گرینگیان لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کۆسپ و بەربەستیان بۆ دانراوە و وەکوو مەترسییەک سەیر کراون و لە لایەن حەراسەتی زانکۆکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێ دەکرێت.

بەپێی ئەو هەواڵە کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، خوێندکارە بەسیجییەکانی کورد کە لە زانکۆکانی کوردستاندا چالاکییان هەیە بە دژی خوێندکارانی نیشتمانپەروەر و چالاک، پیلان دەگێڕن.

ئەو خوێندکارە بەسیجییانە دژی چالاکانی خوێندکاری و ئەندامانی ئەنجومەن و بنکەکانی نێو زانکۆ کار دەکەن و ئەمە ئامانجی سەرەکییانە و هەروەها لە لایەن ئیتلاعات و حەراسەتی زانکۆکانەوە ڕادەسپێردرێن کە وێڕای چاوەدێری چالاکانی خوێندکاری، ڕاپۆرتیان بدەن و جموجووڵەکانیان کونتڕۆڵ بکەن.

خوێندکارانی بەسیجی له نێو زانکۆ، بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی وەک: چالاکانی خوێندکاری جاشن، ئاژاوەچین و...هتد، زەبری خۆیان دەوەشێنن و وێنەیەکی قیزەون لە ئەنجومەنەکان و چالاکانی خوێندکاریی نیشتمانپەروەر دروست‌ دەکەن.

هەواڵنێری کوردستان میدیا باسی لەوەش کردووە، ئەمە پیلانی ڕێژیم و بەسیجییەکانی سەر بە ڕێژیمە، لەبەر ئەوەی ئەنجومەن و چالاکانی دڵسۆز ناوبانگی خراپ دەر بکەن.