کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو حەوتوو تێپەڕی

15:06 - 7 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: دوو حەوتوو بەسەر کارەساتە دڵتەزێنەکەی پارێزگای کرماشان تێپەڕی، بەڵام هێشتا سەرەتای چیرۆکە دڵهەژێنەکەیە.

دوایین ڕاپۆرتە پێوەندیدارکان بە بارودۆخی ژیان پاش بوومەلەرزەی ٢١ی خەزەڵوەر لە پارێزگای کرماشان کە چەندین هەزار قوربانی لێکەوتەوە، دەری دەخات کە سەرباری تێپەڕینی ٢ حەوتوو بەسەر ئەم تراژێدیا، هێشتا هیچ هەنگاوێکی شوێندانەر بۆ ساڕێژکردنەوەی برینی زامداران هەڵنەگیراوە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، هەنووکە زۆربەی هەرە زۆری کۆڵان و شەقامەکانی شاری سەرپێڵی زەهاو بە خاپووری ماوەتەوە و پارک و بلوارەکان پراوپڕن لە خێوەتی خەڵکێک کە لە بێ‌سەرپەناییدا تێیدا دەژین.

وەک بوومەلەرزەلێدراوان دەڵێن هەر کات کە هەڵاتنی خۆر دەبینین تۆزێک گەشبین دەبینەوە، چوونکە دەزانین کە لانیکەم ڕۆژێکی تریش لە سەرما ڕزگارمان بووە، بەڵام کاتێک کە ڕۆژئاوابوون دەبینین ترس و دڵەڕاوکێی ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما دامان دەگرێتەوە بۆیە تا درەنگانی شەو ناخەوین.

یەکێک لە لێقەوماوان لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بڵاوی کردۆتەوە کە ڕێژیم وامی وادەی ٢٥ی میلیۆنی پێداوین، بەڵام چ عەقڵێک ئەوە قبووڵ دەکات لە کاتێکدا سازکردنی کابینێتی ئاشپەزخانە ٥٠ میلیۆن تمەن تێچووی هەیە ئێمە بە ٢٥ میلیۆن خانووە وێران‌بووەکانمان نۆژەن بکەینەوە؟

لەم نێوانەدا درۆ و دەلەسە بەردەوامەکانی بەرپرسانی ڕێژیم هێندەی دیکە داخی سەر دڵی قوربانیانی بوومەلەرزەکە قورستر دەکات؛ سەرۆکی دامەزراوەی مەسکەنی ڕێژیم، عەلیڕەزا تابش لە کاتی چاوپێکەوتن لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکاندا وتوویەتی: ٨٠٠٠ کانێکسمان وەک سەرپەنا ڕادەستی خەڵکی لێقەوماو کردووە بەڵام چەند کاتژمێر دواتر ئەم هەواڵە لەلایەن نووسینگەی دەوڵەتەوە وەدرۆ خرا!

ئاوڕنەدانەوە لە دۆخی شپڕێوی خەڵکی پارێزگای کرماشان لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی و بەردەوامی دۆخی شێواوی ژیان وای کردووە کە بەشێک لە خەلکی ئەم ناوچانە دەڵێن بەم بارودۆخەوە وەبیر دەورانی شەڕی ٨ ساڵە و وێرانییەکانی ئەو کات دەکەوینەوە.

ئەمانە تەنیا بەشێکن لەو تراژێدیایەی کە بەرۆکی خەڵکی گرتۆتەوە؛ لە حاڵێکدا کە خەڵک لە سەرپێڵی زەهاو و داڵاهۆ و ناوجە لێقەوماوەکانی دیکەی کرماشان چاوەڕێی هاوکارییە مرۆییەکانی خوشک و براکانیان، بەناو بەرپرسانی رێژیم خۆیان بە کاری دیکەوە سەرقاڵ کردووە؛ بۆوێنە پاسدار مۆحسێن رەفیق‌دوست بە هەواڵدەریی تەسنیمی وتووە: ئێمە لە وڵاتەکانی سوریە و عێراقدا ئەوپەڕی هاوکارییەکانمان خستۆتە گەڕ تاکوو ولاتیان بۆ نۆژەن بکەینەوە.

ئەوەیکە پڕئاشکرایە هۆی سەرەکی بەردەوامی و مانەوەی خەڵک و هیوادار بوونیان بە داهاتوو نەک یارمەتییە حکوومەتییەکان بەڵکوو هاوکارییە مرۆڤدۆستانە و نیشتمانییەکانی هاوزمان و هاوڕەگەزەکانیان لە شارەکانی دیکەی کوردستانە.

وەک خەڵکیش بێ هیچ ترسێک دەیڵێن و نایشارنەوە ئەگەر لە ڕابردووشدا شک و گومانێک لەهەمبەر ناخەڵکی بوونی ڕێژیم هەبوو، ئەوا ئەم ڕووداوە دەریخست کە بەڕاستی کەلێنێکی گەورە لە نێوان ڕێژیم و خەڵک بوونی هەیە؛ کەلێنێک لە چەشنی هەڵاواردن و دووچاوگی کە تەنیا هۆکار و سەرەکیترین هۆکاریشی هەمان کوردبوونی ئەم گەلەیە.

لە کۆتاییدا تەنیا گۆشەیەکی دیکە لەو تراژێدیا وەبیر دێنینەوە کە لەحاڵێکدا خەڵکی لێقەوماو هێشتا برینی ناسۆری لەدەستدانی ئازیزانیان بە ڕۆح و گیان دەکێشن، کەسێکی وەک ئێسحاق جەهانگیری لە چوارچێوەی سەفەرە پڕ لە شوورەییەکانی هەیئەتە حکومەتییەکان بە پێڵاوەوە دەچێتە نێو خێوەتی لێقەوماوان کە ئەمە خۆی لەخۆیدا ئەوپەڕی بێڕێزییە بەم گەلە چەوساوە و کارەسات‌دیتووە.