کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ژنان سێمینارێکی لە سوئێد بەڕێوە برد

15:35 - 7 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی لەژێر ناوی نا بۆ توندوتیژی بۆ سەر ژنان لە وڵاتی سوئێد بەڕێوە برد.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢٥ی نوامبر، لە وڵاتی سوئێد بە هاوکاری سێ ڕێکخراوی چالاک لە بواری ژناندا سێمینارێکی پڕ ناوەڕۆکی لەژێر ناوی نا بۆ توندوتیژی بۆ سەر ژنان بۆ لاوین ڕێدار پارلەمانتار لە سەر لیستی سووسیال دێموکرات و نیکۆلاس شێلمان چالاک لە بواری مافی منداڵان و ئاڵا ڕێیانی شانۆکار و گۆرانیبێژی کوردی ـ سوئێدی و بەناز مەستی شاعێر و گۆرانیبێژ لە شاری ستۆکهۆڵم پێک هێنا.

لەو سێمینارەدا کە ٤ کاتژمێری خایاند، سەرەتا بە هۆنراوەیەک لە لایەن بەناز مەستی بە نێوی با ئەستێرەکان هەر درەوشاوەبن، ئاسمان و مانگ و زەوی بەبێ ئەستێرە لە وەستان دەکەون و ڕووبارەکان ڕێگا بزر دەکەن و هەروەها ئاڵا ڕێیانی شانۆیەکی پڕناوەڕۆکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد، کە نیشاندەری ژن لە زیندانی ژیاندا بوو.

هەروەها لاوین ڕێداری پالەمانتاری کورد لە پارلەمانی سوئێد، باسێکی لە سەر ژن و مافەکانی ژنان لە ناو ماڵ و کۆمەڵگادا هێنایە بەر باس و هەروەها نیکۆلاس شێلمان باسێکی کراوەی پڕناوەڕۆکی لە سەر منداڵ و کۆمەڵگا پێشکەش کرد.

بەشدارانی سێمینارەکە زۆر چالاکانە بەشداری باسەکەیان کرد و سێمینارەکە بە موزیک و گۆرانی کۆتایی پێهات.