کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەعد حەریری دیسان هەڕەشەی دەست ‌لەکار کشانەوەی کرد

15:52 - 7 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی لوبنان ڕایگەیاند: ئەگەر حیزبوڵڵا ڕێڕەوی هەنووکەیی نەگۆڕێت ئەوە دەست لە کار دەکێشێتەوە.

سەعد حەریری، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، شەوی دووشەممە ڕێکەوتی ٦ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ئاخاوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: ئەگەر حیزبوڵڵا ئاکار و سیاسەتی هەنووکەیی نەگۆڕێت، سەرۆکوەزیرانی ئەو ولاتە نامێنێت و دەست لە کار دەکێشێتەوە.

هەروەها حەریری وتوویەتی: حیزبوڵڵا دەبێ لە چاو کێشەکانی ناوچەکە بێ‌لایەن بێت و دەستێوەردان لە کاروباری هیچ وڵاتێکدا نەکات، هەروەها وتی: ئێران بووەتە هۆکاری سەرەکی دەستێوەردانەکانی حیزبوڵڵا لە ناوچەکەدا.

پێشتر نووسینگەی سەعد حەریری، لە ٢٥ی ئەو مانگە ڕایگەیاندبوو، کە هەر هەڵویستێکی حیزبوڵڵا بگرێتە بەر و لە دژی برایانی عەرەبمان لە وڵاتە عەرەبییەکان بێت و بیەوێت زیانیان پێ بگەیەنێت و یا ئاسایشی ئەو وڵاتانە تێک بدات، بە توندی دژایەتی دەکەین.

سەعد حەریری سەرۆکوەزیرانی لوبنان، لە ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ڕاگەیەندراوێکدا وازهێنانی خۆی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند، ناوبراو لەو ڕاگەیاندراوەدا هۆکاری وازهێنانەکەی بۆ زاڵبوونی حیزبوڵڵا و ڕێژیمی ئێرانی بە سەر لوبنان گەڕاندەوە و باسیشی لەوە کردووە: ئێران بڕواتە هەر شوێنێک وێرانی و نائەمنییەتی لەگەڵ خۆی دەبات.

سەعد حەریری لە ساڵڕۆژی سەربەخۆیی لوبنان لە ڕۆژی چوارشەممە ١ی سەرماوەز ڕایگەیاند: کە بە داوای میشیل عەون سەرکۆماری لوبنان، بۆ پێراگەیشتن بە کاروباری سیاسی و ڕاوێژ کردنی زیاتر لەو بوارەدا پۆستەکەی وەرگرتووەتەوە.