کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨٣ هەزار کلاس له ئێران سیستمی گەرمایی ناستانداردیان هەیە

16:25 - 7 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: به هاتنی وەرزی سەرما کێشەی ناستانداردبوونی سیستمی گەرمایی قوتابخانەکانی ئێران سەر هەڵدەدات و بنەماڵەی قوتابیان نیگەران دەبن.

بەپێی ئاماری بڵاوکراو له لایەن جێگری ئاوەدانی وەزیری پەروەردە، له ساڵی خوێندنی تازه ٨٣ هەزار کلاس سیستمی گەرمایی ناستانداردیان هەیە و ٩٨٧ بینای قوتابخانە لە ئێران به دار و بەرد چاک کراون و سیستمی گەرمایان نییە.

کێشەی سڵامەت و ئیمەنی قوتابیان ئێران بەتایبەت قوتابیانی کوردستان، به هۆی شاخاوی بوونی ناوچەکان هەموو ساڵێک به دەسپێکردنی سەرما، دەبێتە هۆی دڵڕاوکێ بنەماڵەی قوتابیان و وزارەتی پەروەردەی ڕیژیمیش سەڵامەتی قوتابیانیان بۆ گرنگ نییه.

ڕێژیم لە ناوچەکانی کوردستان له بواری بیناسازی و سیستمی گەرمایی قوتابخانەکان کەمترین خزمەتگوزاری هەیە و تا ئێستە چەندین کارەسات بە سەر قوتابیانی کوردستان هاتووە و هێشتا لە لایەن وزارەتی پەروەردەی ڕێژیمەوە چارەسەر نەکراوە.

١٣ ساڵ لەمەوبەر بوو کە ١٣ قوتابی کچ و کوڕ له گوندی سفیلان له پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری به هۆی ئاگرگرتنی سۆبەی نەوتی گیانیان لە دەست دا، هەروەها له قوتابخانەی شیناوێ پیرانشار ٢٩ قوتابی سووتان و ٢ کەسیان گیانیان لە دەست دا و دوای تێپەڕبوونی ٥ ساڵ لەم کارەساتە دڵتەزێنه منداڵه سووتاوەکان به تەواوەتی دەرمان نەکراون.

کەمتەرخەمی بەرپرسانی ڕێژیم لە بەرانبەر قوتابیانی ئێران و گرنگی نەدان به ئیمەنی قوتابخانەکان هۆکاری سەرەکی ڕوودانی کارەساتەکانن.

لە لایەکی دیکه لە چەند ڕۆژی ڕابڕدوودا که کارەساتی بوومەلەرزه لە کوردستان ڕووی دا و ناوچەکانی کرماشان خەسار گەورەیان بەر کەوت، یەکەم بیناکان کە ڕووخان قوتابخانەکان بوون، که له بواری بیناسازی زۆر لاواز و کۆن بوون.

هەروەها دوای تێپەڕبوونی دوو هەفتە بەسەر ئەم کارەساتە قوتابیانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان ناتوانن درێژه به خوێندنیان بدەن و لە نێو خێوەتدا گیانیان له مەترسی دایه.

هەر لەم پێوەندییەدا، محەممەدتەقی نەزەرپوور جێگری ئاوەدانی وزارەتی پەروەردەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: که ٦١ هەزار و ٥٤٠ کلاس له ئێران پێویسته بڕۆخێن و سەرلەنۆی ساز بکرێنەوە.