کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بۆ بەرەنگاربوونە لەگەڵ ئێران داوای هاوکاری لە ئورووپا کرد

14:45 - 8 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە دانیشتنێکدا داوای لە ئورووپا کرد لە بەرەنگاربوونەوەی ئێران هاوکاری ئامریکا بن.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە ٧ی سەرماوەز، لە دانیشتنێکدا لەژێر ناوی هاوکارییەکانی ئامریکا و ئورووپا، لە واشنتۆن بەڕێوە چوو، وتوویە: کە واشنتۆن بۆ وەستانەوە لە بەرانبەر هەموو هەڕەشەکانی ئێران خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و داوای لە هاوپەیمانەکانی لە ئورووپا دەکات، کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران لەگەڵ ئامریکا هاودەنگ و هاوڕا بن.

ڕێکس تێلرسۆن وتوویە: بەرجام تەنیا خاڵی گرینگ بۆ ئامریکا نییە، ئێمە بڕیارمان داوە و خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین تا لەگەڵ تەواوەتی ڕێژیمی ئێران کە بە هەڵسووکەوت و دەستێوەردانەکانی بووەتە هەڕەشە بۆ سەر جیهان، هەڵویست بگرین؛ بۆیە لە هاوپەیمانە ئورووپاییەکانمان داوا دەکەین لەگەڵ ئێمە بن تا لە بەرانبەر هەموو هەڵسووکەوت و کردەوە خراپەکانی کۆماری ئیسلامیدا بوەستینەوە.

هەروەها ناوبراو وتوویە: لە ئێراندا هیچ جۆرە ئازادییەکی کەسیی، سیاسی و مەزهەبی نییە.

تێلرسۆن باسی لەوەش کردووە: کە نە ویلایەتە یەکگرتوەکان و نە ئورووپا نایانەوێ کورەی باکوورێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروست ببێت، هیچ وڵاتێک دەستێوەردان و هەڵسووکەوتە پاوانخوازەکانی ئێرانی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا قەبووڵ نییە، کە لە رێگای دنەدان و یارمەتیدانی ملیشیا تۆندئاژۆ و تێرۆریستەکان لە عێراق و سووریەدا ئەنجامی دەدات و هەروەها پرۆسەی مووشەکی باڵستیکیی کە لەسەری بەردەوامە، تەناهی ناوچەکەی تێکداوە.

دانڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕێککەوتنی بەرجام بە ڕێککەوتنێکی زۆر خراپ دەزانێت و وتوویە: ئێران بە کردەوەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەو ڕێکەوتنەی پێشێل کردووە.

لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٧ی سەرماوەز، سرگئی لاورۆف وەزیری کاروباری دەرەوەی رووسیە وتوویە: ئێران بە دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکە بووەتە هۆی زێدە بوونی شەڕ و ناکۆکی و ڕێکەوتنی بەرجامی خستووەتە مەترسییەوە و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی لە ئارادایە.