کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حووسییەکان به مووشەکی زلزالی ٢ عەربستانیان کرده ئامانج

15:45 - 8 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: حووسییەکانی یەمەن ناوچەی جیزانی عەرەبستانیان به مووشەکی بالستیکی زلزالی ٢ کە لە لایەن ئێرانەوە ساز کراوە کردە ئامانج.

سەر له بەیانی چوارشەممه ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، حووسییەکانی یەمەن، هێزەکانی ئەرتەشی عەرەبستانیان له ناوچەی ئەبوولمەوسووم له جیزان به مووشەکی بالستیکی کرده ئامانج.

ئەمە لە حاڵێک دایە که لە مانگی ڕابردوو١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، میلیشیاکانی حووسی ڕیازیان به مووشەکی بالستیکی کرده ئامانج.

لە درێژەی یەک مانگدا، بۆ دووهەم جاره که حووسییەکان مووشەکی بالستیکی بەرەو عەرەبستان دەهاوێن.

هاویشتنی مووشەک لە مانگی ڕابردوودا، لە لایەن حووسییەکانی یەمەن بەرەو ڕیاز، ململانێیەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و عەرەبستانی ئاڵۆزتر کردووە، لەبەر ئەوەی که سەرکردەکانی وڵاتی عەرەبستان ئەو مووشەکانە به سازکراوی ئێران دەزانن و وەکوو شەڕ فرۆشی بە عەرەبستانی لە قەڵەم دەدەن.

هەروەها زۆر وڵات بەتایبەت ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانیان تاوانبار کرد و هاویشتنی مووشەکەکانیان به پاڵپشتی رێژیمی ئێران زانیوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، حووسییەکان مووشەکی زلزالیان به کار هێناوە، که لە جۆری بالستیکییه و تەنیا له ئێران ساز دەکرێت و تەنیا وڵاتێک که به کاری دەیهێنێت ئێرانه.

هێشتا به فەرمی هەواڵدرییەکان له سەر چۆنیەتی و خەسارەکانی هاویشتنی ئەو مووشەکه بۆ عەرەبستان باسیان نەکردووە و هەواڵدرییەکانی ڕێژیمی ئێران ئەو هەواڵەیان به لێدانی بەکرێگیراوانی عەرەبستان بڵاو کردووه.

ڕێژیمی ئێران به فەرمی پاڵپشتی خۆی له میلیشیاکانی حووسی ڕاگەیاندووە و ئەم هاویشتنی مووشەکه دەتوانێت وڵامێک له لایەن ڕێژیمی ئێران بۆ وڵاتە عەرەبییەکان بێت که لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەرەیەکیان به دژی ئێران پێک هێناوە.