کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێمانۆئێل ماکڕۆن: تاران هۆکاری ناسەقامگیری ناوچەیە

14:47 - 9 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: سەرکۆماری فەڕانسە لە وتووێژێکدا لەگەڵ rfi ڕایگەیاند نەتەنیا ئێران هاوپەیمانی ئێمە نییە بەلکوو هۆکاری ناسەقامگیرییەکانی ناوچەیە.

ئێمانۆئێل ماکڕۆن لەم وتووێژەدا تایبەتەدا لەگەڵ ڕادیۆ نێونەتەوەیی فەڕانسە و تەلەفزیۆنی فڕانس٢٤ سەبارەت بە سیاسەتی دەرەکی وڵاتەکەی قسەی کرد و پڕژایە سەر پرسی ئێران و وێڕای ناساندنی ڕێژیمی تاران وەک هۆکاری ناسەقامگیری وتی: پێویستە کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکی و ڕۆڵی تێکدەرانەی خۆی لە ناوچە هەنگاو هەڵبگرێت.

ئەم قسانەی ناوبراو هاوکات بوو لەگەڵ چاوپێکەوتنی نێوان فەرماندەی گشتیی ئەرتەش و سپای پاسدارانی ڕێژیم سەبارەت بە هێزی سەربازی کۆماری ئیسلامی و پێداگری کردنەوەیان لەسەر پەرەدان بەم هێزە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٨ی سەرماوەز و لە چوارچێوەی ڕێوڕەسم و چاوپێکەوتنەکان بەبۆنەی هەفتەی بەناو بەسیج، عەبدولڕەحیم مووسەوی و پاسدار مۆحەممەدعەلی جەعفەری سەبارەت بە بردنەسەری ئاستی تواناییە سەربازییەکان و یەک لەوان توانایی مووشەکی ڕێککەوتوون و پێداگرییان کردووە.

پێداگری بەرپرسانی سەربازی کۆماری ئیسلامی لەسەر بەردەوامی و پەرەدانی زیاتر بە بەرنامە سەربازی و مووشەکییەکان لەکاتێکدایە کە وڵاتانی ناوچە و زلهێزانی جیهان بەردەوام ڕەخنەی لێدەگرن و تەنانەت ئەگەری سەپاندنی گەمارۆی نوێ بەم هۆیەوە لە ئارادایە.