کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کرماشان بەردەوامە

14:56 - 9 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە جێگای یارمەتی بە خەڵکی لێقەوماو کەلوپەلی کۆکراوەی خەڵک بۆ خۆیان دەبەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە دوای بوومەلەرزەی کرماشان خەڵکی ئەو شارە تووشی کارەساتێکی دڵتەزین بوون بەڵام ئەو ڕێژیمە هیچ یارمەتییەکی بە خەڵکی ئەو شارە نەدا و تەنانەت یارمەتییەکانی خەڵکیش بۆ خۆی دەبات و ڕەوانەی سووریه و عێراقی دەکات.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، ئەو کانێکسانەی کە لە لایەن خەڵکەوە بۆ کرماشان دەنێردرێن، کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە کانێکسە نوێیەکان بۆ خۆیان دەبەن و بە جێگای ئەو کانێکسی کۆن بە خەڵک دەدەن و سەرەڕای ئەوەش بەرپرسانی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی ڕێژیم بە خەڵکیان ڕاگەیاندووە کە ئەو کەسانەی کانێکس وەردەگرن دەبێ بڕی ٥ میلیۆن تمەن پارە بدەن.

خەڵکی کوردستان دوای ئەوەیکە دیتیان بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە سەرپەنا بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان دروست ناکەن و سەرما و سۆڵە هەڕشە لە گیانی هاووڵاتیان دەکات خەڵک کانێکسیان بۆ خەڵک نارد بەڵام ڕێژیمی ئێران ئەو یارمەتیەش بۆ خۆی دەدزیت و ئەوەش لە کاتێک دایە کە کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە تەنانەت به خێوەتیش سەرپەنایان بۆ دابین ناکات.

دۆخی نالەباری ژیانی لێقەوماوانی کورد لە پارێزگای کرماشان بە هاتنی وەرزی سەرما و بارینی باران و بەفر و دەسپیکی زریان و ڕەشەبا هێندەی دیکە سەخت و دژوار بووە و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە وەک هەمیشە بەڵێنی پووچ دەدەن.