کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتووی ئەفغانستان لەژێر هەڕەشەی گوردانی فاتمیوون دایه

15:04 - 9 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: میلیشیا ئەفغانییەكانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ناسراو بە گوردانی فاتمیوون کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە هەڕەشەیەکن بۆ سەر ئەفغانستان.

لە دوای دەستپێکی شەڕی نێوخۆیی سووریه ڕێژیمی ئێران جیا لە شەڕی نەرم بە شێوەی نیزامیش شەڕ دژی ئەفغانستان دەکات و لە پاش سەرهەڵدانی قەیرانی سووریه ئەو شەڕه بە هۆی ئایینیەوە ڕەهەندی دیکەی بەخۆوە گرتووە.

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا سیاسەتی ڕێژیمی ئێران لە ئەفغانستان بووەتە بە خاڵی هێرشی ئەو ڕێژیمە و بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا هێزی چەكداریی ئەفغانی دژی كابوول بەكار دەهێنێت و میلیشا ئەفغانییەکان هەڕەشەیەکن بۆ سەر داهاتووی ئەو وڵاته.

ڕێژیمی ئێران له شەڕی نێوخۆیی سووریه و عێراق بۆ چەكدارە ئەفغانییەكان وەكو مەیدانێک بۆ ڕاهێنانی سەربازی و قوتابخانەیەک بۆ وەرگرتنی ئوسوولەکانی ئیدئۆلۆژیی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران کەڵكی وەرگرت و ئێستا نیگەرانیی سەرەكی بەرپرسانی ئەفغانی ئەوەیە دوای تەواوبوونی شەڕی نێوخۆی سووریه و شەڕی دژی داعش، ئەو میلیشیایانەی سەر بە ڕێژیمی ئێران چییان لێ بەسەر دێت.

ڕەحمەتوڵڵا نەبیل، بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی ئەفغانستان، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزـی ئامریكایی باسی لەوە کردووە، ئەوەی ڕوو دەدات زۆر مەترسیدارە. چونكە پرسیارەكە ئەوەیە كاتێک شەڕی سووریا تەواو بوو هێزەكانی فاتمیون چییان بەسەر دێت؟.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان یەكێک لەو شوێنانەی ڕێژیمی ئێران وەكوو شوێنی دانانی بنكەی چەكدارانی فاتمیوون بیری لێ كردووەتەو پارێزگای بامیان لە ناوەڕاستی ئەفغانستانه و یەكێک لە چەكدارە شیعەكان لەو بارەیەوە باسی لەوە کردووە فەرماندەكانی سپای پاسداران گوتوویانە كە كاتی هات بنكەیەكتان لە بامیان بۆ دروست دەكەین.

بەگوێرەی ئامارەكانی ڕێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕێژیمی ئێران نزیک ١ میلیۆن و پاكستان نزیک ١.٣ میلیۆن پەنابەری ئەفغانی لێیە و ئەوەش هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئەفغانستان.

هەر چەكدارێكی گوردانی فاتمیوون مانگانە ٦٠٠ دۆلار مووچە وەردەگرێت و هەروەها ئیزنی مانەوە لە ئێران و تەنانەت پاسپۆرتی ئێرانیشیان پێ دەدرێت.

ئێران و ئەفغانستان ٩٤٥ كیلۆمیتر سنووری هاوبەشیان هەیە، نزیكەی ٢٠%ی دانیشتووانی ئەفغانستان شیعەن و ئەوەش هەڕەشەیەکی دیکەیه بۆ سەر ئەفغانستان کە ڕێژیمی ئێران کەڵکی ئایینی لێوەر دەگرێت.