کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی شارەداریی مەهاباد گیرفانیان بەتاڵە

14:55 - 12 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: کرێکارانی شارەداریی مەهاباد، ماوەی ٦ مانگه مووچەیان وەرنەگرتووە و ئەو ئیدارەیەی ڕێژیم بڕی ٨٠ میلیارد تمەنیش قەرزدارە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان دوای تێپەڕبوونی ٣ مانگ لە دانانی شارەداری نوێ بۆ ئیدارەی شارەداریی مەهاباد، سەرەڕای پەرشوبڵاوی ماڵیی زۆر لە لایەن ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە شارەداریی، ماوەی ٦ مانگە کە کرێکارانی ئەو ئیدارەیە مووچەیان وەرنەگرتووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کامران عەلیزادەئازەر کە وەک شارەداری نوێ دیاری کراوە، ڕەخنەی زۆری ماڵی هاتووەتە سەری و هەروەها لە بواری ماڵیدا داوای ڕوون کردنەوەیان لێ کردووە.

ئێستە شارەداریی مەهاباد بڕی ٨٠ میلیارد تمەن قەرزدارە و مووچەی ٦ مانگی کرێکارانی ئەو ئیدراەیەش نەدراوە و ئەوەش کێشەی جیددی بۆ سەر بژیوی ژیانی کرێکاران دروست کردووە.

یەکێک لە کرێکاران لە وتووێژێکدا ڕایگەیاندووە، لە مانگی پووشپەڕەوە تا ئێستە مووچەمان وەرنەگرتووە، بەڵام هەر کارمان کردووە و ئێستەش به هۆی بارودۆخی دژواری ژیان تووشی کێشەی ماڵی بووینە.

ئەو کرێکارە باسی لەوەش کردووە، شۆرا و شارەداریی مەهاباد بەڵێنیان دا کە بە فرۆشتنی پارچە زەوییەک مووچەی ئێمە بدەن، بەڵام ئێمە ناتوانین سەبر بکەین و بەڵێنی بەرپرسان بۆ ئێمە نابێتە نان و ئاو.

کێشەی ماڵی و ڕوون نەبوونی بواری ماڵی لە لایەن بەرپرسانی ناوەندەکانی ڕێژیمی ئێران، بووەتە هۆی ئەوەی کە مووچەخۆران تووشی کێشەی جیددی ببنەوە.

لەو پێوەندییەدا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ١٥١ کرێکاری بەشی خزمەتگوزاریی شارەداریی مەریوان بەبێ ئاگاداری پێشوەخت لە سەر کارەکەیان دەرکران و هۆکاری دەرکرانیان بۆ قەرزداربوون و نەبوونی پارە گەڕاندووەتەوە.