کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شتومەکی قاچاخ لە سنوورەکانی ئێران، بە شێوەی فەرمی هاوردە دەکرێن

15:34 - 12 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی فراکسیۆنی بەربەرەکانی لەگەڵ گەندەڵییە ئابوورییەکان مەجلیسی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، کە شتومەکە قاچاخەکان بە شێوەی فەرمی و یاسایی لە لایەن قاچاخچییەکانەوە هاوردەی ئێران دەکرێن.

ئەمیر خوجەستە، نوێنەری ڕێژێم لە مەجلیس، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئیلنا باسی لەوە کردووە، کە بەپێچەوانەی ئیددعای وەزیری ئابووری و دارایی، ڕۆژانە سێ هەزار و ٣٠٠ کانتینێر شتومەکی قاچاخ لە سنوورەکانی ئێران بە شێوەی فەرمی هاوردە دکرێن.

نابراو ئاماژەی بە دەسبەسەر کردنی دەستەیەکی قاچاخچی کردووە، کە لە ماوەی دوو ساڵدا، یەک هەزار و ١٢٤ کانتینێر شتومەکی قاچاخیان هێناوەتە ناو ئێرانەوە، کە دەرخەری ئەوەیە شتومەکەکان بە شێوەی فەرمی لە سنوورەکان دەرباز دەبن.

لەم پێوەندییەدا مەسعوود کەرباسیان، وەزیری کاروباری ئابووری و دارایی ڕێژیم، لە پەراوێزی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سکرتێری گشتی ڕێکخراوی جیهانی گۆمرک، وتبووی: لە سنوورەکانی ئێران بە شێوەی فەرمی هیچ شتومەکێکی قاچاخ تێناپەڕێت.

پاش ئەم ئیددعایەی کەرباسیان، بەشێک لە ڕاگەیەنداوەکانی سەر بە بناژۆخوازان، بە نیشانەی دژکردەوە، لە بارەی بەشێکی بەرچاو لەو کاڵا قاچاخانەی کە لە گۆمرکەکانی ئێران بە شێوەی فەرمی هاوردە دەکرێن، چەندین ڕاپۆرتیان بڵاو کردەوە.

هەواڵدەریی فارس بە پشت بەستن بە قسەکانی فروود عەسکەری، سەرۆکی گشتی گۆمرکی ڕێژیمی ئێران، ماوەیەک پێش ڕاگەیەندراوەکەی کەرباسیان، نرخی ئەم شتومەکە قاچاخانە کە لە ساڵی ڕابردوودا لە گۆمرکەکانی ئێران هاوردە کراون، نزیک بە ٩٠٠ میلیارد دولار خەڵماندووە.