کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاغەزی ڕۆژنامه له ئێران ٥٠ لەسەد گران بووە

20:31 - 12 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: له درێژەی مانگی ڕابردوودا هەتا ئێستە کاغەزی ڕۆژنامه له ئێراندا، نرخی ٥٠ لەسەد گران بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان، کاغەزی سولیکامی ڕووس که له باشترین جۆرەکانی کاغەز له بازاڕی ئێرانە، له مانگی ڕابردوودا هەر کیلۆیەکی ٢٢٠٠ تمەن فرۆشراوە و ئێستە به نرخی ٣٥٠٠ تمەن دەفڕۆشرێت و کاغەزی بێکەڵکی کورەیی هەر کیلۆیەکی ٣٣٠٠ تمەنه.

فرۆشیارانی کاغەز له ئێران باس لەوە دەکەن، که بەرزبوونەوەی نرخی دولار، گرانبوونی بەهای هەویری کاغەز، داخرانی چەندین کارخانەی بەرهەمهێنەری کاغەز له چین و مایە‌پووچ بوونی بازرگانانی هاوردەکاری کاغەز بۆ ئێران، له هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی کاغەز له ئێرانه.

له لایەکی دیکەشەوە، فرۆشیارانی کاغەز و بەڕێوەبەرانی ڕۆژنامەکان له ئێران، کەمتەرخەمی وزارەتی ئیرشادی ڕێژیمی ئیسلامی و یارمەتی نەکردنی دامەزراوە فەرهەنگییەکان، بە هۆکاری گران بوونی کاغەز دەزانن.
بەگشتی له ئێراندا، بازاڕی کاغەز به فەرمی له لایەن هیچ دەمودەزگایەکی ڕێژیمەوە سەرپەرەستی ناکرێت.

ئەبوولفەزڵی ڕەوغەنی، بەرپرسی سەندیکای بەرهەمهێنەرانی کاغەز له ئێران، لەو بارەوە ڕایگەیاندووە: ڕێژەی کاغەز له هەمبارەکانی ئێران زۆر کەمه و گران بوونی هەویری کاغەز بۆ بەرهەمهێنەرانی نێوخۆیی بووەتە هۆکاری کەم بوونەوەی بەرهەمهێنانی کاغەز له نێوخۆی ئێراندا.

بەپێی وتەکانی بەرپرسی سەندیکای بەرهەمهێنەرانی کاغەز له ئێران، کەم بوونەوەی پێشنیاری کاغەز له ئێران کاریگەریشی لەسەر بازرگانانی کاغەز داناوە و ڕێژەی هاوردەکردنیان کەم بووەتەوە.

ئەم کێشە و گرفتانه بووەتە هۆکاری ئەوەی که زۆرێک لە ڕۆژنامەکانی ئێران، ڕێژەی بڵاوکردنیان ڕابوەستێت و دابخرێن، هەروەها زۆر ڕۆژنامەش ڕێژەی بڵاوکردنەوەیان له نیوە کەمتر بکەنەوە.