کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرجەم کانێکسی گوندی کاعەبدوڵڵا لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە دابین کرا

14:56 - 13 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: خەڵکی شاری مەهاباد بەیارمەتی خێرخوازانی ئەم شارە، لە هەڵمەتێکدا سەرجەم کانێکسی گوندی کاعەبدوڵلا سەر بە شاری سەرپێڵی‌زەهاویان دابین کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە درێژەی یارمەتی‌گەیاندنی خەڵکی کوردستان بە پارێزگای کرماشان و هاونیشتمانیانی خۆیان، بەشێک لە خێرخوازان و خەڵکی مەهاباد کانێکسی گوندی کاعەبدوڵڵا سەر بە شاری سەرپێڵی‌زەهاویان لە کرماشان دابین کرد.

یەکێک لە سەرپەرەشتیارانی ئەو پڕۆژەیە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، باسی لەوە کردووە ئەو کاروانی یارمەتییە کە بۆ گوندی کاعەبدوڵڵا بەڕێ دەکرێت ١٥ کانێکس، ١ سرویسی بێهداشتی و حەمامێکی گەڕۆک لەخۆدەگرێت؛ هەروەها تێچووی سەرجەم ئەو کانێکسانە لەلایەن خەڵکەوە دابین کراوە کە بڕی ئەو پارەیەش ٥٤ میلیۆن تمەن مەزندە کراوە.

هاوکات ئەو خێرخوازانە بە مەبەستی دروستکردنی قوتابخانه لەو گوندە داوایان لە خەڵکی شارەکەیان کردووە کە یارمەتی کۆبکەنەوە.

لە دوای بوومەلەرزەی چەند حەوتوو پێش ئێستای کرماشان، خەڵکی ئەو پارێزگایە تووشی کارەساتی دڵتەزین بوون و لەحاڵێکدا کە بەپێی ئەرکە یاساییە دیاریکراوەکان دەوڵەت دەبوایە چارەسەری کێشەکانی بوومەلەرزەلێدراوان بکات، ڕێژیم هیچ یارمەتییەکی بە خەڵکی ئەو شارە نەکرد.

بەهۆی نەبوونی سەرپەنا بۆ خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو، خەڵک لە شارەکانی شنۆ، سەقز، سنه، مەهاباد و چەند شاری دیکەی کوردستان و ئێران کانێکسیان بۆ خەڵکی لێقەوماوی کرماشان ساز کرد و بۆیان بردن تا لە وەرزی سەرمادا بێسەرپەنا نەمێننەوە.

ئەم هاوکارییە خەڵکییانە لەکاتێکدا دەکرێن کە بەرپرسانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم بە خەڵکیان ڕاگەیاندووە کە ئەو کەسانەی کانێکس وەردەگرن دەبێ بڕی ٥ میلیۆن تمەن پارە بدەن؛ ئەو کانێکسانەش کە ڕێژیم بۆ خەڵکی ناردووە شکاو و بێکەڵکن و خەلک نەیانتوانیوە هیچ کەڵکێکی لێوەر بگرن.

خەڵکی کوردستان دوای ئەوەیکە دیتیان بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە سەرپەنا بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان دروست ناکەن و سەرما و سۆڵە هەڕشە لە گیانی هاووڵاتیان دەکات خۆبەخشانە هاتنە مەیدان و قۆڵی هیممەتیان لێهەڵماڵی.