کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشانگایەکی نیگارکێشی بۆ منداڵانی کرماشان بەڕێوە چوو

15:04 - 13 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: بەمەبەستی یارمەتی گەیاندن بە منداڵانی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان پێشانگایەکی نیگارکێشی لە شاری مەهاباد بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە تالاری وەحدەتی شاری مەهاباد بە بەشداری بەشێک لە هونەرمەندان پێشگانگای وێنەی ڕۆژهەڵات به مەبەستی یارمەتی گەیاندن بە منداڵانی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان بەڕێوەچوو.

ئەو پێشانگایە لە لایەن میکائیل بایزیدی، چیا حەسەنخاڵی و سیامەند ڕیسمانی سێ هونەرمەندی خەڵکی شاری مەهەباد بە نێوەڕۆکی سروشت بەڕێوەچوو کە ٣١ بەرهەمی لەخۆگرتبوو.

بەڕێوەبەرانی ئەو پێشانگایە باسیان لەوە کردووە کە ئەو پارەیەی لە فرۆشتنی وێنەکاندا بەدەست دێت بۆ منداڵانی بوومەلەرەزلێدراوی کرماشان تەرخان دەکرێت؛ هەروەها چیا حەسەنخاڵی گوتوویەتی بەپێی ئەوەیکە منداڵانی کرماشان لەو بوومەلەرزەیەدا هیچ گرینگی و بایەخیان پێ نەدراوە، ئامانجی ئێمە ئەوەیە بە کڕینی بووکەڵە و کەلوپەلی دیکە دڵی ئەو منداڵانە شاد بکەین.

لە ڕووداوی بوومەلەرزەی کرماشاندا منداڵان بەشێكن لە قوربانیانی سەرەکی ئەو ڕووداوە سروشتیە و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کەمترین ئاوڕیان لەم قوربانییانە داوەتەوە.

بەپیی هەندێک ڕاپۆرتی نافەرمی زیاتر لە ٢٥ منداڵی ئەو ناوچانە بەهۆی بوومەلەرزەوە بێ‌سەرپەرست بوون.