کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسییەکانی یەمەن وەدرۆ کەوتنەوە

15:29 - 13 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: فیلمێک کە لە میدیاکانی سەر بە حوسییەکانی یەمەن، بڵاو کرایەوە و وەهای پیشان دەدا کە وێستگەیەکی ئیماراتی یەکگرتوو کراوەتە ئامانج، وەدرۆ خرایەوە.

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەز، هەندێک لە میدیاکانی سەر بە حوسییەکان و هەروەها میدیاکانی ڕێژیمی ئیران، هەواڵی کرانە ئامانجی وێستگەیەکی ناوکی ئیماراتیان بە مووشەکێکی کروز، بڵاو کردەوە.

حوسیەکانی یەمەن وتوویانە کە رۆژی یەکشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە موشەکێکی کروز وێستگەی ناوکی البراکەی ئیماراتیان کردووەتە ئامانج، بەڵام ئیمارات ئەو هەواڵەی رەت کردۆتەوە و رایگەیاندووە کە سیستمی بەرگریکاری ئیمارات توانایی لەنێوبردنی ئەو جۆرە هێرشانەی هەیە.

لە کورتە فیلمێکدا کە لە کەناڵی فەرمی سەر بە حوسییەکانی یەمەن کاتی هاویشتنی ئەو مووشەکە پیشان دەدا، بە ئاشکرا دەردەکەوێ کە چەند چرکە پاش هاویشتن، موشەکەکە لە ئاسمان دەتەقێتەوە و لە نێودەچێ، سەرچاوە جۆراوجۆرەکانیش باس لە کەوتنە خوارەوەی لاشەی لەنێوچووی ئەو مووشەکە لە خاکی یەمەن دەکەن.

رۆژی شەممە ١١ی سەرماوەز، ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری کاروباری دەرەوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، باسی لەوە کردووە کە شۆڕشی سەنعا دژ بە حوسییەکان پێویستی بە یارمەتیدان هەیە، هەروەها لە تویتەری خۆیدا نووسیویە: ئاکامی شۆڕشی سەنعا هەرچی بێت، پیشاندەری ئەوەیە کە حوسییەکانی سەر بە ئێران مەحکومن بە لەنێوچوون و جێگەوپێگەی یەمەن لای وڵاتانی عەرەبی پارێزراوە.

فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانەتیی عەرەبی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بنکە و بارەگای حوسییەکانیان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی سەنعا بۆردومان کرد.