کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنانی تووشبوو به ئەیدز له ئێراندا ١٠ قات زیادبوون

20:05 - 13 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: به وتەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕێژەی تووشبووان به نەخۆشی ئەیدز له نێو ژناندا ١٠ قات زیادی کردووە.

له وتووێژیکدا که ڕۆژنامەی ئارمان لەگەڵ بەرپرسی ناوەندی لێکۆلینەوەی ئەیدزی ئێران کردوویەتی، ئەم بەرپرسەی ڕێژیم ئاماژەی به زۆربوونی ڕێژەی تووشبووانی نەخۆشی ئەیدز کردووە و ڕایگەیاندووە: ٣٦ هەزار کەس له ئێران شناسایی کراون و مەزندە دەکرێت که ڕێژەی تووشبووان بەم نەخۆشییە زۆرتر لەم ئامارەش بیت.

نگینی باقری، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەیدزی ئێران، لەم وتووێژەدا باسی لەوە کردووە که پێشتر پیاوانی تووشبوو به ئەیدز به تەزریقی ماددە هۆشبەرەکان رێژەیان زۆرتر بوو، بەڵام ئێستە تووشبوونی ژنان بەم نەخۆشییە بەهۆی پەیوەندی جنسی نەپارێزراو، ڕوو له زیادبوونە.

ڕێژیمی ئێران له بەرامبەر ئەم نەخۆشییە و پێشگرتن به زیادبوونی لە نێو کۆمەڵگا زۆر کەمتەرخەمە، ئەگەر له بەشی پەروەردەی ڕێژیم منداڵەکان له قوتابخانه لەگەڵ ئەیدز و چۆنییەتی تووشبوون و پاراستنی خۆیان فێر بکرێن، بەشێکی زۆر لە کێشەکان چارەسەر دەکرێت.

لە لایەکی دیکەشەوە، بێ سەرەوبەرەیی له نێو لاواندا و نەبوونی کولتورێکی ئەمڕۆیی بۆ پەیوەندی گرتن و شاراوە بوونی پەیوەندییەکان و ترس و شەرم له ڕاوێژ وەرگرتن، بووەتە هۆکاری زیادبوونی پەیوەندییە جنسییە نەپارێزراوەکان و مەترسی تووشبوونی زیاتری لاوان بەم نەخۆشییە ماڵوێرانکەرە.