کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین هەڵوێستە فەرمییەکانی ئیسرائیل بەرامبەر بە تاران

20:08 - 13 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە شوبهاندنی دەزگای ویلایەتی فەقیهی وەک ئاڵمانی نازی، ئەم ڕێژیمەی تۆمەتبار کرد بە پەرەدان بە نادادپەروەری.

بێنیامین نێتانیاهوو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێبەرانی ئامریکایی – ئیسرائیلی لە واشەنگتۆن ناسراو بە فۆرووم سەبان تەئکیدی کردەوە کە ئیسرائیل ئیزنی ئەوە بە تاران نادات کە ببێتە خاوەن چەکی ناوکی.

نێتانیاهوو وتوویەتی: ئێمە ناهێڵین ڕێژیمی زێدەخوازی کۆماری ئیسلامی ببێتە خاوەن چەکی ناوکی؛ ڕێژیمێک کە دەیهەوێ ئیسرائیل لەنێو ببات؛ ئێمە ناهێلین ئەم ڕێژیمە بەشێوەی سەربازی لە سووریەدا بمێنێتەوە چوونکە دەزانین مەبەستی لە مانەوە لە خاکی سوریەدا هەرچی زووتر لەنێوبردنی ئیسرائیلە.

لە بەشێکی تری قسەکانیشیدا ڕوو لە سیاسەتداڕێژەرانی ئۆرووپایی و ئامریکایی وتی: دەبێ هاوشێوەی ترامپ هەوڵ بۆ نەهێشتنی کەمایەسییەکانی نێو ڕێککەوتننامەی بەرجام بدەن.

لەلایەکی دیکەشەوە، وەزیری پێوەندییەکانی ئیسرائیل ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەز وێڕای پیداگری کردنەوە لەسەر مەترسییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچە ڕایگەیاند: هەڵوێستی ئیسرائیل ڕوونە؛ بەهیچ شێوەیەک ناهێڵین ئێران لە سنوورەکانمان نیزیک ببێتەوە و لەم ڕاستایەشدا لە هیچ هەوڵێک خۆناپارێزین.

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە ڕۆژی شەممە ئیسرائیل بە هاویشتنی چەند مووشەک پێگەیەکی سەربازی کۆماری ئیسلامی لە باشوری دیمەشقی لەنێوبرد.