کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا دەست بەسەر ئاسەوارە میژووییەکانی ڕێژیمی ئێراندا دەگرێت

14:18 - 14 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: دادگای بەرزی ئامریکا بڕیاری زەوت کردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی ڕێژیمی ئێران، بۆ قەرەبوو کردنەوەی زیانی قوربانیانی ساڵی ١٩٩٧ی زایینی تاوتوێ دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دادگای بەرزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە مەبەستی قەرەبوو کردنەوەی زیانی قوربانیانی ساڵی ١٩٧٧ کە لە لایەن گرووپی حەماس لە ئیسرائیل ئەنجام درا، بڕیاری دەست بەسەردا گرتنی ئاسەوارە مێژووییەکانی ڕێژیمی ئیران لە ئامریکا دەدات.

مانگی پووشپەڕی ئەمساڵیش دادگایەکی پێداچوونە باسی لەوە کردبوو، ئەو ئاسەوارە مێژووییانە موڵکی ئێران نین تا دەستیان بەسەردا بگیرێت.

سکاڵاکارانی ئەو دۆسییەیە، ئیددعای ئەوە دەکەن کە ڕێژیمی ئێران، لە هێرشی ساڵی ١٩٩٧دا کە لە لایەن گرووپی حەماس لە ئیسرائیل ئەنجام درا، ڕۆڵی هەبووە و داوای قەرەبوو کردنەوەی ماددی دەکەن و ئەوە بڕە پارەیەش ٧١ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار دولارە.

ساڵی ١٩٩٧ی زایینی لە ئورشەلیم، سێ ئەندامی گرووپی حەماس تەقینەوەیەکی خۆکوژیان ئەنجام دا، کە ٥ کەس کوژران و ٨ کەسی دیکەش بریندار بوون. لەو پێوەندییەدا دادگایەک لە واشنتۆن داوای کرد، ڕێژیمی ئێران قەرەبووی ئەو تێرۆرە بکاتەوە و قوربانیانی ئەو تێرۆرەش داوایان کردووە، ئاسەوارە مێژووییەکانی ڕێژیمی ئێران که لە مۆزەخانە و دامەزراوەی زانکۆی شیکاگۆ، دەستی بەسەردا بگرن.

هاوکات سەرەتای مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ دادگای پێداچوونەوەی فێدراڵی نیۆیۆرک، لە بڕیارێکدا بە دژی ڕێژیمی ئێران بە هۆی کردەوەی تێرۆریستی ئەو ڕێژیمە لە لوبنان بڕی ١.٦ میلیارد دولاری لە داهاتەکانی بانکی ناوەندیی بلۆک کرد.

ئەمە یەکەمجار نییە کە تاران بە تۆمەتی لەم چەشنە سزا دەدرێت، پێشتریش دادگای لوکزامبۆرگ لە ٢٢ی مارسی ساڵی ڕابردوودا، تارانی بە تۆمەتی بەشداری لە هێرشە تێرۆریستییەکەی ١١ی سێپتامبر بە بڕی ١ میلیارد و ٦٠٠ میلیۆن دولار سزا دابوو.