کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارنامەی سیاسی \"سەماکەری سەر مارەکان\"ی یەمەن

15:52 - 14 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: چاوخشاندنێک بە ژیاننامەی سیاسی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرکۆماری پێشووی یەمەن، یەکەم هەنگاو تا دوایین هەناسە.

رۆژی دووشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، میدیاکان هەواڵی تێرۆر کرانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرکۆماری پێشووی یەمەنیان بڵاو کردەوە، ناوبراو پاش کشانەوە لە هاوکاری کردنی حووسیەکانی یەمەن، ڕۆژی دووشەممە کەوتە بۆسەی شەڕخوازەکانی حووسی و پاش لە کار خستنی ماشینەکەی بە دەسڕێژی گوللە تیرۆر کرا.

سەرچاوەکانی حووسی وتوویانە، میلیشیاکانیان ماشینی گوللەنەبڕی عەلی عەبدوڵڵا ساڵحیان بە مووشەکی ئارپی‌چی لە کار خستووە و پاشان بە گووللە کوشتوویانە، هەروەها کوژرانی ئەو لە لایەن حیزبی کۆنگرەی نەتەوەیی پشتڕاست کراوەتەوە و وێنەی تەرمی بێ‌گیان و خوێناویی لە میدیاکان بڵاو کرایەوە.

پاش نزیک بە سێ ساڵ لە هاوپەیمانەتی لەگەڵ حووسیەکانی شێعەی یەمەن، چەند ڕۆژ پێش عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بەرەو لای هاوپەیمانیەتی عەرەبی بە سەرکردایەتی عەرەبستان ئاوڕی دایەوە و ڕۆژی شەممە ١١ی سەرماوەز لە ئاخاوتنێکدا وتی: ئامادەیە تا بەرگێکی نوێ لەگەڵ هاوپەیمانیەتی عەرەبی بە سەرکردایەتی عەرەبستان هاوکاری دەست پێ بکات و حووسییەکانی بە کۆمەڵیک میلیشیای کودەتاچی ناو برد، ئەم ئاخاوتنە خائین ناساندنی ئەو لە لایەن حووسیەکانی لێ کەوتووەتەوە.

عەلی عەبدوڵڵا ساڵح ساڵی ١٩٤٢ لە گوندی بەیتەلئەحمەر لە سەنحان کە دەکەوێتە ٤٠ کیلۆمێتری باشووری ڕۆژهەلاتی سەنعا پێتەختی یەمەن، لە دایک بووە.

ساڵی ١٩٧٨ی زایینی توانی بگاتە پلەی سەرگوردی زرێی لە سپای یەمەنی باکووردا و هەر لەو ساڵەدا ئەحمەدلعەمشی سەرکۆماری ئەوکاتی یەمەن کوژرا و عەبدولکەریم ئەلعەرشی بە شێوەی کاتی پۆستی سەرکۆماری بە دەستەوە گرت، بەڵام زۆری نەخایاند کە وازی لە پۆستەکەی هێنا و عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بوو بە شەشەمین سەرکۆماری یەمەن و تا ساڵی ١٩٩٠ و کاتی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی دوو بەشی یەمەنی باکوور و باشوور بۆ ماوەی ١٢ ساڵ لەو پۆستە مایەوە و پاشان بوو بە یەکەمین سەرکۆماری یەمەنی یەکگرتوو.

هاوینی ساڵی ١٩٩٤ی زایینی، لەگەڵ ڕێبەرانی جیایی‌خوازی باشووری یەمەن شەڕی کرد و پێگەی خۆی لە یەمەن بەهێزتر کرد، ساڵی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٠ شەش جار دژ بە میلیشیاکانی حووسی شەڕی کردووە.

ساڵی ٢٠١١ بە دەستپێکی بەهاری عەرەبی لە یەمەن کە بە شۆڕشی گەنجان ناسرا، هێزی سەربازیی یەمەن بوو بە دوو بەش، بۆ چارەسەری ئەو دۆخە بە پێشنیاری وڵاتانی ناوچە، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە بەرانبەر حیزبی کۆنگرەی نەتەوەیی، لە پۆستەکەی کشایەوە.

ساڵی ٢٠١٤ ناوبراو سەرەڕای ئەوەی کە لە پۆستی سەرکۆماری نەمابوو، خۆی و لایەنگرەکانی چوونە پاڵ حووسیەکانی یەمەن و دژ بە حکوومەتی عەبد ڕەبە مەنسوور هادی سەرکۆماری فەرمی یەمەن کودەتایان کرد.

ئەم هاوپەیمانیەتییە نزیک بە ٣ ساڵ بەردەوام بوو، تا ئەو کاتەی کە عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە حووسیەکان کشایەوە و جووڵانەوەیەکی دژ بە حووسیەکان دەست پێکرد و ئامادەیی خۆی بۆ سازان و هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانیەتی عەرەبی دەربڕی و لە چەند ڕۆژی رابردوودا شاری سەنعا ببوو بە ناوەندی شەڕی قورس لە نێوان لایەنگرانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح و میلیشیاکانی یەمەن، کە لە ئاکامدا حووسیەکان توانیان دەست بەسەر هەموو شاری سەنعادا بگرن و خانووی عەلی عەبدوڵڵا ساڵحیان تەقاندەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵگری ڕۆیترز، درێژە کێشانی شەڕی یەمەن بووەتە هۆکاری دروست بوونی بارودۆخی زۆر نالەبار لەو وڵاتە و خەڵکی ئەو وڵاتە بەرەوڕووی قاتی و قڕی بوونەتەوە، بەڵام وا پێدەچێت کە بڕیاری عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بۆ کشانەوە لە حووسیەکان کاریگەریەکی یەکجار زۆری لە سەر ئاکامی شەڕ دەبێت.

ئێستە پاش کوژرانی ناوبراو زۆربەی سەرنجەکان بەرەو لای لایەنگران و فەرماندەرانی سپای عەلی عەبدوڵڵا ساڵح دایە، چاوەدێرانی سیاسی لەسەر ئەو بڕوایەن کە لایەنگرەکانی ساڵی ٢٠١٤ ڕۆلێکی یەکجار زۆریان بینیوە لە بەرەو پێشچوونی خێرای میلیشیاکانی حووسی و کۆنترۆڵ کردنی بەشێکی زۆر لە خاکی یەمەن.

عەلی عەبدوڵڵا ساڵح دەسەڵاتی سیاسی ٣٣ ساڵەی خۆی بەسەر یەمەن بە سەماکەری سەری مارەکانی یەمەن شوبهاندبوو، کە یەمەن لە سەردەمی حوکمڕانی ئەودا شاهیدی یەکپارچە بوونی بەشی کۆنەپارێزی باکوور لەگەڵ بەشی مارکسیستی، شەڕی نێوخۆیی، سەرهەڵدان و شۆڕش و ململانێی هێزە توندڕەوەکان و ... هتد، بووە.

لە ئاکامدا وەرچەرخانی سیاسی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بەرەو لای هاوپەیمانیەتی عەرەبی و دەربڕینی شەڕ دژ بە حووسیەکانی یەمەن، بووە هۆی تیرۆر کرانی ناوبراو بە دەستی حووسیەکان لە ڕۆژی دووشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی و بەو شێوەیە کارنامەی سیاسی ئەو ڕێبەرە سیاسییەی یەمەن پێچرایەوە.