کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هوشداریی فەڕانسە و دژکردەوەکانی ڕێژیمی ئێران لەسەر بەرنامە مووشەکییەکانی ئەو وڵاتە

20:28 - 14 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی فەرانسە هوشداری به ڕیژیمی ئێران داوە، کە بەرنامە مووشەکییەکانی خۆی ڕابگرێت و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دژکردەوەیان نیشان داوه.

ژان‌ئیو لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕانسە، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، له پرێس کونفڕانسێک لەگەڵ هاوتای ئاڵمانیی خۆی له شاری پاریس، ڕایگەیاندووە: ڕێژیمی ئێران دەبێ له بەرنامە مووشەکییەکانی و سیاسەتە هێژمونییەکانی له ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست دەست بکێشێت.

ئەم وتانەی وەزیری دەرەوەی فەڕانسە، دژکردەوەی ڕێژیمی ئێرانی بەدوادا بووە، بەهرامی قاسمی وتەبێژی وزارەتی دەرەوەی ڕیژیمی ئیسلامی، دوێنی دوای قسەکانی ژان‌ئیو لۆدریان، ڕایگەیاندووە: که ڕێژیمی ئێران بەرنامە مووشەکییەکانی خۆی ڕاناگرێت و لەسەر ئەم بابەتە وتووێژ ناکەن.

بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران و تاقی کردن و بەکارهێنانیان، بووەتە هۆی نیگەرانی کۆمەڵگای جیهانی و زۆر وڵات به بەردەوامی هوشداری دەدەن به رێژیمی ئیسلامی که بەرنامە مووشەکییەکانی خۆی ڕابگرێت.

هەر لەم چووارچێوەدا یەنس‌ ستۆلتنبێرگ، سکرتێری ناتۆ ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٦ هەتاوی، بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێرانی به مەترسی لەسەر هاوپەیمانانی ناتۆ له جیهان زانیوە و هوشداری به بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران داوە، که دەست له بەرنامە مووشەکییەکانی خۆیان بکێشن.

بەرپرسانی وڵاتی فەڕانسە به بەردەوامی داوا لە ڕیژیمی ئێران دەکەن، که بەرنامەی مووشەکییە بالستیکییەکانی ڕابگرێت، ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرکۆماری فەڕانسە چەندین جار هوشداری داوە به ڕێژیمی ئێران و داوای دانیشتن لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی کردووە.

بەهرامی قاسمی، وتەبێژی وزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لەسەر وتەکانی بەرپرسانی فەڕانسە ڕایگەیاندووە: سیاسەتمەدارانی فەڕانسە له بارەی ئێران دەبێت بزانن ئاڵوگۆڕەکان له ناوچەکه چۆنە و کاریگەرییەکانی ئێران لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست چەندەیە و دووپاتی کردووە، که لەسەر بەرنامە مووشەکییەکان وتووێژ ناکەن.