کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەكی سیاسیی پێشووی كورد كۆچی دوایی كرد

13:55 - 15 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: زیندانییەكی سیاسیی پێشووی كورد كە دوو جار بە سێدارە مەحكووم كرابوو، لە پارێزگای كرماشان كۆچی دوایی كرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، زیندانییەكی سیاسیی پێشووی كورد بە ناوی حەمید مورادی خەڵكی ناوچەی سەر قەڵا سەر بە شاری جوانڕۆ لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

حەمید مورادی ئینسانێكی نشتیمانپەروەر و ئەندامێكی بەوەجی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بوو، كە دوو جار لە لایەن بێدادگاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە مەحكووم بە ئێعدام كرا و لەو ماوەیە لە زینداندا بە ھۆی ئەشكەنجەكانی كۆماری ئیسلامی تووشی جەڵتەی دڵ و نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بوو و ھەر بەو ھۆیەوە ڕێژیم ناوبراوی ئازاد كرد.

پاش ئازادی لە زیندان، حەمید مورادی لە ئاکامی ئەشكەنجەكانی ڕێژیم بینایی چاوەكانی لە دەست دا و نەخۆشی ناوبراو ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبوو و لە كۆتاییدا ڕۆژی دووشەممە لە كاتێكدا نەشتەرگەری دەكرا، لە ژێر دەستی دوكتورەكاندا گیانی لە دەست دا.

بنەماڵەی ناوبراو یەكێك لە بنەماڵە شۆڕشگێڕەكانی ناوچەی كرماشانن، كە چەندین كەسی بنەماڵەیان لە ڕێزەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا پێشمەرگە بوون و خەباتیان كردووە. ھەروەھا كوڕێكی كاك حەمید بە ناوی ڕزگار مورادی لە وڵاتی دانمارك ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانە .

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.