کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزانن منداڵانی شیناوێ گەورە بوون بەڵام بە هەمان دەرد و ئازارەوە

14:43 - 15 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: قوتابیانی قوتابخانەی شیناوێ بە دەرد و ئازارەوە گەورە بوون و شوێنی ئاگر لە سەر جەستەیان به هۆی نابەرپرسیاریەتی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ئێستەش ئازاری هەیە.

ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، لەوەها ڕۆژێکدا، ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەز، بە ھۆی ئاگرکەوتنەوە لە خوێندنگەیەکی بنەڕەتیی کچان لە گوندی شیناوێ سەر بە شاری پیرانشار لە پارێزگای ورمێ، ٣٧ کچی تەمەن ٩ هەتا ١١ ساڵە به ئاگرگرتنی سۆبەی نەوتی، تووشی سووتان بوون کە حاڵی ١٢ کەسیان مەترسیدار ڕاگەیەندرا.

چەند ڕۆژ دوای ئەم ڕووداوە، دوو کەس لە قوتابیان به ناوەکانی سەیران یەگانە و سارینا ڕەسووڵزادە بە ھۆی سەختی برینەکەیان گیانیان لە دەست دا.

دوای ٥ ساڵ لە تێپەڕێنی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، قوتابیانی ئەم قوتابخانەیە لە نێوان وادە و بەڵێنییە پووچەکانی بەرپرسانی ڕێژیمدا سەرگەردان ماونەتەوە و تەنانەت لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش بێبەشن.

دوای تێپەڕینی ئەو ٥ ساڵە، هەتا ئێستە هیچ ناوەندێکی فەرمیی ڕێژیمی ئێران ئامادەی وڵام دانەوە بە قوربانییان و بنەماڵەکانیان نییە و لە هێندێ‌ ڕێگاوە دەیانەوێ‌ ناکارامەیی، کەمتەرخەمی و سیستمی سەقەتی پەروەردەییان، بە دانی پارە بە بنەماڵەی قوربانییان پەردەپۆش بکەن.

لەو پێوەندییەدا سەرەڕای بەڵێنی دانی پاره بە کچە قوتابیانی شیناوێ ئەم وادەیە تا ئێستە جێبەجێ نەکراوە و قوتابیان لەژێر گوشاری سەختی ئابووریی دان و ڕێژیم پارەی پزیشکیان دابین ناکات.

هاوکات بیمەی ئێران پاش گوشار و ناچار کردنی، لە بواری لابردنی نیوەی بیمەی کچە قوتابیانی شیناوێ بە هۆی ڕەگەزیانەوە ڕایگەیاندبوو، کە بەرزترین نرخی گونجاوی دییەی ئەو کچانە بدات، سەرەڕای وادە و بەڵێنییەکانی بیمەی ئێران و دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ لە کاتی دیاریکراوی ئەو کات هەتا ئێستا بیمە ئەو بڕە پارەیەی نەداوە.

هەروەها بیمەی ئێران دییەی سەیران یەگانە و سارینا رەسووڵزادە ئەو دوو کچە قوتابییەی کە لە کارەساتی شیناوێ گیانیان لە دەست دا، بە نیوە داویە.

لەو پێوەندییەدا، ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، پارێزەری قوتابیانی شیناوێ وێڕای ئاماژه بە ئەوەی کە تەنیا نیوەی دییەی ئەو کچانە دەدرێت وتیشی: بە داخەوە بە هۆی کچ بوون و مێینە بوون کە لە یاساکانی رێژیمی ئێراندا هاتووە، بیمە ڕایگەیاندووە، تەنیا نیوەی دییەی پیاو و ڕەگەزی نێر، بەو کچانە دەدرێت.

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز پارێزەری قوتابیانی شیناوێ، سەبارەت بە بارودۆخی دۆسیەی کچە قوتابیانی شیناوێ ڕایگەیاندووە: کە ١٨ کەس لەم قوتابیانە هەنووکە دییەی تەواویان وەرنەگرتووە. پێدانی دییەی هەتاهەتایی بە کچە قوتابیانی شیناوێ سەرەڕای ئەوەی کە لە لایەن کۆمیسیۆنی تەلفیق پەسەند کراوە، بەڵام هەتا ئێستە بە شێوەی دیاریکراو ئەو بڕە پارەیەیان بۆ نەبڕدراوەتەوە و بە وتەی ئەو پارێزەرە بەردەوام لە بوودجەی ساڵی ١٣٩٤ تاوتوێ دەکرێت.

ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، ئەو ١٢ کچە قوتابییەی شیناوێ، لەگەڵ بنەماڵەکانیان بە ئامادە بوون لە بەردەم بینای وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان داوایان کرد، سەبارەت بە کێشەکەیان چاویان بە وەزیری ڕێژیم بکەوێت، هەرچەندە وەزیری پەروەردە و بارهێنان سەرەڕای ئەوەی کە بەڵێنی دابوو لەگەڵیان چاوپێکەوتن پێک بێنێ، بەڵام چاوپێکەوتنی ئەنجام نەدا.

ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، کچە قوتابییەکانی شیناوێ پاش ئەوەی که ئێدارەی بیمە ڕایگەیاندبوو، بە هۆی کچ بوونیانەوە ئەم قوربانییانە، نیوەی دییەی سووتانیان پێ دەدرێت، لەگەڵ بنەمالەکانیان لە بەرانبەر دەفتەری سەرکۆماری ڕێژیم لە تاران کۆبوونەوە.

لە لایەکی دیکەوە، مۆرە دەستنیشانکراوەکانی ڕێژیمیش لە مەجلیس کە یەکێک لە ئەرکەکانیان داکۆکی کردن لە مافی هاووڵاتییانە، هەتا ئێستە هیچ پەرچەکردار، یان لێدوانێکی تایبەتیان کە ببێتە مەرهەمێک بۆ برینی ئەو منداڵانە نەدرکاندووە و تەنیا لێدوانی سەرزارەکی دەدەن.

٥ ساڵ بە سەر ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی شیناوێ تێپەڕ دەبێت و سەرەڕای پڕۆپاگەندەی میدیاکانی سەر بە ڕێژیم و بەتایبەت پەروەردە و بارهێنان سەبارەت بە پێدان و جێبەجێ کردنی خزمەتگوزاری و پێداویستی کچە قوتابیانی شیناوێ و قوربانیان و هەروەها بایەخ‌نەدانی ڕێژیم بە کوردستان، داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکراوە و هەر چەند جار قوتابیانی شیناوێ لەگەڵ بنەماڵەکانیان بۆ بەدوادانەچوون بە کێشەکانیان لە بەردەم مەجلیسی ڕێژیم یان وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان کۆبوونەوە پێک دێنن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن.