کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێڕشی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم بۆ سەر گوندێک له ئیلام

15:15 - 15 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، هێرشیان کردووەتە سەر گوندی جلیزی له دەشتی عەباسی پارێزگای ئیلام و بە شێوەیەکی نامرۆییانە لە خەڵکیان داوە.

بەپێی هەواڵه بڵاوکراوەکان، هێزه نیزامییەکانی ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٣ی سەرماوزی ١٣٩٦ هەتاوی گوندی جلیزی دەشت عەباسیان گەمارۆ داوە و هێرشیان کردووەتە سەر خەلکی ئەو گوندە ٥٠ کەسیان دەسبەسەر کردووە.

ئەم هێرشە له لایەن هێزەکانی ئەرتەش بە مەبەستی دەست بەسەردا گرتنی زەوییەکانی ئەو ناوچەیە کراوە و ئیددعای ئەوە دەکەن کە ئەم زەوییانە کە زیاتر له ٤ هەزار هێکتارە زەوی ڕێکخراوی اتکای ئەرتەشە.

ئەو زەوییانه کە موڵکی خەڵکی گوندی جلیزییە و تەنیا داهاتیان وەرزێرییە، بە دەیان ماشینی نیزامی به چەکدارەوە هێرشیان کردووە سەر خەلکی گوندەکە که زۆربەیان ژن و منداڵ بوونە و له کاتی کارکردن به گازی فرمێسکڕێژ و باتۆم، لە خەڵکیان داوە هەتا زەوییەکانیان بەجێ بهێڵن.

به هۆی لێدانی خەڵک لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، زۆرکەس لەو ژنانە ڕەوانەی نەخۆشخانه دێهلۆران کراون و هێزه نیزامییەکانی ڕێژیم دیسان به هێرش کردنەوە سەر نەخۆشخانەی ئەو شارە، چەندین ژنیان دەسبەسەر کردووە.

به هۆی ئەم هێرشەی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، خەڵکی گوندی جلیزی، ئاوارەی شاخەکان و گوندەکانی دیکه بوونه.

ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، له سەرانسەری ئێراندا گەورەترین داگیرکەرانی زەوین و به زۆرملێ میلیۆنان هێکتار زەوی خەڵکیان داگیر کردووە.