کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برسیەتی سەرەکیترین کێشەی دانیشتوانی خوزستانە

15:42 - 15 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: نەوەد لەسەدی نەوتی ئێران لە خوزستاندایە، بەڵام یەک لەسەر سێی بنەماڵەکانی ئەو پاریزگایە کێشەی برسیەتییان هەیە.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی جۆندی شاپووری ئەهواز، لە نێوان هەر سێ‏هەزار بنەماڵەی پارێزگای خوزستان، هەزار بنەماڵەیان تووشی کێشە جۆربەجۆرەکانی برسیەتی هاتوون؛ بەرپرسی ئەو زانکۆیە وتوویەتی: زەنگی مەترسیی نەبوونی ئەمنیەتی خوراک لەو پارێزگایە لێدراوە.

ئیرەج نەزەری، بەرپرسی زانکۆی زانستە پزشکیەکانی جوندی شاپور وتوویەتی: لەوانەیە کەسێک لەم پارێزگایە نەبێت کە یەکەمین کاری ڕۆژانەی خۆی بە تێرکردنی زگی خۆی و منداڵەکانی نەزانیت، ئێستە بزانن ئەو کەسەی کە ئەوەندە توانایی نەبێ زگی خۆی تێر بکات دەبێ چەندە کێشەی هەبێت.

نەزەری خوازیاری چارەسەری کێشەی برسیەتی و کار لەو پارێزگایە بووە و وتوویەتی: قبووڵ کردنی ئەو دۆخە، لەحاڵێکدایە کە خوزستان نەوەد لەسەدی سەرمایەی نیشتمانی ئێران دابین دەکات، زۆر سەخت و ناعادڵانەیە.

ئەگەرچی پارێزگاکانی عەرەبستان و هەروەها پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بەشێکی هەرە زۆری سەرمایەی ئێران دابین دەکەن و بەردەوامیش بوونەتە قوربانی فراوانخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی و زۆرجار لە شەڕدا تووشی خەساری گەورە بوون، بەڵام لە کەمترین خزمەتگوزاری و خۆشبژێوی بێبەشن و بەردەوام لەگەڵ کێشەگەلی جۆراوجۆری بێهداشتی و خۆراک دەست و پەنجە نەرم دەکەن.

کرماشان، سەرپێڵی زەهاو و ئیلام، سێ ناوچەی دەوڵەمەند لەڕووی هەبوونی کانزای نەوتن و چەندین ساڵە، ڕێژیم لەو ناوچانە نەوت بەرهەم دێنێت، بەڵام خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی ئەو ناوچەیە لە یارمەتی حکومەت بێبەش کراون و لەم سەرما و بۆرانەی زستاندا تەنیا چاوی هیوایان بڕیوەتە دەستی خوشک و برا کوردەکانیان کە یارمەتیان بدەن بۆ درێژەدانی ژیان و نۆژەن کردنەوەی خانووەکانیان.