• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
١٥ی دێسامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٢٤ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

ڕێبەڕیی لێبڕاو و هێزی پێشمەرگەی کاریگەر زامنی سەرکەوتنن

زایینی: ٠٦-١٢-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٩/١٥ - ١٩:٣١ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
ڕێبەڕیی لێبڕاو و هێزی پێشمەرگەی کاریگەر زامنی سەرکەوتنن
جاقل

ناپلئۆن: ئێمە نابێت وەک یۆنانیەکانی دەورانی ڕۆم مان لێ بێت کە کاتێک مەنجەنیقەکانی دوژمن دیوارەکانی شارەکەیانی وێران دەکرد ئەوان خەریکی دەمە دەمێ و چەلەحانێ و قسە بە زۆراندان دا بوون ...

شەڕی داگیرکەرانی کوردستان بەرامبەر بە نەتەوەی کورد بە گشتی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەتایبەتی، تەنیا بە ڕوبەڕووبوونەوەی نیزامی نەبەستراوەتەوە بەڵکوو دوژمن لە ڕێگای جیاجیا و یەک لەوان پڕوپاگەندەی بێبنەما بەردەوام هەوڵ دەدات پرش و بڵاوی لە نێو ماڵی کوردان دروست بکات تاکوو بەمشێوەیە زیاتر بتوانێت بە ئامانجە گڵاوەکانی بگات.

یەکێک لەو تەبلیغاتە بێ بنەمایانە ئەوەیە کە گوایە: کورد بۆ ڕزگاری و سەربەستی خۆی کەم هەوڵ دەدات و زۆرتر پشتی بە وڵاتانی بیانی و زلهێز بەستووە هەتا مافە نەتەوایەتییەکانی بۆ دەستەبەر بکەن!!! مێژووی خەباتی میللەتی کورد و ڕوداوەکانی ئەم چەند مانگەی ڕابردوو سەلماندیان کە میللەتی کورد بۆ خۆی هەمیشە لە مەیدانی خەبات و تێکۆشاندا بووە و هەیە و تەنیا داواکاری لە وڵاتە زلهێزەکان ئەوەیە کە پشتگیری داگیرکەرانی کوردستان نەکەن و دەسکەوتی خەباتی نیشتمانەکەیان بە تاڵان نەبەن کە بە داخەوە هەتا ئەم کاتەش هیچ پاڵپشتییەکی کردەیی نێودەوڵەتی لە کورد و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان نەکراوە، جگە لە هەندێ قسەی هەمیشەیی و دروشمی بریقەدار و ڕەنگا و ڕەنگ نەبێت.

وڵاتانی زلهێز بەپێی بەرژەوەندییە ئابووری و ستراتیژییەکانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوردستان هەڵسوکەوت دەکەن و ئەوان ناتوانن بۆ ئێمەی کورد نە دۆست و نە دوژمنی تا سەر و هەتاهەتایی بن؛ کورد دەتوانێت لەم زەرفییەت و بەستێنانە بەپێی ئیمکان کەڵک وەربگرێت تاکوو زیاتر لە ئازادی و ڕزگاری نەتەوەیی نیزیک ببێتەوە. کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بە ڕۆژهەڵاتیشەوە ئێستا ئەکتەرێکی چالاک و حاشاهەڵنەگری نێو ئەم ململانێ سیاسیانەیە. لەم چەند ساڵەی ڕابردووشدا دەبینین کە بە شێوەی ئاشکرا و بوێرانە لەلایەن ڕێبەرایەتی حیزبە کوردییەکانەوە جەخت لە بەهێزترکردنی هێزە کوردییەکان کراوە.

بەڵێ ... تەنیا ئەو کاتە ئێمەی کورد دەتوانین لەم زەرفییەت و دەرفەتانە کەڵک وەربگرین کە خاوەنی هێزی یەکگرتوو و شوێندانەر بین؛ هێز، هاوکێشەکان دەگۆڕێت و ئیرادەی نێو کۆمەڵگا بە نیسبەت هەنگاو هەڵگرتن و نرخ دان بۆ مافە میللیەکان چەندین قات بەرز دەکاتەوە؛ هێز دەتوانێت شێوەگەل یان ئامرازگەلی جیاجیا بێت کە لە دەست ڕێبەرایەتی میللەتی کورد یان حیزبێکی کوردیدا وەک کارتی گوشار لە کاتە پێویستەکاندا بە دژی دوژمنی داگیرکەر کەڵکی لێ وەربگیرێت؛ هێزی نیزامی لە هەموو وڵاتانی جیهاندا وەک ترۆپکی سەرجەم ئەو هێزە هێرشبەرانە یان بەرەنگاری‌کارانە سەیر دەکرێت کە وڵات یان نەتەوەیەک یان کۆمەڵگایەک لە نێوخۆیدا بەرهەمی دەهێنێت.

لە کوردستاندا ئەو هێزە هێزی پێشمەرگەیە؛ پێشمەرگە مرۆڤێکی بەرهەڵستکارە کە بۆ داکۆکی لە مان و مەوجودییەتی خاک و نەتەوەکەی و پاش سەپاندنی شەڕ لە لایەن دوژمنەوە بەسەر گەلەکەیدا دەستی بۆ چەک بردووە و بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و ئینسانییەکانی نەتەوەکەی ئامادەی هەموو چەشنە گیانبازییەکە. لە نێوخۆی کۆمەڵگای کوردستاندا، ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین بە لەونێک بووەتە پاژنە ئاشیلی کۆمەڵگا و خەباتی کورد و کەسانێک بە ئەدەبیاتی داگیرکەر، یان لێکدانەوەی هەڵەی بەئەنقەست یان کەڵک وەرگرتنی دوژمنکارانە لە وتاری ئاشتیخوازانەی حیزبە کوردییەکان کە داواکاری چارەسەرکردنی کێشەی کوردن لە ڕێگای دیالۆگەوە، لە هەوڵدان دەور و کاریگەری هێزی پێشمەرگە و هێزی نیزامی کەم بکەنەوە و ڕای جیاواز و سەیر و سەمەر تێکەڵ بەم پرس و بابەتە گرینگە بکەن تاکوو لە ژێر ئەم دەمامکەدا بە ئامانجە چەپەڵەکانیان بگەن. (هەرچەند کە پێشمەرگە تەنیا هێزێکی نیزامی نییە، بەڵام لەم نووسراوە کورتەدا زۆرتر تیشک دەخرێتە سەر باری نیزامیەکەی)
خوێنەرانی هێژا؛ کەسی سەرکەوتوو و براوە ئەو کەسە نییە کە تەنیا پلانە سیاسی و نیزامییەکان دادەڕێژێت یان ڕێگای چارەسەرکردنی گرفتەکان دەدۆزێتەوە بەڵکوو ئەو کەسەیە کە بەرپرسایەتی تەواوی ئەو کارانە لە مەیدانی کردەوەدا لە ئەستۆ دەگرێت و بە جێگای شانازی‌کردن و لەخۆبایی‌بوون بۆ هێزی زیاتر هەوڵ دەدات؛ ئەو قارەمانە بەجەرگ و دلێرە لە کوردستان کەسێک نییە جیا لە پێشمەرگە.

شەڕ بە هەر دوو شێوەکەیەوە (بەرگریکارانە و هێرشبەرانە) فەن و هونەرێکە کە ئەگەر بێت ‌و لەلایەن سەرکردە یان میللەتێکەوە بە کەم بایەخ دابنرێت، لێهاتوویی و ئیرادەی ئەو میللەتە دەباتە ژێر پرسیار. "ناپلئۆن بۆناپارت" سەرەڕای سەرەڕۆیی و زێدەخوازییەکانی، نمونەی کەسێکی شەڕکەر و شارەزای کەم وێنەی لایەنی نیزامی بوو؛ ئەگەرچی کۆمەڵانی خەڵک لەژێر چەتری شۆڕشی فەرانسەدا کۆببوونەوە بەڵام ئەوە ناپلئۆن بوو کە بە ڕۆحییەی جەنگاوەرانەی خۆی توانی کەڵکی پێویست لەو خەڵکە لە ڕێگای نیزامیدا وەربگرێت و جوغرافیایەکی بەربڵاوتر لە زەمەنێکی تایبەتدا بۆ فەڕانسە دروست بکات؛ ئەو هەمیشە ڕێزی لە جەنگاوەران وەردەگرت و پاداشتی بوێرییەکانیانی دەدایەوە.

فەلسەفەی بوون و خەباتی پێشمەرگە، زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو خوێنڕێژیە بێ‌بەزەییانەی کە لە مێژووی زۆربەی وڵاتان و سەرکردەکانیاندا، بە ناپلئۆنیشەوە، دەبینرێت؛ بەڵام وەبیرهێنانەوەی ئەم بڕگە کە هێزی چەکدار و شۆڕشگێڕ دەتوانێت دەسکەوت و سەربەرزیگەلی بێ‌هاوتا بۆ نەتەوەکەی تۆمار بکات گرینگی تایبەتی خۆی هەیە. ناپلئۆن پێی وابوو ململانێیکی بچووک دەتوانێت ببێتە شەڕ و براوەی شەڕەکە دەتوانێت لایەنی شکست خواردوو لە سەر مێزی وتووێژ ملکەچی خواست و داواکارییەکانی خۆی بکات.

مێژووی نوسراو سەرەڕای بەکەڵک بوونی، پڕە لە چەواشەکاری و هەڵگەڕاندنەوەی ڕاستییەکان بە قازانجی دەسەڵاتی باڵادەست و مرۆڤ ناتوانێت بە حەقیقەتێکی ڕوون و بێ خەوش بگات؛ لێرەدا بەمەبەستی ڕوونتر بوونی باسەکەمان چەند نموونەیەکی مێژوویی دەهێنینەوە: کوروش یەکێک بووە لە خوێنڕێژترین و فێڵاویترین شەڕکەرەکانی نەتەوەی خۆی، کەچی دەبینین ئەمڕۆ لە فەرهەنگ و مێژووی نەتەوەی فارسدا وەک سیمبوولی بەزەیی و ئینساندۆستی بانگەشەی بۆ دەکرێت !!! ناپلئۆن پێی وابوو لەشکرێک کە خاوەنی فەرماندەیەکی خراپ بێت سەرکەوتووتر دەبێت هەتا لەشکرێک کە خاوەنی دوو فەرماندەی باش بێت؛ ئەو ئەگەرچی ئامانجی بۆ مارشاڵەکان دیاری دەکرد بەڵام هەمیشە دەستیانی ئاوەڵا دەهێشتەوە هەتا بەپێی خەلاقییەت و زانستی خۆیان بەرەو ئامانجەکان بڕۆن؛ لە ئیسپانیادا خەڵکی ڕەش و ڕووت و ئاسایی بەرەنگاری لەشکری فەرانسە بوونەوە، ئەو خەڵکە ئەگەرچی نەیانتوانی شکست بە هێزی داگیرکەری فەرانسە بێنن بەڵام توانیان خەسارەتی زۆر لەو لەشکرە بدەن و لە هەمان حاڵیشدا هێزێکی زۆریش بە خۆیانەوە و بە ئاسایشی ئیسپانیاوە سەرقاڵ بکەن کە لە کەم کردنەوەی تواناییەکانی لەشکری فەرانسەدا کاریگەری زۆریان هەبوو؛ لە ڕوسیادا هەر ئەو هێزە خۆبەخشە ( بە پێچەوانەی ئیسپانیا ، حکومەتی ڕوسیا هەم خەڵکەکەی سازمان دەدا هەم چەکی پێویستیانی بۆ دابین دەکرد) توانیان باندۆڕی زۆریان هەبێت لە شکستی فەرانسەوییەکاندا. بڕوابەخۆنەبوون و بانگەشەی هەندێ لایەن و میدیای جێگای گومان وتواندنەوەی بەشێکی بەرچاوی نوخبە و بە ناو ڕۆشنبیری کورد، لە شتە لاوەکیەکاندا بووەتە هۆکاری ئەوە کە وەها پیشان بدرێ دیفاعی چەکداری بەرانبەر بە داگیرکەر کارێکی هەڵەیە یان خەیانەت تەنیا لە ناو میللەتی کورد و حیزبە کوردییەکاندا هەیە و هتد ...
بەڵام وا نییە ... کاتێک کە (تالیران) وەزیری دەرەوەی ناپلئۆن لە بەرفراوان بوونەوەی ئیمپراتوری ناپلئۆن و شەڕە یەک لە دوای یەک و بێ کۆتاییەکانی ناپلئۆن ترسی لێ نیشت، ئەو لەگەڵ "فووشە" و چەند مارشاڵێکی دیکە ژێربە ژێر لەگەڵ وڵاتە هاوپەیمانەکان بەدژی ناپلئۆن ڕێککەوتن، کە لە ئاکامدا پاریسیان تەسلیمی هێزی هاوپەیمانان کرد. ئەم بڕگە دەتوانێت لەگەڵ زێدەخوازی و دەستتێوەردانەکانی ئێرانی ئەم سەردەمە لە وڵاتانی جیهان و ناوچەکەدا هاوشێوە بێت و لەوانەیە هەر ئێستا زۆر کاربەدەستی تالیران و فووشەڕەنگ لە تاران، پارێزەری بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی بیانی و زلهێزبن.

ناپلئۆن پێی وابوو بۆ شەڕ پێویست ناکات بودجەیێکی زۆر تەرخان بکرێت؛ ئەو هەموو جار دەیگوت: شەڕ بە شەڕ دەژیێتەوە. ژیانی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە و هەتا ئێستاش زۆر نیزیکە لەم پەندە نیزامیەی ناپلئۆن.

هەر بۆیەش ناپلئۆن بەردەوام دەوڵەمەندی وڵات و ئاسایشی ناوخۆی فەرانسەی لە نانەوەی شەڕ لە دەرەوەی سنورەکانی فەرانسەدا دەدیتەوە؛ ئەو بە ڕێککەوتنی بە ناو ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی شکستخواردوو ئەو وڵاتانەی ناچار دەکرد ڕێژەیەکی بەرچاوی داهاتی ساڵانەی خۆیان وەک باج پێشکەش بە ئیمپراتوری فەرانسە بکەن. ئەمە بێجگە لەوە بوو کە لە کاتی شەڕدا تاڵان و بڕۆ و دەسکەوتگەلێکی ماددی زۆریان لەگەڵ خۆیان بەرەو فەرانسە دەبردەوە؛ لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە: ئایا ئەم شەڕانە توانیان ناپلئۆن یان کەسانی هاوشێوەی ئەو لە سەر کورسی دەسەڵات بهێڵنەوە؟؟ وەڵامەکەی پڕئاشکرایە نەخەیر؛ بەڵام ڕۆحییەی بەرەنگاری و جەنگاوەرانە و بوونی هێزی شەڕکەر و ئەرتەشی یەکگرتوو بۆ هەموو وڵات و نەتەوەیێک شتێکی زەروری و پێویستیێکی بێ ئەملاو ئەولایە و هەر وەک ناپلئۆن بە فەرماندەکان و میللەتی فەرانسەی وت : "ئێمە نابێت وەک یۆنانییەکانی دەورانی ڕۆم مان لێ بێت کە کاتێک مەنجەنیقەکانی دوژمن دیوارەکانی شارەکەیانی وێران دەکرد ئەوان خەریکی دەمە دەمێ و چەلەحانێ و قسە بە زۆراندان دا بوون ...".

سەرپەلە بچکۆلانەکەی تۆپخانە و کوڕە سەرسەختەکەی (کرێس) سەربازەکانی خۆی خۆش دەویست و بەناو دەیانیناسی و لە گەڵیاندا گاڵتە و گەپی دەکرد و لە ناویاندا دەژیا. ئەوانیش فەرماندە نەترس و مەرگبەزێنەکەی خۆیان خۆش دەویست و بوون ونەبوونی خۆیان لە مانەوەی ئەودا دەدیتەوە. هاوڕێیانی خوێنەر لێرەدا پیویستە ئاماژە بە چیرۆکێکی ڕاستەقینە بکەم کە جێگەی پەندوەرگرتنە؛ حەزدەکەم ئەوەش باس بکەم کە کاتێک خەڵکی خۆبەخشی ئیسپانیا، بەرەنگاری لەشکری فەرانسە بوونەوە فەزایەکی ئەوتۆیان بۆ هێزە فەرانسەوییەکان خوڵقاند کە مەرگیان بە ئاوات دەخواست؛ بۆ نمونە جارێکیان ژنێک خۆی و منداڵەکەی لە دێیەکدا مابوونەوە، ماڵەکە خواردەمەنییەکی بەرچاوی تێدا بوو، فەرماندەی هێزە فەرانسەوییەکان لە ترسی ژەهراوی بوونی خواردەمەنییەکان نەیهێڵا لە پێشدا سەربازەکان لەو خۆراکانە بخۆن، بۆیە داوای لە ژنەکە کرد کە لەو خواردەمەنیانە بخوات، ژنەکە خواردی، فەرماندەکە بۆ دڵنیایی زیاتر داوای کرد کە بە منداڵەکەیشی بدات هەتا بیخوات و ژنەکە ئەو کارەیشی کرد. کاتێک کە هێزە فەرانسەوییەکان لە ژەهراوی نەبوونی خواردەمەنییەکان دڵنیا بوونەوە ، دەستیان کرد بە خواردن، مەخابن لە ئاکام دا دایک و منداڵەکەو نیزیک بە بیست کەس لەو سەرباز و فەرماندانە بە هۆی ژەهراوی بوونی خواردەمەنیەکان بە کوشت چون . یان کاتێک کە ناپلئۆن بۆ یەکەم جار بۆ دورگەی (ئیلب) تەبعید کرا ماری لوئیز هاوسەری ناپلئۆن خۆی و کوڕە چکۆلەکەی چوونەوە بۆ ماڵ باوکی کە ئیمپراتوری ئوتریش بوو ماری دواتر وتی : ئەگەر لە بەر مەسڵەحەتی وڵاتەکەم (ئوتریش) نەبا ، قەتم شوو بە ناپلئۆن نەدەکرد؛ یان کاتێک کە پاش یازدە مانگ دوورخرانەوە لە دوڕگەی ئیلب ناپلئۆن ڕاوێژی لەگەڵ دایکی کرد کە دەیویست بە نهێنی بەرەو فەرانسە بگەڕێتەوە و شەڕی مان و نەمان بکات، (لتیسیا) زۆر بوێرانە دەستی نەهێنایە ڕێگای و داوای لێکرد بێ دڵەڕاوکێ بەرەو چارەنووسی خۆی بڕوات. ئەم سێ نمونەیەش نمونە گەلێک بوون لە دەور و تەئسیری ژن بە نیسبەت خۆشەویستی نیشتمانە جیاوازەکانی خۆیانەوە .کە ڕەفتاری هەر کامێکیان وانەیێکی پڕ لە شانازی و فێر بوون و سەروەریە بۆ وڵاتی خۆیان و نەتەوەکانی دیکەیش کە لە ناخێکی جەنگاوەرانەوە هەڵقوڵابوون . ژنان و کچان ودایکانی کوردستان هیچیان لەم ژنانەی مێژوو کەمتر نییە ، پێشمەرگە قارەمان و گیان لە سەر دەستەکانی ئێمە لە باری بوێری و گیانفداییەوە هیچیان لە هێزە ئەفسانەخوڵقێنەکان و سەربازانی مێژوو کەمتر نییە.

ئەوەیکە ڕوونە و لەو نموونە مێژووییانەشدا باس کران، ئەو ڕاستییەیە کە خەباتی گەلی ئێمە بۆ گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری پێویستی بە هێزی کاریگەر هەیە؛ بەتایبەت لەم بڕگە زەمەنییە هەستیارەدا کە ئێران و کوردستانی رۆژهەلات پێیدا تێدەپەڕێ؛ ئەم هێزە شوێندانەرەش کە بتوانێ لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا باندۆڕی هەبێ بریتییە لە هێزێکی لێبڕاوی شۆڕشگێڕی پێشمەرگانە کە ئامادە بێت لەپێناو بایەخ و نۆڕمە شۆڕشگێڕییەکاندا نرخ بدات، بەڵام بۆ گەیشتن بە وەها هێزێک لەپێشدا پێویستە ڕێبەرییەکی شۆڕشگێڕی لێبڕاو هاوشێوەی مامۆستایانمان دوکتور قاسملوو، دوکتور شەرەفکەندی و کاکۆ و فەرماندە سەرکەوت، گیانێکی نوێ بە خەباتەکە بدەن.

هەروەک شەهید دوکتور قاسملوو فەرمووی: "ئەگەر ئێمە وەک ئەم نەسڵە ئەرکی خۆمان بەچاکی بەجێ بگەیەنین دەتوانین هیوادار بین کە نەسلی داهاتوومان شەهیدی نەبێ. هەروەها ئەگەر نەسڵی ڕابردوو یان نەسڵەکانی ڕابردوو بە چاکی ئەرکی خۆیان بەجێ هێنابا ڕەنگ بێ ئەو نەسڵەی ئێمە شەهیدی نەدەبوو." ئەگەر ڕۆژێک شەهید کاک دوکتور قاسملوو دەیفەرموو ئێمە ئامادەین لە گەڵ تاران وتووێژ بکەین، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوە بوو کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەوەندەی گوشار خستبووە سەر ڕێژیمی تاران کە هومێدێک بە وتووێژ ببێت؛ لە ئێستاشدا تەیارکردنی هێزی پێشمەرگە بە چەکی باش و دابینکردنی پێویستییەکانی زۆر گرینگە؛ پێشمەرگەی سەنگەر باشترین و قارەمانترین ڕۆڵەی کوردە.

پێشمەرگە خاوەنی بیری ئینسان دۆستی و نیشتمانپەروەرییە و بۆ لابردنی هەر چەشنە ستەم و هەڵاواردنێک خەبات دەکات، پێشمەرگە لە شەڕێکدا کە داگیرکەری کوردستان بە سەر نەتەوەکەیدا سەپاندویەتی، داکۆکی لە خاک و خەڵکەکەی دەکات و بەرپەرچی داگیرکەر و هێزی تێرۆریستی داگیرکەر دەبێتەوە . بۆیە دەبێت هەموو تاکێکی کورد ڕێز لەو خەبات و فیداکارییانەی پێشمەرگە بگرێت و بە هەموو شێوەیێک بەرانبەر بەو کەسانە بوەستێتەوە کە دەیانهەوێت لە بایەخ و ئەرزشی کاری پێشمەرگایەتی کەم بکەنەوە.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٤ لەم ژمارەیەدا:

ــ قاسملوو، پرسی ژن و ڕاسان
ــ ڕاسان و پێشمەرگە
ــ ڕێبەڕیی لێبڕاو و هێزی پێشمەرگەی کاریگەر زامنی سەرکەوتنن
ــ بورجی بابل
  • مەرگی نووسەر مەرگی نووسەر
    ئه‌وه‌ ده‌زانین ده‌ق، بە تەنیا بە دێڕێک ناڵێن کە لە لێزگەیەک وشە پێکهاتبێ که‌ واتایه‌کی ئاسمانی ("په‌یام"ی نووسەر-خودا)ی لێوه‌ده‌رچێ؛ به‌ڵکوو که‌شایه‌کی فره‌رەهەندە،‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ نووسینێکی جۆراوجۆردا، که‌ هیچ کامیان خاوەن رەسەنایەتی نین، له‌وێدا تێکه‌ڵ به‌ یه‌ک ده‌بن و له‌یه‌ک ده‌نگوێن.
  • سامانی وڵات بۆ تیرۆریستان، وێرانی و دواکەوتوویی بۆ کوردستان سامانی وڵات بۆ تیرۆریستان، وێرانی و دواکەوتوویی بۆ کوردستان
    ئێستا دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر لە ڕووداوەکە، خەڵکی ناوچەکە لە زۆر ڕووەوە لە ژێر گوشاردان و سەرمای زستان و باران لەلایەک، نەبوونی خانوو یان تەنانەت لە هەندێک شوێن خێوەتیش لەلایەکی‌تر خەڵکی نیگەران کردووە.
  • راسان و پێشمەرگە راسان و پێشمەرگە
    لە راساندا گۆڕەپانی خەبات ئەوەندە بەرفراوان بووە كە دەرفەتی بۆ یەك بە یەكی ئەندامانی كۆمەڵگا رەخساندووە تاکوو بەپێی شوێن و رێگەی خۆی هەنگاو بنێت و هیچ جیاوازییەك لە بواری ئەرك و جێبەجێ كردنەوە بوونی نییە، تەنیا ئەوە پێویستە ئەو كردارە لە خزمەتی رزگاركردنی نەتەوەدا بێت.
  • بوومەلەرزەی ڕۆژهەڵات و پێکدادان لە نێوان ناسیۆنالیزمی ئێرانی و کوردیدا بوومەلەرزەی ڕۆژهەڵات و پێکدادان لە نێوان ناسیۆنالیزمی ئێرانی و کوردیدا
    هەموو لایەک دەبێ باش بزانن کە شارستانیەت و کولتوور شتی دینامیکن و لە رەوتی مێژوودا دەتوانن تووشی ئاڵوگۆڕ بن، بەرز بن یان لەنێوبچن.
  • زەمەن تێدەپەڕێ و لێقەوماوانی کرماشان هێشتا بێ‌ماڵ و حاڵن زەمەن تێدەپەڕێ و لێقەوماوانی کرماشان هێشتا بێ‌ماڵ و حاڵن
    دوایین ڕاپۆرتە پێوەندیدارکان بە بارودۆخی ژیان پاش بوومەلەرزەی ٢١ی خەزەڵوەر لە پارێزگای کرماشان کە زۆرتر له ١٠هزار کوژرا و بریندا لێکەوتەوە، دەری دەخات کە سەرباری تێپەڕینی زۆرتر له سێ هەفته بەسەر ئەم تراژێدیا، هێشتا هیچ هەنگاوێکی شوێندانەر بۆ ساڕێژکردنەوەی برینی زامداران هەڵنەگیراوە.
  • کارەساتی بومەلەرزه لە کرماشان و بێخەمیی ڕێژیم کارەساتی بومەلەرزه لە کرماشان و بێخەمیی ڕێژیم
    ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەشێکی کەم لە ماڵە ڕووخاوەکان پشکێندراون و ئاماری بی سەروشوێنەکان هێشتا دیار نییە و مەزەندە دەکرێ کە ئاماری کوژراو و بریندارەکان زۆرتر بێت.
  • قاسملوو، پرسی ژن و ڕاسان قاسملوو، پرسی ژن و ڕاسان
    لە ئاخاوتنێکدا لە ٨ی مارسی ١٩٨٩ی زایینیدا، دوکتور قاسملوو پێداگری لەسەر ئەوە دەکا کە "خەبات بۆ ئەوەی ژن مافی خۆی وەربگرێ، بە هیچ شێوەیەک جودا نییە لە خەباتی میلەتەکەمان بۆ دێموکراسی و خودموختاری."
  • یاسا هەڵاواردەکان ساڵانە میلیاردها دۆلار زیان بە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگەیەنن یاسا هەڵاواردەکان ساڵانە میلیاردها دۆلار زیان بە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگەیەنن
    چونکە تا کاتێک ژنانی عەرەبستان بتوانن بە بێ مۆڵەتی پیاوی بنەماڵە – باوک، هاوسەر، جاری وایە تەنانەت کوڕەکەی خۆی – کار بکەن، بڕۆنە سەفەر، کاروباری یاسایی ئەنجام بدەن و بەشێوەیەکی دیکە بەشداری لە ژیانی کۆمەڵایەتی بکەن، وڵات ناتوانێ هەست بە هێزی ئابووری نیوەی دیکەی کۆمەڵگا بکات.
  • ئێرە ڕۆژهەڵاتە بە کاتی کرماشان ئێرە ڕۆژهەڵاتە بە کاتی کرماشان
    لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام باس له نەبوونی خزمەتگوزاری و گوێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیم لەو بارەیەوە کراوە بەچەشنێک کە نەتەنیا یارمەتی بە خەڵک نادەن بەڵکوو تەنیا بۆ سەیر و سیاحەت دەچنە شوێنی بوومەلەرزەکە؛ ئەو باسەش لە ڕاگەیەندنەکانی ڕێژیم لەوانەش "ایرنا" و "ایسنا" بڵاو بووەتەوە هەروەها هەندێک لە ڕۆژنامەکانی ڕێژیم وەک "ابتکار" بە تیتری گەورە نووسیان "تور زلزلە گردی!" .
  • ئاو، کۆڵەکەی ستراتیژی داهاتووی کوردستان ئاو، کۆڵەکەی ستراتیژی داهاتووی کوردستان
    واتای دووهەم: ئەو ڕێژە ئاوە، بۆ وەدیهێنانی خواست و ویستی کۆماری ئیسلامی زۆر کەمە، واتە ژینگە گەورەترین بەربەستی سەر ڕێی کۆماری ئیسلامییە بۆ وەدیهێنانی خەونەکانی.
  • ڕێبەڕیی لێبڕاو و هێزی پێشمەرگەی کاریگەر زامنی سەرکەوتنن ڕێبەڕیی لێبڕاو و هێزی پێشمەرگەی کاریگەر زامنی سەرکەوتنن
    شەڕی داگیرکەرانی کوردستان بەرامبەر بە نەتەوەی کورد بە گشتی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەتایبەتی، تەنیا بە ڕوبەڕووبوونەوەی نیزامی نەبەستراوەتەوە بەڵکوو دوژمن لە ڕێگای جیاجیا و یەک لەوان پڕوپاگەندەی بێبنەما بەردەوام هەوڵ دەدات پرش و بڵاوی لە نێو ماڵی کوردان دروست بکات تاکوو بەمشێوەیە زیاتر بتوانێت بە ئامانجە گڵاوەکانی بگات.
  • بورجی بابل بورجی بابل
    رووداوە کۆنە مێژووییەکان و تەنانەت ئوستوورەکانیش دەڵێن بۆ ئەوەیکە کۆمەڵگایەک لاواز بکەی تاکوو خۆی بەرەو پووکانەوە بڕوا، باشتر وایە کە ئاژاوەی تێ بخەی و خۆیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ بکەی تاکوو هەم گرفتە سەرەکییەکە لەیاد بکەن و هەم تەنیا بە نێوخۆیانەوە خەریک بن و خۆیان ببنە هۆکاری داڕزاندنی خۆیان.
  • عەلی ئەشرەف مورادی: ئەو ڕێژیمە، کارەساتەکانیش بە دەرفەتێک بۆ سەرکوت، چەوساندنەوە و تۆڵەئەستاندنەوە لەو گەلە مافخوازە دەزانێ عەلی ئەشرەف مورادی: ئەو ڕێژیمە، کارەساتەکانیش بە دەرفەتێک بۆ سەرکوت، چەوساندنەوە و تۆڵەئەستاندنەوە لەو گەلە مافخوازە دەزانێ
    لە پێوەندی لەگەڵ زەویلەرزەی پارێزگای کرماشاندا، بەرێزعەلی ئەشرەف مەجیدی، ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وڵامی چەند پرسیارێکی ڕۆژنامەی کوردستانی داوەتەوە کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:
  • دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک
    بەڵام وتووێژ و کارکردن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە هەندێک بابەت دا زۆر جیاوازییەکی لەگەڵ قسەکردن لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دا نییە بەڵکوو لەوانەشە خەساری زۆرتر بێت؛ بۆیە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو نزیک‌بوونەوە پێویستە چەند خاڵ بەم شێوەی خوارەوە لە بیر نەکرێن.