• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
١٤ی دێسامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٢٣ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

ئاو، کۆڵەکەی ستراتیژی داهاتووی کوردستان

زایینی: ٠٦-١٢-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٩/١٥ - ١٩:٣٥ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
ئاو، کۆڵەکەی ستراتیژی داهاتووی کوردستان
ئاگری ئیسماعیل نژاد

بەشی یەکەم

پوختە:


ئێران لە ئێستادا لە قەیرانێکی ژینگەیی و ئاویی دایە و هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی ئەو قەیرانە ژینگەییە ئەوەیە کە سەرچاوەی ئاویی ئێران ڕووی لە کەمی ناوە. بە دوو مانا، واتای یەکەمی: ئاو وەک کۆڵەکەی سەرەکیی گەشە لە بواری چەندایەتییەوە ڕووی لە کەمی ناوە و هێندێ ناوچەی ئێران وەک ناوچەی تینوو پێناسە دەکرێت و هاوکات نەمانی ئاو لە ژینگەدا لەگەڵ خۆی کۆمەڵێک قەیرانی ژینگەیی وەک وشکبوونی تاڵاوەکان، خۆڵبارین و ڕۆچوونی زەوی ساز کردووە.

واتای دووهەم: ئەو ڕێژە ئاوە، بۆ وەدیهێنانی خواست و ویستی کۆماری ئیسلامی زۆر کەمە، واتە ژینگە گەورەترین بەربەستی سەر ڕێی کۆماری ئیسلامییە بۆ وەدیهێنانی خەونەکانی.

خاڵی گرینگی ئەو وتارە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بۆ دەرچوون لە قەیرانی ئاویی ناوەند و بۆ دابین‌کردنی خواست و ویستی خۆی، کوردستان وەک شاڕێیەکی ئاو سەیر دەکات؛ لێرەدا ئێمە تەنیا لەگەڵ قەیرانێک بەرەوڕوو نین، کە کارتێکەری ڕاستەخۆی لەسەر سیاسەتی ستراتیژیکی کۆماری ئیسلامیدا هەیە، بەڵکوو ئێمە لەگەڵ قەیرانێک بەرەوڕووین کە هاوکات هەم دەسەڵاتی ناوەندی تووشی ئاڵۆزی کردووە و هەم کوردستان وەک شاڕێی دەرچوون لەو قەیرانە پێناسە دەکرێت کەوایە ناوەندی ئێران کە لە ڕووی سیاسی و ئابووریی و فیکرییەوە، ناوەندی دەسەڵاتی سەرکوتی کوردستانە، تووشی قەیران هاتووە و ڕێگای دەرچوون لەو قەیرانەش بە کوردستاندا تێدەپەرێت.

قەیرانی ئاوی ناوەند لە ئێستادا بۆ کوردستان هاوکات هەم مەترسییە و هەمیش دەرفەتە بۆ لایەنە ڕۆڵگێڕەکانی نێو گۆڕەپانی کوردستان. قەیرانی ئاویی ناوەند لە ڕوانگەی بەرژەوەندی کوردستانەوە سەیر بکەن و لە هەوڵدا بن ئاستی مەترسییەکە کەم بکرێتەوە و بەرینیی و کارتێکەری دەرفەتەکەش زیاد بکرێت.

پێشەکی:

ئاو یەکێک لە فاکتەرە گرینگەکانی ژیان و شارستانییەتە و بنەمای سەرەکی گەشەی بنچینەیی و کۆڵەکەی پاراستنی ژینگەیە؛ هاوکات ئاو بنەمای بەرهەمهێنانی خۆراک و دابینکردنی پیشەیە.

ڕۆژهەڵاتی‌ نێوەڕاست ١٤% وشکایی جیهان لەخۆ دەگرێت، بەڵام ٥%ی ئاوی خواردنەوەی جیهان لەو ناوچەیە هەڵکەوتووە و ئەوەش وای کردووە ئەو هەرێمە وەک هەرێمێکی بەیار پێناسە بکرێت بەڵام لە ئێستادا وڵاتانی کوێت، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر، ئێران و سعوودیە لە دۆخی قەیرانی کەم ئاویی و وشکەساڵیدان. کەم ئاویی و بەیاربوونی جوغرافیای ئێران لە پێنج ڕەهەندی سیاسی، ئەمنییەتی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە کارتێکەری لەسەر حکوومەت و کۆمەڵگای ئێران هەیە و ئەوەش وای کردووە کە کەمبوونی ئاو ببێتە هۆی قەیران لەو وڵاتەدا.

پێناسەی قەیرانی ئاو و هۆکارەکانی

لەو بەشەدا سەرەتا پێناسەیەکی قەیران دەکەین دیارە لەم وتارەدا قەیران بەو مانایە دێت:
دیارەدەیەکی زەختهێنەر کە لە دوو رەهەندی دەروونی_ کۆمەڵایەتی دەتوانێت ڕوانگە و گەڵاڵەکانی ژیانی ئاسایی کۆمەڵگا و دەسەڵاتی سیاسی تێک بشکێنێت و هاوکات ببێتە هۆکاری دژکردەوە، خەسار، مەترسی و پێداویستیی نوێ. ئەم دیاردەیە دەتوانێ دەرئەنجامی رووداوێکی سرووشتی یان کردەیەکی مرۆڤی یان تێکەڵێک لە هەر دووکیان بێت.

پرسیاری یەکەمی ئەو وتارە ئەوەیە "ئایا ئێران لە قەیرانی بێ‌ئاویدایە؟"
سەرەڕایی ئەوەیکە بە گەڕانێکی ئاسایی لە ئینتێرنێتدا یان بە گوێدانی زۆر ئاسایی هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە دۆخی ئاو لە ئێراندا ڕەنگە بۆ هەر خوێنەر و بیسەرێک دەرکەوێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئاستی خوێندەوارییەکە دەردەکەوێت کە ئێران لە قەیرانی ئاودایە بەڵام بۆ سەلماندنی ئەم پرسیارە قسەی چەند بەرپرسی ئێران وەک بەڵگە دەهێنمەوە.

بەڵگەی یەکەم:

به‌یانی رۆژی یەکشەمە ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی حەسەن روحانی سەرکۆماری ئێران لە ڕێوڕەسمی حەوتووی ژینگە گوتی: "ئێمە کاتێک دەڵێین دەبێ گەمارۆ زاڵمانەکان لابدرێ، هێندێ کەس چاویان زۆر هەتەر ناکات، گەمارۆکان دەبێ لاچێت هەتا سەرمایە بێتە نێو ئێران، هەتا کێشەی ژینگە، کار، پیشە و ئاوی خواردنەوەی خەڵک چارەسەر بکرێت".

بەڵگەی دووهەم:

"عیسا کەلانتەری، جێگر و ڕاوێژکاری حەسەن روحانی لە بواری کشتوکاڵ، ئاو و ژینگە دەڵێت: "لە ساڵی ڕابردوودا وەزارەتی وزە غیرەتی ئەوەی نەبووە دان بە ڕاستییەکاندا بنێت بەڵام ئێستا قەیرانی وشکەساڵی گەیشتووەتە ئاستێک کە بەرپرسان تێگەیون وڵات ڕوو لە کاول‌بوونە. لە ئێستادا ٧٠%ی جەماوەری ئێران سەرانەی ساڵێک ئاویان کەمتر لە ٩٠٠ میتری سێ گۆشەیە، ئەو ڕێژەیە بەپێی ستاندارد واتە کارەساتێکی گەورە.

عیسا کەلانتەری کە لە سەردەمی دەسەڵاتداریی هاشمی ڕەفسنجانیدا وەزیری کشتوکاڵ بووە لە کۆڕبەندێکی "بنیاد ملی امید ایرانیان" دەڵێت: "ئێران ٩٧%ی ئاوی سەرزەوی خۆی خستووەتە کار و ئەوەش وای کردووە هەموو چۆمەکانی ئێران ڕوو لە وشکی بنێت، ئیتر ئاومان نەماوە". ئەو لە درێژەدا گوتی: "ئەو بابەتە بەو مانایەیە، ئەگەر هەر بەو شێوازە بەردەوام بین نزیکەی ٧٠%ی ئێرانییەکان واتە نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەس ناچار دەبن، وڵات بەجێ بهێڵن".

کەلانتەری لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "بەرپرسانی حکوومەت هەتا ئێستا لەو باوەڕدا نەبوون کە وڵات ڕوو لە هەڵدێرە و ئێستا تێگەیشتوون.

بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی ڕێژەی کەڵکوەرگرتن لە ئاوەکانی سەرزەوی نابێت زیاتر لە ٤٠% بێت. ئەوە لە کاتێدایە کە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو ڕێژەی بەکارهێنانی سەرچاوەگەلی ئاو، لە ئاستێکی باشدا خۆیان ڕاگرتووە و بەلایەنی زۆرەوە ٢٥%ی سەرچاوەگەلی ئاویی خۆیان بەکار دێنن".

کەلانتەری لە درێژەدا ڕایگەیاند: "تەنیا دوو وڵات لە جیهاندا هەن کە ئاستی بەکارهێنانی سەرچاوەگەلی ئاوی سەرزەویان سەرووی ٤٠%ە و ئەوەش وای کردووە ئەو وڵاتانە ڕوو لە قەیران بنێن. ئەو دوو وڵاتەش وڵاتی ئێران و میسرن. ئەوە لە کاتێدایە کە ڕێژەی بەکارهێنانی سەرچاوەگەلی ئاوی سەرزەوی لە میسر ٤٦%ە بەڵام لە ئێران گەیشتووەتە ئاستی ٩٧%، بۆ ئەوەی قووڵایی ئەو کارەساتە دەرکەوێت بڕواننە ڕێژەی بەکارهێنانی ئاوی سەرزەوی لە چەند وڵاتی پێشکەوتوودا کە بەم شێوەیە: ژاپۆن ١٩%، ئەمریکا ٢١%، چین ٢٩%، هێندوستان ٣٣% و لە وڵاتانی وەک ئیسپانیا کە لە ڕووی کەشوهەواوە هاوشێوەی ئێرانن تەنیا ٢٥% سەرچاوەگەلی ئاوی سەرزەوی خۆیان بەکار بێنن".

کەلانتەری وەزیری پێشووی کشت‌وکاڵ هەروەها گوتی: "ئەو مەسەلەیە بەو مانایەیە کە تەنانەت ئەگەر ڕێژەی بارانیش زیاد بکات و ئەو ئاوە، زەویش هەڵمژێ بەڵام شوێنێک بۆ پەسمەندەکردنی ئەو ئاوە نییە. دەرهاویشتەی ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی ئاوەکە لەسەر زەوی بمێنێتەوە و ببێتە هەڵم.

ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئاستی بەپیتی زەوییەکە دابەزێت، چونکە زەوییەکە دەبێتە شۆرەکات. لە ئێستادا دۆخی ئاویی شاری لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە هێندێ شار لە ڕووی ستانداردی نێودەوڵەتییەوە بووەتە "شاری مردوو"؛ بۆوێنە هێندێ شاری وەک شاهروود و نەیشابوور لە ڕوانگەی هیدرۆلۆژییەوە شاری مردوون و زۆربەی ناوچەکانی شاری ڕەفسجانیش هەروەک شاری مردوو بەحیساب دێت".

بەڵگەی سیێهەم:

لێرەدا بۆ درێژەی باسەکە بەشێکی کورت لە دەقی قسەی "موحسن رەنانی" ئابووریناس، مامۆستای زانکۆی ئیسفەهان و ڕاوێژکاری باڵای ناوەندی ئاماری ئێران دێنمەوە:
موحسن رەنانی لە کۆڕبەندی "ڕۆڵی باوەڕەکان، بایەخەکان و سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە دەسەڵاتدارێتیی ئاودا" هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە پێداگرە لەسەر ئەوی "قەیرانی ناوکی" قەیرانی ڕاستی نێو ئێران نییە دەڵێت: ململانێی ناوکی درنگ یان زوو چارەسەر دەبێت، ئامریکا هیچی پێناکرێت و قەیران و ئاڵۆزی لەگەڵ سعوودیش ناتوانێ ئێران تووشی ژانەسەر بکات بەڵام قەیرانی ئاو ئێران قووت دەدا و تەناهی نەتەوەیی ئێمە دەخاتە مەترسییەوە. ئێستا گۆڕەپانی ڕاستی شەڕی ئێمە، گۆڕەپانی ئاوە و قەیرانی ئاو خەریکە دێتە نێو تەونی کۆمەڵایەتیمانەوە".

ئەگەر قسەی ئەو دوو بەرپرسەی ئێران کە یەکیان سەرکۆمار و ئەویتر ڕاوێژکاری باڵای سەرکۆمارە لەگەڵ لێکدانەوەی پرۆفسۆرێکی زانکۆ کە ئابووریناسێکی ڕاوێژکاری حکوومەتی ئێران و ڕاوێژکاری ناوەندی ئاماری ئێرانە لەپاڵ یەک دانێین، هەواڵی رۆچونی زەوی، تێکهەڵچوونی خەڵک لەسەر کەمیی ئاو و چۆڵبوونی دێهاتەکان لەبەر کەمیی ئاو وەک بەڵگەیەک بقەبڵێنین و هاوکات ئەو پێناسەی قەیران کە لە سەرەتاوە کردمان بکەینە بنەما، بەڕوونی دەردەکەوێت کە کەمی ئاوی ئێران کارتێکەری دەروونی و ستراتیژی لەسەر کردە و هەنگاوەکانی حکوومەت و کۆمەڵگای ئێران هەبووە، کەوایە ئێران لە "قەیرانی ئاو" دایە.

پاش سەلماندنی ئەوەی کە کەمی ئاو لە ئێران بووەتە قەیران، دەبێ بەدوای هۆکاری قەیراندا بگەڕێین. کەوایە پرسیاری دووهەم ئەوەیە کە چی وای کردووە قەیرانی ئاو لە ئێران بێتە ئاراوە؟


بەگشتیی دەکرێت، هۆکارەکانی سەرهەڵدانی قەیرانی ئاو لە ئێران لەو چەند خاڵەی خوارەوە پۆلێنبەندی بکرێت:

یەکەم: ئاڵوگۆڕیی کەشوهەوا

هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێکی بەرچاو لە خشتەی دۆخی چاوەڕوان‌کراوی کەشوهەوا پێی دەگوترێ "ئاڵوگۆڕی کەشوهەوا" کە بە ڕوونی ئێستا بابەتی گەرمبوونی زەوی لەلایەن زۆربەی شارەزایانی زەویناسی و کەشوهەوا ناسی دانی پێدا دەنرێت . بە ڕوونی بارینی لەناکاو، وشکەساڵی، بارینی بەفر لە ناوچە بەیارە گەرمەسێرەکان، هەستانی لەناکاوی لافاو و خۆڵبارین لە نیشانەکانی ئاڵوگۆڕی کەشوهەوا لە قەڵەم دەدرێن". کە ئەو ئاڵوگۆڕە، جوغرافیای ئێرانی گرتووەتەوە.

دووهەم: وشکەساڵی

حەمید چیتچیان وەزیری وزەی (خولی یەکەمی سەرکۆماری حەسەن رووحانی) ئێران، لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژی یەکشەممە ١٤ بانەمەڕی ١٣٩٣ لە پارلەمانی ئێران دەڵێت:

"وێڕای ئەوەی ئێران لە ناوچەیەکی بەیاری دنیادا هەڵکەوتووە، ئێمە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا رێژەی نێونجی بارین لە ٢٥٠ میلیمتر بۆ ٢٤٢ میلیمتر کەم بووەتەوە و وڵاتەکەمان لەگەڵ کێشەی زۆر قووڵی سەرچاوەگەلی ئاو بەرەوڕووە".

چیتچیان لە درێژەدا دەڵێت: "لە دەرەنجامی پەیتاپەیتای وشکەساڵی و ئاڵوگۆڕی کەشوهەوا کۆی سەرچاوەگەلی ئاوە "تجدیدپەزیرەکانی" وڵات لە ١٣٠ میلیارد میتری سێ گۆشەوە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا بۆ ١٢٠ میلیاردی سێ گۆشە دابەزیوە" .

سێهەم : لاوازیی یاسا و بەڕێوەبەرایەتی یاسا

بۆ ڕوون‌بوونەوەی ئەو باسە پێویستە شیکارییەک لە خەسارناسی و هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانی ئاو لە ئێراندا بکرێ کە دوکتور موحسن رەنانی ئابووریناس لەمبارەوە دەڵێت: "نەوت بەرتیلی خەڵکی ئێران بە حکوومەت بووە و خەڵک نەوتیان داوە بەحکوومەت، تاکوو پیتاک و باجیان لێنەستێنێ و لە بەرانبەردا حکوومەتیش ئاوی وەک بەرتیلێک بۆ خەڵک سەیر کردووە و هیچ کات بۆی گرینگ نەبووە کە خەڵک چۆن ئاو بەکار دێنن".

کاتێک کە هێندێ سەرچاوە باس لە ٧٠٠ هەزار چاڵاوی نایاسایی لە ئێراندا دەکەن، زیاتر لە هەموو شتێک بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە یەکێک لە هۆکارەکانی قەیرانی ئاو لە ئێراندا قەیرانی یاسای پەیوەندیدار و بەڕێوەنەچوونی ئەو یاسایەشە کە ئێستا هەیە. وەک رەنانی بەباشی باسی کردووە؛ حکوومەت وەک رێکخراوی ئەرکدار بۆ بەڕێوەبەریی یاسا لە ئێراندا، هیچ کات بایەخێکی بەوە نەداوە کە خەڵک چۆن ئاو بەکار دەهێنێت و چۆن چاڵئاو لێدەن و چەندە ئاوی خواردنەوە بەکار دەهێنن و چەندە ئاو بۆ پیشە و کشت‌وکاڵ بەکار دەهێنرێ کەوایە یەکێک لە هۆکارەکانی سەرەکی قەیرانی ئاو لە ئێران، نەبوونی یاسای تۆکمە بۆ هەڵێنجانی ئاو و چاودێری نەکردن بەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردنی ئەو یاسایەشە کە هەیە.

چوارەم: هاووڵاتی نابەرپرس

بەشێک لە ئاو وەک ئاوی خواردنەوە و ئاو بۆ پێداویستی ژیانی رۆژانە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەکار دەهێندرێ، کەوایە زۆر گرنگە کە فەرهەنگی گشتیی بەکارهێنانی ئاو لە نێو ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگادا هەبێت و رێژەی نێونجی لەکارکردنی ئاو لە کۆمەڵگەی ئێران بەپێی جوغرافیای ئێران بەرزە و ئەوە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەیکە هاووڵاتییان چ لە بواری پیشەیی و چ لە بواری کشتوکاڵدا، کە ئاو بەکار دێنن ئەو فەرهەنگەیان بۆ جێنەکەتووە کە ئاو سەرچاوەیەکی نیشتمانییە و لە ئاستێکی دیاریکراودا و بە رێژەی پێویست دەبێت بەکار بهێندرێ، بەڵکوو زۆرینەی هاووڵاتییانی ئێران هەرچەندە خۆیان بەپێویستی بزانن ئاو بەکار دێنن و بۆ ئەوە بەمەبەستی خۆشیان بگەن ئامادەن بەرتیل و بەرتیلكارییش بکەن. لە ڕاستییدا ئێمە لە ئێران تەنیا لەگەڵ حکوومەتی نەوتی بەروڕوو نین بەڵکوو لەگەڵ هاووڵاتی نەوتیش بەرەوڕووین. هاووڵاتییەک کە ئامادە نییە، هیچ بەرپرسایەتییەک بگرێتە ئەستۆ و لە پێناو قازانج و بەرژەوەندی تاکەکەسییدا ئامادەیە هەموو رێگایەگ بگرێتەبەر بۆ ئەوەی پاشقولی یاسا بدات. هاووڵاتی نابەرپرس یەک لە هۆکارەکانی سازبوونی قەیران ئاو لە ئێرانە چونکە ئاو سەرچاوەیەکە کە هەموو کۆمەڵگە لە ژیانی رۆژانەیدا بەکاری دێنێ بەڵام ئاستی بەرپرسیارێتی لە نێو کۆمەڵگە بەرانبەر بەو بەکارهێنانە زۆر لاوازە. ڕێژەی ٧٠٠ هەزار چاڵاوی نایاسایی باشترین بەڵگەیە بۆ نیشاندانی هاووڵاتی نابەرپرس.

پێنجەم: ئایدۆلۆژی سیاسی

کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتێکی ئایدۆلۆژیکە و ئەو ئایدۆلۆژیک‌بوونە، لە چەند ڕووەوە کارتێکەری لەسەر قەیرانی ئاو هەبووە:
ئا: کۆماری ئیسلامی لە زۆر ڕووی پیشەییەوە دەیهەوێت پێشکەوتن بەخۆوە ببینێت، تەنیا بۆ ئەوە مەبەستییەتی کە پڕۆپاگەندەی پێوە بکات و ئەو پێشکەوتنەوە وەک دەسکەوتێک بە ئایدۆلۆژی ئیسلامی_شیعەوە گرێ بداتەوە. ئەوەش وای کردووە کە گەشی لە ئێران گەشەیەکی لاسەنگ بێت، لە کاتێدا کە لە ئێران "مردن بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل سێهەمین هۆکاری مەرگە بەڵام ئێران خاوەنی تەکنۆلۆژی ناوکی و تەکنۆلۆژی نانۆیە. بەمانایەکی‌تر وڵاتێک کە رێگەوبانی نییە بەڵام هەنگاو بۆ سەرچڵەکانی تێکنۆلۆژی دەنێت؛ ئەو شێوە ڕوانینە وای کردووە کە لە ڕووی گەشەوە ئێران پتر لەوەی گەڵاڵەیەکی ستراتێژیک بێت، گەڵاڵەیەکە کە بۆ پڕوپاگەندە کەڵکی لێوەردەگیرێت.

ب: سەرەڕای باسی بەکارهێنانی گەشە وەک پڕوپاگەندە، کۆماری ئیسلامی دەیهەوێت، لە هێندێک ڕووەوە کە توانای جوغرافیایی و ئینسانی بۆی نییە، پێش بکەوێت؛ ئەو ڕوانگەیەش لە نێو خشتەی ستراتێژیکی گەشە دەبێتە هۆی ئەوەی کەمتر بیر لە گەشەی سەقامگیر بکرێتەوە و هاوکات ‌زەخت بخرێتە سەر ژێرخانی ژینگەیی ئێران؛ بەمانایەکی‌تر گەڵاڵەکانی گەشەی ئێران کە سەرچاوە لە ئایدۆلۆژی شێعە_پارس دەگرێت، لە ئاستی توانایی ژینگەیی ئێران بەرزترە.

پ: ئایدۆلۆژی سیاسی کۆماری ئیسلامی وای کردووە ئەو رێژیمە تیۆرییەکی سیاسی تایبەت بەخۆی هەبێت بەو مانایە کە ئەوان پشتی کەمینەی شیعە لە دنیادا دەگرن، دەکرێت ئەو ئایدۆلۆژییە لە چوارچێوەی "هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی " گردکۆ بکەیەوە؛ لە کردەدا هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی واتە پەیڕەوکردنی سیاسەتی گرژی‌نانەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

هەنووکە کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی سازکردنی گرووپی ئایینی سەربەخۆ لە هەوڵدایە دەست لە کاروباری نێوخۆی زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی وەردات، ئەوەش وای کردووە کە ئێران لەلایەن وڵاتانی ئیسلامی و هاوپەیمانانیانەوە وەک مەترسییەکی گەورە پێناسە بکرێت و هاوتاک بەردەوام لە مەترسی گەمارۆی ئابووری نێودەوڵەتی و تەنانەت شەڕدا بێت و ئەو سیاسەتەش بووەتە هۆکاری ئەوەی هەندێ پێداویستیی سەرەکی خۆراکی زۆرینەی کۆمەڵگە لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە وەک خۆراکی ستراتێژیک پێناسە بکرێت و هەوڵ بدات کە لە نێوخۆ بەرهەمی بێنێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێران لە ڕووی جوغرافیا و کەشوهەواوە توانایی ئەوەی نییە پێویستیی خۆراکی خۆی بەتەواوی دابین بکات، بەڵام پەیڕەوکردنی سیاسەتی گرژی‌نانەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وای کردووە کە ئێران بەردەوام مەترسی ئەوەی لەسەر بێت کە تەناهی خۆراکی بچێتە ژێر مەترسییەوە و ئەوەش بووەتە هۆکارێک کە زەختی زیاتر لە توانا بکرێتەسەر سەرچاوەکانیی سرووشتی و ژینگەیی نێو ئێران و ئەو زەختەش بووەتە هۆی ئەوەی ژینگە و ئاو لە ئێراندا بکەونە نێو قەیرانێکی قووڵەوە.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٤ لەم ژمارەیەدا:

ــ قاسملوو، پرسی ژن و ڕاسان
ــ ڕاسان و پێشمەرگە
ــ ڕێبەڕیی لێبڕاو و هێزی پێشمەرگەی کاریگەر زامنی سەرکەوتنن
ــ بورجی بابل
  • مەرگی نووسەر مەرگی نووسەر
    ئه‌وه‌ ده‌زانین ده‌ق، بە تەنیا بە دێڕێک ناڵێن کە لە لێزگەیەک وشە پێکهاتبێ که‌ واتایه‌کی ئاسمانی ("په‌یام"ی نووسەر-خودا)ی لێوه‌ده‌رچێ؛ به‌ڵکوو که‌شایه‌کی فره‌رەهەندە،‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ نووسینێکی جۆراوجۆردا، که‌ هیچ کامیان خاوەن رەسەنایەتی نین، له‌وێدا تێکه‌ڵ به‌ یه‌ک ده‌بن و له‌یه‌ک ده‌نگوێن.
  • سامانی وڵات بۆ تیرۆریستان، وێرانی و دواکەوتوویی بۆ کوردستان سامانی وڵات بۆ تیرۆریستان، وێرانی و دواکەوتوویی بۆ کوردستان
    ئێستا دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر لە ڕووداوەکە، خەڵکی ناوچەکە لە زۆر ڕووەوە لە ژێر گوشاردان و سەرمای زستان و باران لەلایەک، نەبوونی خانوو یان تەنانەت لە هەندێک شوێن خێوەتیش لەلایەکی‌تر خەڵکی نیگەران کردووە.
  • راسان و پێشمەرگە راسان و پێشمەرگە
    لە راساندا گۆڕەپانی خەبات ئەوەندە بەرفراوان بووە كە دەرفەتی بۆ یەك بە یەكی ئەندامانی كۆمەڵگا رەخساندووە تاکوو بەپێی شوێن و رێگەی خۆی هەنگاو بنێت و هیچ جیاوازییەك لە بواری ئەرك و جێبەجێ كردنەوە بوونی نییە، تەنیا ئەوە پێویستە ئەو كردارە لە خزمەتی رزگاركردنی نەتەوەدا بێت.
  • بوومەلەرزەی ڕۆژهەڵات و پێکدادان لە نێوان ناسیۆنالیزمی ئێرانی و کوردیدا بوومەلەرزەی ڕۆژهەڵات و پێکدادان لە نێوان ناسیۆنالیزمی ئێرانی و کوردیدا
    هەموو لایەک دەبێ باش بزانن کە شارستانیەت و کولتوور شتی دینامیکن و لە رەوتی مێژوودا دەتوانن تووشی ئاڵوگۆڕ بن، بەرز بن یان لەنێوبچن.
  • زەمەن تێدەپەڕێ و لێقەوماوانی کرماشان هێشتا بێ‌ماڵ و حاڵن زەمەن تێدەپەڕێ و لێقەوماوانی کرماشان هێشتا بێ‌ماڵ و حاڵن
    دوایین ڕاپۆرتە پێوەندیدارکان بە بارودۆخی ژیان پاش بوومەلەرزەی ٢١ی خەزەڵوەر لە پارێزگای کرماشان کە زۆرتر له ١٠هزار کوژرا و بریندا لێکەوتەوە، دەری دەخات کە سەرباری تێپەڕینی زۆرتر له سێ هەفته بەسەر ئەم تراژێدیا، هێشتا هیچ هەنگاوێکی شوێندانەر بۆ ساڕێژکردنەوەی برینی زامداران هەڵنەگیراوە.
  • کارەساتی بومەلەرزه لە کرماشان و بێخەمیی ڕێژیم کارەساتی بومەلەرزه لە کرماشان و بێخەمیی ڕێژیم
    ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەشێکی کەم لە ماڵە ڕووخاوەکان پشکێندراون و ئاماری بی سەروشوێنەکان هێشتا دیار نییە و مەزەندە دەکرێ کە ئاماری کوژراو و بریندارەکان زۆرتر بێت.
  • قاسملوو، پرسی ژن و ڕاسان قاسملوو، پرسی ژن و ڕاسان
    لە ئاخاوتنێکدا لە ٨ی مارسی ١٩٨٩ی زایینیدا، دوکتور قاسملوو پێداگری لەسەر ئەوە دەکا کە "خەبات بۆ ئەوەی ژن مافی خۆی وەربگرێ، بە هیچ شێوەیەک جودا نییە لە خەباتی میلەتەکەمان بۆ دێموکراسی و خودموختاری."
  • یاسا هەڵاواردەکان ساڵانە میلیاردها دۆلار زیان بە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگەیەنن یاسا هەڵاواردەکان ساڵانە میلیاردها دۆلار زیان بە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگەیەنن
    چونکە تا کاتێک ژنانی عەرەبستان بتوانن بە بێ مۆڵەتی پیاوی بنەماڵە – باوک، هاوسەر، جاری وایە تەنانەت کوڕەکەی خۆی – کار بکەن، بڕۆنە سەفەر، کاروباری یاسایی ئەنجام بدەن و بەشێوەیەکی دیکە بەشداری لە ژیانی کۆمەڵایەتی بکەن، وڵات ناتوانێ هەست بە هێزی ئابووری نیوەی دیکەی کۆمەڵگا بکات.
  • ئێرە ڕۆژهەڵاتە بە کاتی کرماشان ئێرە ڕۆژهەڵاتە بە کاتی کرماشان
    لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام باس له نەبوونی خزمەتگوزاری و گوێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیم لەو بارەیەوە کراوە بەچەشنێک کە نەتەنیا یارمەتی بە خەڵک نادەن بەڵکوو تەنیا بۆ سەیر و سیاحەت دەچنە شوێنی بوومەلەرزەکە؛ ئەو باسەش لە ڕاگەیەندنەکانی ڕێژیم لەوانەش "ایرنا" و "ایسنا" بڵاو بووەتەوە هەروەها هەندێک لە ڕۆژنامەکانی ڕێژیم وەک "ابتکار" بە تیتری گەورە نووسیان "تور زلزلە گردی!" .
  • ئاو، کۆڵەکەی ستراتیژی داهاتووی کوردستان ئاو، کۆڵەکەی ستراتیژی داهاتووی کوردستان
    واتای دووهەم: ئەو ڕێژە ئاوە، بۆ وەدیهێنانی خواست و ویستی کۆماری ئیسلامی زۆر کەمە، واتە ژینگە گەورەترین بەربەستی سەر ڕێی کۆماری ئیسلامییە بۆ وەدیهێنانی خەونەکانی.
  • ڕێبەڕیی لێبڕاو و هێزی پێشمەرگەی کاریگەر زامنی سەرکەوتنن ڕێبەڕیی لێبڕاو و هێزی پێشمەرگەی کاریگەر زامنی سەرکەوتنن
    شەڕی داگیرکەرانی کوردستان بەرامبەر بە نەتەوەی کورد بە گشتی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەتایبەتی، تەنیا بە ڕوبەڕووبوونەوەی نیزامی نەبەستراوەتەوە بەڵکوو دوژمن لە ڕێگای جیاجیا و یەک لەوان پڕوپاگەندەی بێبنەما بەردەوام هەوڵ دەدات پرش و بڵاوی لە نێو ماڵی کوردان دروست بکات تاکوو بەمشێوەیە زیاتر بتوانێت بە ئامانجە گڵاوەکانی بگات.
  • بورجی بابل بورجی بابل
    رووداوە کۆنە مێژووییەکان و تەنانەت ئوستوورەکانیش دەڵێن بۆ ئەوەیکە کۆمەڵگایەک لاواز بکەی تاکوو خۆی بەرەو پووکانەوە بڕوا، باشتر وایە کە ئاژاوەی تێ بخەی و خۆیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ بکەی تاکوو هەم گرفتە سەرەکییەکە لەیاد بکەن و هەم تەنیا بە نێوخۆیانەوە خەریک بن و خۆیان ببنە هۆکاری داڕزاندنی خۆیان.
  • عەلی ئەشرەف مورادی: ئەو ڕێژیمە، کارەساتەکانیش بە دەرفەتێک بۆ سەرکوت، چەوساندنەوە و تۆڵەئەستاندنەوە لەو گەلە مافخوازە دەزانێ عەلی ئەشرەف مورادی: ئەو ڕێژیمە، کارەساتەکانیش بە دەرفەتێک بۆ سەرکوت، چەوساندنەوە و تۆڵەئەستاندنەوە لەو گەلە مافخوازە دەزانێ
    لە پێوەندی لەگەڵ زەویلەرزەی پارێزگای کرماشاندا، بەرێزعەلی ئەشرەف مەجیدی، ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وڵامی چەند پرسیارێکی ڕۆژنامەی کوردستانی داوەتەوە کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:
  • دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک
    بەڵام وتووێژ و کارکردن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە هەندێک بابەت دا زۆر جیاوازییەکی لەگەڵ قسەکردن لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دا نییە بەڵکوو لەوانەشە خەساری زۆرتر بێت؛ بۆیە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو نزیک‌بوونەوە پێویستە چەند خاڵ بەم شێوەی خوارەوە لە بیر نەکرێن.