کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهیدی زیندوومان مانای ژیانی شۆڕشگێڕانە بە میللەت دەبەخشێت

14:32 - 16 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی شەهیدی زیندووی نەتەوەکەمان بە ئیرادەتر لە ڕابردوو بۆ داهاتوو بانگی ئازادی و بوێری بە گوێ پێشمەرگەکانی کوردستاندا دەخوێنێت.

٣٠ ساڵ لەمەوبەر ڕێژیمی خووگرتوو بە تێرۆریزم و جەنایەت وەک هەمیشە دەستی تاوان بۆ کوردستان درێژ دەکات و ڕۆڵەکانی دەکاتە ئامانجی گڵاوی، بەڵام بێخەبەر لەوەیکە ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە، پشتیان لە چیاکانە و دوندی چیاکانیش بۆ خۆ شاردنەوە نابێت، بۆیە هەر دەم موژدەی ئازادی و خۆڕاگری بۆ نەتەوەیەکان بە دیاری دێنن.

۳٠ ساڵ لەمەوبەر، لە ڕۆژی ۱٦ی سەرماوەزی ۱۳٦٦ی هەتاوی، دوو تێرۆریستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناوەکانی سەمەد کاژەیی و حەسەن ڕەمەزانی بە هێنانی کتێبێکی بۆمبڕێژکراو بە ناویدان چەرموو، لە نووسینی (جاک لەندەن)، کە درا بەدەستی خەباتگێڕی ناسراو مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و فەرماندەری هێزی بەهێزی گیاڕەنگ و لە ئاکامی تەقینەوەی ئەو بۆمبەدا بە داخەوە مامۆستا هەردووک بینایی چاوەکانی و هەردوو دەستی لە دەست داو بەشێکی زۆر لە جەستەی پۆڵاینی زامی هەڵگرت.

كردەوەیەکی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی دەریخست کە ئەو ڕێژیمە هەتا چ ڕادەیەک دژ بە گەل و ویستەکانی نەتەوەی کوردە. ئەوەیکە دوژمن بۆچی کاک مەلا حەسەنی هەڵبژارد و ئەو پیلانە دژی ئەنجام دا بۆ ئەوە دەگەڕێطەوە کە مامۆستا کەسایەتیەکی خۆشەویست، ناسراو و فەرماندەیەکی نیزامی زۆر ناسراوی حیزبی دێموکرات بوو کە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان چالاکی بووەو بەتایبەت لە ناوچەی سەردەشت کۆماری ئیسلامی لە دەستی وەزاڵە هاتبوو.

کاک حەسەن مامۆستا و فەرماندەی سەرجەم فەرماندەکانی حیزب بوو، ئەو گەڵاڵە دارێژ و شارەزای زۆربەی شاخ و دۆڵەکانی کوردستانەکەی بوو و سەدان حەماسەی قارەمانانەی لە شەڕ دژی داگیرکەرانی کوردستاندا تۆمار کردبوو.

لەوەش زیاتر، مامۆستا لە باری سیاسیی کەسێکی زیرەک وبە ئەزموون و قارەمانی سیاچاڵەکانی ڕێژیمی پاشایەتی و هەروەها ئاگاداری پیوەندی زۆر تایبەتی حیزب و هێزە سیاسیەکانیتری کوردستان بوو.لە ناو ڕێبەری حیزبیش دا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ناو و ناوبانگی مامۆستا بۆ دۆست و دوژمن ناوێکی ناسراوو دیار بوو.

ڕاستە دوژمن توانی بەو جینایەتەی زامێکی قووڵ لە جەستەی حیزب و لە دەروونی مامۆستا شیوەسەڵی بکا، بەڵام مامۆستا بەچۆکدا نەهات، وەکوو کێوی ئیمان و بڕوا، وەک چیا سەرکەشەکانی کوردستان مایەوە. ئیستاش هۆش و زەکاوەت و توانای مامۆستا کەم وێنەیە و ئارشیوێکی دەوڵەمەندی لە مێشک و سینگی دا هەڵگرتوەو زۆر شتی نەوتراو و نەنووسرا و نەبیستراوی لای مامۆستا هەیە کە کاتی بلاوکردنەوەی نەهاتووە.ئێستاش مامۆستا وەکوو سیمایەکی زۆر ناسراو و دیار حیسابی لە سەر دەکرێ.

ئاخر ئەو هاورێ و یادگارو جێی متمانەی شەهیدی مەزن دوکتور قاسملوو بوو. بیروباوەری نەگۆڕ و چەسپاوی دێموکراتی لە مێشک و دڵ و دەمارەکانی لەشی دایە و بۆ هەمیشەش وەکوو سیمبول و هێمای بەرخۆدان چاوی لێ دەکرێ و ئەو جینایەتەی بەرامبەری کرا لە یاد ناکرێ.

مامۆستا مەلا حەسەن شێوەسەڵی لە کۆنگرەکانی ١٣، ١٤ و ١٥ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا وەک ڕێزگرتن لە خەبات و قارەمانییەتی دۆستی بە ئەمەگی دوکتور قاسملووی شەهید وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات هەڵبژێردراوە ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.

لە ساڵڕۆژی ئەو کارەساتە دڵتەزێنەدا وێڕای سەری ڕێز و حورمەت دانەواندن بۆ مامۆستای دلێر و قارەمانی گەلەکەمان، پەیمانی وەفاداری لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی کورد و کوردستان نوێ دەکەینەوە.